ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە تێكدان و لەناوبردنی هەزاران حەوزی بەخێوكردنی ماسی دەكات كە زۆرینەیان دەكەونە قەزای داقوق، ئەوەش بە بڕیاری حكومەتی عیراق و بەهۆی كەمئاوییەوە.
بڕیاری لەناوبردنی حەوزەكانی ماسی؛ زیاتر لە ساڵێكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە دەركراوە بۆ چەندین پارێزگا لە نێویاندا كەركوك، بەڵام چەندجارێك وادەی جێبەجێكردنی دواخراوە و هەفتەی داهاتوو وەك دوامۆڵەت دیاریكراوە.
زوهێر عەلی حسێن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە هەفتەی داهاتووەوە لیژنەكان دەستبەكاردەبن بۆ لابردنی حەوزەكانی ماسی"، ئاماژەی بەوەشدا بە ئامانجی ئەوەی خاوەنی حەوزەكانی ماسی زیانیان بەرنەكەوێت، "داواكارین تا ئەو وادەیە بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكاندا ساغبكەنەوە و خۆیان حەوزەكانیان لەناوببەن".
ئەو لێپرسراوەی كشتوكاڵ جەختیكردەوە بڕیارەكە هەموو كەركوك دەگرێتەوە و هەر حەوزێكی ماسی، كە "بەزیادەڕۆیی" لەسەر زەوی كـشتوكاڵی بنیاتنراون و زۆرینەن، لەناودەبرێن.
ژمارەی حەوزە ماسییەكانی داقوق (44كم لە ناوەندی شاری كەركوك) بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكبۆتەوە لە 3000 هەزار حەوز و بژێوی ژیانی هەزاران خێزانیان لەسەرە، بەڵام بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی قەزاكە، تەنیا حەوت حەوزیان یاسایین.
زوهێر عەلی رونیكردەوە بڕیاری لابردنی حەوزەكانی ماسی لە چوارچێوەی ئەو رێكارانەدایە كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپا دەیگرنەبەر، "هۆكاری بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانیش لەبەر كەمئاوی و بێ بارانی"ـیەوەیە، جگە لە بەكارهێنانی وزەی كارەبا و ئاوی ژێرزەوی.
زۆرینەی حەوزەكانی ماسی لە كەركوك پشت بە بیر و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن و هەر ئەوەش بە هۆكارێك دادەنرێت بۆ ئەو تام و چێژەی ماسی داقوق هەیەتی؛ كە وایكردووە خواستی زۆری لەسەربێت و نرخی هەر كیلۆیەكی ئەمساڵ گەیشتە 11 هەزار دیناری عیراقی، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو كەمتربوو لە پێنج هەزار دینار.
لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە زیاد لە جارێك خاوەنی حەوزەكانی ماسی داوایان لە حكومەت كردووە هاوكارییان بكات و لە بڕیاری تێكدانی حەوزەكانیان پاشگەزببێتەوە.
شەلال ئەحمەد، خاوەنی كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ماسی پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت "داواكارین حكومەت بیر لە لەناوبردنی حەوزە ماسییەكانمان نەكاتەوە، چونكە سەرچاوەی داهات و بژێوی هەزاران خێزانیان لەسەرە".
لە سەرەتای ئەمساڵیشدا خاوەن كێڵگەكانی بەخێوكردنی ماسی، لە خۆپیشاندانێكدا دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكەی حكومەتی عیراق نیشاندا و ئەوكات ئیدارەی كەركوك بڕیارەكەی بەكاتی راگرت.
دواتر و لە مانگی ئەیلول بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك مۆڵەتی تەنیا مانگێكی بە خاوەنی حەوزەكانی ماسی دا، تا خۆیان حەوزەكان تێكبدەن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی دەبنەوە.
هەر دۆنمێك زەوی كە دەكرێت بە حەوزی ماسی، پێویستە 750 بۆ 1000 ماسی تێبكرێت، كە زۆرینەی ئەو ماسییە بچوكانە لە شاری حلە -مەڵبەندی پارێزگای بابل-ـەوە هاوردەی كەركوك دەكرێن تا بەخێو بكرێن.