كەمتر لەسەدا 20ی خەڵكی پارێزگای كەركوك ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە، بەپێی توێژینەوەیەكیش كە لەسەر ئاستی پارێزگاكە كراوە، دەركەتووە لەسەدا 60ی ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە هۆكارەكەیان بۆ ترس لە دەرزیی و لێكەوتەكانی ڤاكسین گەڕاندۆتەوە.
ئەو زانیارییانە سەباح ناميق, بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك خستیەڕوو، ئەوەش لە بەرنامەیەكی رادیۆیدا لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی دەزگای (كەركوك ناو) جێبەجێدەكرێت.
سەباح نامیق وتی "رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لە كەركوك تائێستا نەگەیشتۆتە لەسەدا 20، ئەمە رێژەیەكی زۆر كەمە بەراورد بە وڵاتانی تر و لە ئاستی داخوازیی ئێمەدا نییە، چونكە لە هەندێك وڵات گەیشتۆتە لەسەدا 90".
جەختیشیكردەوە كە هۆشیاریی تەندروستی زۆر گرنگە بۆ هاوڵاتیان، دەنگۆكانیش كاریگەریی راستەوخۆیان هەیە، "بۆ نمونە لە سەرەتادا خەڵك هەر باوەڕی بە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا نەبوو".
سەباح لە بەرنامەكەدا كە لە رادیۆی رەشید لە كەركوك پەخشكرا، وتی "بەپێی ئەو توێژینەوانەی لە كەركوك لەگەڵ رێكخراوی یونسێف كردومانە، هۆكاری یەكەمی خەڵكی كەركوك لە وەرنەگرتنی ڤاكسین بەهۆی ترس بووە لە كاریگەرییەكانی ڤاكسین، هەندێكیشیان هەرچەندە باوەڕیان بە ڤاكسین هەیە، بەڵام وتویانە لە دەرزییەكە دەترسن، بۆیە وەریناگرین"، زیاتر وتی "لەسەدا 60ی ئەوانەی لە كەركوك ڤاكسین وەرناگرن لەبەر ئەو دوو هۆكارەیە".
هۆكاری یەكەمی خەڵكی كەركوك لە وەرنەگرتنی ڤاكسین بەهۆی ترس بووە لە كاریگەرییەكانی ڤاكسین، هەندێكیشیان هەرچەندە باوەڕیان بە ڤاكسین هەیە، بەڵام وتویانە لە دەرزییەكە دەترسن
لەگەڵئەوەشدا دڵنیایی دایە هاوڵاتیان لەوەی كە ڤاكسین هیچ لێكەوتەیەكی خراپی نییە بۆ مرۆڤ، وتی "ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێستا چالاكیی و كاریگەریی جارانی كەمترە، رەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت خەڵك پێشتر كۆرۆنایان توشبووە، یان ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەوەش وایكردووە جۆرێك لە بەرگری بە كۆمەڵ پەیداببێت".
وتیشی "دەبینین ئێستا ئەو هاوڵاتییانەی توشدەبن بە توندی نایگرن، بەگشتی لەگەڵ پەتاكانی تردا تێكەڵبووە، بۆ نمونە بەشێك لە ئەوانەی هەڵامەت و تا-یان هەیە، رەنگە بەشێكیان كۆرۆنابن، بەڵام خەڵك كەمتر پشكنین دەكات و دەرناكەوێت".
دەقی وتەكانی سەباح نامیق، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك.
لەبارەی رادەی متمانەی هاوڵاتیان بە ڤاكسین ئێستا بەراورد بە سەرەتا، دكتۆر سەباح نامیق وتی "كاتێك ساڵ و نیوێك لەمەوبەر ڤاكسینە چینییەكە (سینۆفارم) گەیشت، هەرچەندە ترس لە نەخۆشییەكە زۆر بوو، بەڵام پێشوازی زۆری نەبوو، كاتێك ڤاكسینی فایزەر هات وردە وردە پێشوازی هاوڵاتیان زیادیكرد".
لەگەڵئەوەشدا وتی "دواتر وردە وردە خەڵك لەگەڵ نەخۆشییەكە راهاتن و ترسیان شكا، ئەوەش وایكرد هەرچەندە مردن و توشبونیش زۆربوو، بەڵام بەدەمەوەهاتن بۆ ڤاكسین كەمبۆوە. ئەمەش جێی داخبوو، چونكە لەكاتێكدابوو ڤاكسینەكە چالاكی خۆی سەلماندبوو".
وتیشی "چالاكیی و كاریگەری ڤاكسین وایكرد ئەوانەی توشدەبون نەكەونە نەخۆشخانە، بەگشتی ڤایرۆسەكە كاریگەریی ئەوتۆی لەسەریان نەبوو".
چالاكیی و كاریگەری ڤاكسین وایكرد ئەوانەی توشدەبون نەكەونە نەخۆشخانە
لەبارەی ئەوەی چ جۆرە دەنگۆیەك كاریگەریی زۆری لەسەر هاوڵاتیان هەبووە، سەباح نامیق وتی "ئەو دەگۆیەی گوایە ڤاكسین كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. بەڵام دەمەوێت ئەوە راستبكەمەوە، ئەوە تەواو پێچەوانەیە، چونكە ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە زیاتر ئەگەری توشبونیان بە كۆرۆنا هەیە، بەڵام ڤاكسینەكە دەتوانێت زیاتر بیانپارێزێت. ڤاكسین هیچ زیانێكی نییە".
وتیشی "تائێستا ئەو هەزاران ڤاكسینەی لە كەركوك دراوە بە هاوڵاتیان، هیچ كاریگەرییەكی خراپمان لێ نەبینیوە".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی لە فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك، وتیشی "هەرچەندە ڤاكسین كاریگەرە بەرامبەر بە هەموو نەوەكانی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا ئەگەری دوبارە توشبونەوە هەیە".
لە كۆتایی وتەكانیدا، سەباح نامیق، ئامۆژگاریی هەبوو بۆ ئەوانەی هێشتا هیچ ژەمێكی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە و وتی "ڤاكسین وەربگرن، پارێزگاری لە خۆت و خێزانەكەت دەكات، پارێزگاری لە كەسە بەتەمەنەكانی ناو خێزانەكەت دەكات و زۆر زۆر چالاك و كاریگەرە".