كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی كەركوك، هەڕەشەی كوژاندنەوەی كارەبا لە تەواوی پارێزگاكە دەكەن، بەهۆی گواستنەوەی بەشە گازی مانگانەیان لە حكومەتەوە بۆ كەرتی تایبەت.
وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریداوە بەشە گازی مۆلیدە لە وێستگە حكومییەكانەوە بگوازرێتەوە بۆ وێستگە و بەنزینخانەی ئەهلی، ئەوەش ناڕەزایی خاوەنی مۆلیدەكانی لێكەوتۆتەوە و ئەمڕۆ یەكشەممە 22ـی ئایاری 2022، گردبونەوەیان ئەنجامدا.
ناڕازییەكان لە بەردەم كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەیان كرد.
محەمەد خەلیل، سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەگەر بەرهەمە نەوتییەكان بەردەوامبن لە غەدرلێكردنی خاوەنی مۆلیدەكان ئەوا ئێمە پەنا بۆ كوژاندنەوەی مۆلیدەكان لە هەموو پارێزگاكە دەبەین".
ئەو هەڕەشە هاوكاتە لەگەڵ پێشبینی كەشوهەوا بۆ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و دروستبونەوەی شەپۆلی خۆڵبارینی توند لە رۆژانی داهاتوودا.
"حكومەت لە مانگێكدا داوای نزیكەی 400 كاتژمێر كارەبامان لێدەكات، لەكاتێكدا ئەوان تەنیا بەشی 60 تا 70 كاتژمێر بەشە گازمان پێدەدەن" خەلیل دەڵێت خاوەنی مۆلیدەكان ترسیان هەیە لە داهاتودا بەهۆی ئەو بڕیارەوە غەدریان لێبكرێت و "نرخی یەك بەرمیل گاز لەسەر ئێمە بگاتە زیاتر لە 250 هەزار دینار".
"ئەگەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی وەزارەت بەردەوامێت ئەوا دورنییە نرخی یەك ئەمپێری مۆلیدە بگاتە 25 هەزار دینار" بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی كەركوك.
ڤیدیۆ: ئایاری 2022/ گردبونەوەی ناڕەزایی خاوەنی مۆلیدەكانی كەركوك دژی بڕیارێكی وەزارەتی نەوتی عیراق
كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان خاوەنی مۆلیدەكانی ئاگاداركردۆتەوە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لە بەنزینخانە ئەهلییەكانەوە بەشە گازی مانگانە وەردەگرن.
سەلام دلێمی، چالاكوانی مەدەنی و ئامادەبوی گردبونەوەی خاوەنی مۆلیدەكان بە (كەركوك ناو)ـی وت بڕیارەكەی وەزارەتی نەوت و هۆشداری مۆلیدەكان لە زیانی هاوڵاتیاندایە، چونكە ئێستا لە شەو و رۆژێكدا نزیكەی هەشت كاتژمێر كارەبای نیشتمانیی نییە و بە مۆلیدە پڕدەكرێتەوە.
"ئێمە لەكاتی تاقیكردنەوەكانداین، دەبێت بارودۆخی خوێندكارەكانمان چۆن بێت و چییان بەسەر بێت؟" دلێمی داواشی لە وەزارەتی نەوت كرد بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە تا كاریگەری لەسەر زیادبونی نرخی كارەبا نەبێت.
حكومەت مانگانە بۆ هەر (كەی ڤی ئەی)ـەك 10 لیتر گاز بە 400 دینار بۆ هەر لیترێك، ئەوەش كەمترە لە نرخی بازاڕ كە نرخی هەر لیترێك زیاتر لە 700 دینارە.
سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "نرخی گاز دوای گواستنەوەی بۆ كەرتی تایبەتیش بەهەمان نرخی پێشوو بۆ مۆلیدەكان دەمێنێتەوە".
هەروەها وتی كۆبونەوە لەگەڵ ژمارەیەك خاوەن مۆلیدە و نوێنەرایەتی كۆمەڵەی مۆلیدەكان كراوە، تا داواكارییەكەیان بۆ ئۆفیسی گشتی كۆمپانیای بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكان بەرزبكرێتەوە، لەڕێی ئەوانیشەوە داوا لە وەزارەتی نەوت بكرێت تاوتوێی داواكارییەكە بكەن.
پارێزگای كەركوك، رۆژانە پێویستی بە زیاتر له هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات، بهڵام كهمتر له نیوهی ئهو بڕهی پێدهگات و بۆ پڕكردنهوهی ئهو بۆشاییهش پشت به 733 مۆلیدهی ئههلی دهبهستێت.