كەسوكاری قوربانیانی ئێزیدی لەسەر ئەركی خۆیان تابوتیان بۆ روفاتەكانیان كڕی و ئەركی گواستنەوەیان لە بەغداوە بۆ شنگال گرتەئەستۆ، ئەوەش نیگەرانی كردون.
پزیشكی دادوەری بەغدا لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، رێكارهكانی پشكنین و ناسینهوهی روفاتی 16 ئێزیدی دیكەی تەواوكرد و بڕیاریدا رادەستی كەسوكارییان بكاتەوە، ئەوەش دوای هەشت ساڵ لە كوژرانیان بەدەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش).
یاسر عومەر، هاوڵاتییەكی ئێزیدی، مامێك و نەنكی لەنێو ئەو 16 روفاتەدا بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "وتیان خۆتان تابوت بكڕن، هەر تابوتێكمان بە 100 هەزار دینار كڕی، هەروەها لەسەر ئەركی خۆشمان روفاتەكانمان گواستەوە، لەكاتێكدا ئەو روفاتانەی پێشتر گەڕێنرابونەوە بۆ شنگال حكومەت ئەركی گواستنەوە و تابوتەكانیشی دابینكردبوو".
زیاتر وتی "ئێمە داوامان كرد كە لایەنی پەیوەندیدار لە عیراق لانیكەم ئەركی گواستنەوەیان بگرێتە ئەستۆ، لە بەغداوە بۆ شنگال، بەڵام ئەوەشیان نەكرد... ئێمە پێمانوایە ئەمە بێڕێزییە بە قوربانییەكان".
لە 6ی شوباتی 2021 روفاتی 104 ئێزیدی لە بەغداوە گەیەنرایەوە شنگال و لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبونی كهسوكاری قوربانیانی دهستی داعش، پیاوانی ئایینیی، لێپرسراوانی ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان بەخاكسپێردران و حكومەت ئەركی تەواوی مەراسیمەكە و گواستنەوەی روفاتەكانی گرتەئەستۆ.
دەروێش چوکی، بەڕێوەبەری رێکخراوی تولا - تایبەت بە رزگاربوانی دەستی داعش-، جەختیكردەوە لەو شێوازە مامەڵەیەی لەگەڵ 16 روفاتەكەدا كراوە و وتی "لە پزیشکی دادی بەغدا کەسوکاریان داوایانکرد روفاتەكانیان لانیكەم بۆ موسڵ بۆ بگوازنەوە، بەڵام ئەوەیان نەكرد و تا شنگال ئەركی گواستنەوەیان لەسەر خۆیان بوو، تەنانەت كڕینی تابوتەكانیش".
لە پزیشکی دادی بەغدا کەسوکاریان داوایانکرد روفاتەكانیان لانیكەم بۆ موسڵ بۆ بگوازنەوە، بەڵام ئەوەیان نەكرد و تا شنگال ئەركی گواستنەوەیان لەسەر خۆیان بوو
"ئەمە بێڕێزییە بەرامبەر بەو قوربانیانە و كەسوكاریان"، دەروێش وایوت.
وتیشی "پێشتر حكومەت تابوتی بۆ روفاتەكان دابیندەكرد و هەر خۆیشی بەشێوەیەكی رێك و پێك دەیگواستنەوە بۆ زێدی خۆیان".
(كەركوك ناو)، نەیتوانی بۆچونی دەزگای شەهیدانی عیراق لەسەر ئەو شێوازی مامەڵەیە لەگەڵ روفاتەكان وەربگرێت.
یهكهم گۆڕی به كۆمهڵی ئێزیدییهكان له قهزای شنگال، به بڕیاری حكومهتی عیراق له 15ی ئازاری 2019دا ههڵدرایەوە، تائێستاش سەروو 10 گۆڕی بەكۆمەڵ ههڵدراونهتهوه و زۆرینەیان روفاتەكان لە قۆناغی پشكنین و ناسینەوەدان.
بەپێی ئامارهكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدیان له وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، له سنوری قهزای شنگال، سەروو 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه مێژوهكانیان بۆ سهردهمی دهسهڵاتدارێتی داعش له دوای ئابی 2014 دهگهڕێتەوە.