ئامادەیی كفری، كۆتایی هێنا بە كۆنفرانسی ژینگەیی بۆ ساڵی سێیەم، تیادا جگە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و هاندانی خەڵك و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ژینگە، لەو سێ ساڵەدا 800 دار لە خوێندنگە و چەند شوێنێكی قەزاكە چێنرا.
هەینی 18ی تشرینی دووەم، كۆنفرانسەكە دوای سێ رۆژ كۆتایی بەكارەكانی هێنا، كە لە چەندین چالاكی جۆراوجۆر پێكهاتبوو لە نێویاندا پایسكیلسواری، رێنماییە ژینگەییەكانی و مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، لەگەڵ هەڵمەتی زیادكردنی رێژەیی سەوزایی.
ئەو كۆنفرانسە سێ ساڵە لەمكاتەدا بەڕێوەدەچێت لەژێر دروشمی هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەى مەترسیەکانى سەر ژینگە.
حەیدەر ئەحمەد، سەرپەرشتیار و چاودێرى کۆنفرانسى ژینگەیی ئامادەیی کفرى بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئامانجمان ئەوەیە بتوانین مەترسییەکانى سەر ژینگە کەمبکەینەوە و هۆشیارى ژینگەیی و رێنمایی لەناو خوێندکاران و خەڵک بڵاوبکەینەوە".
ئامانجمان ئەوەیە بتوانین مەترسییەکانى سەر ژینگە کەمبکەینەوە و هۆشیارى ژینگەیی و رێنمایی لەناو خوێندکاران و خەڵک بڵاوبکەینەوە
"جیاوازی كۆنفرانسی ئەمساڵمان ئەوەبوو توانیمان پردێك دروستبكەین و زانكۆ و پەیمانگەكانی سنوری گەرمیانیش بەشداریی پێبكەین".
هەر بۆیە ئەمساڵ كۆنفرانسەكە بە هاوبەشى لەگەڵ کۆلێژی تەکنیکى کەلار بەڕێوەچوو. هەرچەندە بڕیاربوو دوو رۆژ بەردەوامبێت، بەڵام بەهۆی زۆری چالاكییەكان لە نێویاندا چاندنی دار، رۆژێكی تر زیادكرا.
هەینی 18ی تشرینی دووەم كە كۆتا رۆژی كۆنفرانس بوو، 500 دار لە جۆری ئەلبیزا و سەباحلبەحر لەناو خوێندنگە و چەند شوێنێكی تر چێنرا. ئەوەش زۆرترین رێژەیە بە بەروارد بە كۆنفرانسەكانی پێشوو.
ساڵی رابردو 100 دار چێنرا، بەڵام لە ساڵی 2020 زیاتر لە 200 دار بوو.
سەرپەرشتیارانی كۆنفرانسەكە هەر خۆیان چاودێری گەشەكردن و پاراستنی دارەكان دەكەن، كە پێكهاتون لە 10 تیم لە مامۆستا، خوێندكاران و بەشێك لە ژینگەپارێزان.
لێپرسراوانی قەزاكە، لەوانە قایمقام و بەڕێوەبەری پەروەردە بەشدارییان پێكرا وەك هاندانێكی حكومەت بۆ گرنگیدان بە ژینگە.
ئەنوەر عەبدولعەزیز، چالاكوانی ژینگەیی لە كفری، دەڵێت ئەوەی ئەو خوێندنگەیە كردویەتی "بێوێنەیە"، زیاتر وتی "گرنگە پەرە بەم جۆرە كۆنفرانس و چالاكییانە بدرێت لەپێناو زیادكردنی رێژەی سەوزایی، لەبەرئەوەى ژینگەی هەرێم بەتایبەت ناوچەی گەرمیان گەرم و وشکە و خەریكە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كاریگەری لەسەر ناوچەكە دروستدەكات".
ژینگەی هەرێم بەتایبەت ناوچەی گەرمیان گەرم و وشکە و خەریكە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كاریگەری لەسەر ناوچەكە دروستدەكات
قەزای كفری یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی.
بەپێی شارەزایانی ژینگەیی رێژەی سەوزایی لە ناوچەكە لەم چەند ساڵەی دواییدا روی لە كەمیكردووە، كە هاوكاتە لەگەڵ كەمبونەوەی رێژەی بارانبارین لە عیراق.
ئەنوەر عەبدولعەزیز، وتی "کفری پێویستى بە کەمکردنەوەى مەترسییەکانى گۆڕانی كەشوهەواوە هەیە، هیوادارین كۆنفرانسی هاوشێوە بەردەوامبێت لە پێناو پاراستنی ژینگە".
حەیدەر ئەحمەد وتی "بڕیارمان ئەوەیە چیتر كۆنفرانسی ژینگەیی لەناو هۆڵەكاندا قەتیس نەبێت، بەڵكو بەكردار ئەوە بسەلمێنین"، حەیدەر كاتێك ئەو قسەیەی كرد سەرقاڵی چاندنی دار بوو وەك چالاكییەكی كۆنفرانسەكە.