ڤاکسینی بەسەرچوو لە بەرامبەر پەتایەکی تەمەندرێژدا
هەرێمی کوردستان: زیاتر لە 500 هەزار ڤاکسین کۆڤید-١٩ تەلەف و بەسەرچووە

وێنەیەكی دەستكاریكراو بە فۆتۆشۆپ، كە چۆنیەتی پاراستنی ڤاكسین، ئامارەكان و وێنەی ڤاكسین نیشاندەدات. وێنەكان لەلایەن كەركوك ناوەوە یەكخراون.

کۆچەر عەزیز

لەگەڵ گەیشتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی چەندین هەڵمەتیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ئەنجامدا، بەڵام لە کۆی چوار ملیۆن و 336 هەزار و 500 کەس تا ئێستا دوو ملیۆن و 680 هەزار و 530  کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

بەپێی بەدواداچونەکان بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە تا سەرەتای تشرینی یەکەمی 2022دا زیاتر لە 500  هەزار دۆز ڤاکسینی بەسەرچوو و تەلەف لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بەرپرسانی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش تائێستا هیچ ئامارێکی ڤاکیسنە بەسەرچووەکانیان بڵاونەکردووەتەوە. ئامادەش نین قسەی لەسەر بکەن تەنها دەڵێن "بەشێوەیەکی تەندروست لەناوبراون".

بۆ ئەم راپۆرتە لەڕێی یەكە تەندروستییەكانەوە ئاماری بەسەرچوو و تەلەف وەرگیراون.

چرا تۆفیق، کارمەندێکی تەندروستییە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ گوێدانە مەترسی لەسەر ژیانی راستەوخۆ پەیوەندی بە یەکێک لە نەخۆشخانەکانەوە دەکات بۆ چارسەری تووشبووانی کۆرۆنا، چرا دەڵێت:"هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوەدابوم کە ڤاکسین بگاتە هەرێمی کوردستان و بڕۆم وەریبگرم، کاتێک ڤاکسینیشم کرد سەیری کاتی بەسەرچونم نەکرد".

بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چوار ملیۆن و 336 هەزار و 500 کەس کە تەمەنیان لە 12  ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن ڤاکسین وەربگرن، بەڵام تا رۆژی 25-11-2021، یەک ملیۆن و 522 هەزار و 57 دۆز ڤاکسین بەکارهاتووە بە جۆرێک  908 هەزار و 157 کەس دۆزی یەكەمیان وەرگرتووە، هەروەها 613 هەزار و 900  کەس دۆزی دووەمیان وەرگرتووە.

شەوی 1-3-2021 ڤاکسینی سینۆفارم، رۆژی 26-3-2021، ڤاکسینی ئەسترازینکا و رۆژی 11-4-2021، ڤاکسینی فایزەر گەیشتنە هەرێمی کوردستان.

omed xoshnaw

گۆران عوسمان بایز، یەکەم کارمەندی تەندروستی له‌ به‌شی چاودێریی چڕ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی رۆژئاوای هەولێر لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسیندا.

چرا تۆفیق، رۆژی 16-6-2021، یەکەم ژەم ڤاکسینی فایزەری وەرگرتووە و دەڵێت، نە سەیری ڤاکسینەکەم کردووە تا بزانم بەسەرچووە یاخود نا، نە پرسیاری بەسەرچوونیشم کردووە، چونکە ئەوەی بۆ من گرنگ بوو ڤاکسینەکە وەربگرم و پەتاکە نەگرم و نەیگوزازمەوە بۆ خێزانەكەم.

هەموو کارتێکی ڤاکسین کە دروستدەکرێت بۆ هاووڵاتییان ناوی کۆمپانیا، ژمارەی وەجبەی ڤاکسینەکە لە هەردوو دۆزدا لەگەڵ رەقەمی ڤاکسینەکەی لەسەرە و هاووڵاتییان دەتوانن لە هەرکاتێکدا بێت ئەو سریاڵ نەمبەرە بنووسن و بزانن ئەو ڤاکسینەی بەکاریانهێناوە بەسەرچووە یاخود نا.

راوێژیش هاوشێوەی چرا پەرستارە و دوو دۆز ڤاکسینی فایزەری وەرگرتووە و پرسیاری بەسەرچوونی ڤاکسینەکەی نەکردوە.

هەر سێ جۆرەکەی ڤاکسینی کۆرۆنا ماوەی نێوان دۆزی یەکەم و دووەمیان 21 بۆ 22 رۆژە، ئەگەر کەسێک زەرور بێت بۆ کارتەکەی دەتوانرێت دوو رۆژ بۆی پێشبخرێت لەوە زیاتر ناتوانرێت، چونکە ئەگەر ماوەی نێوانیان کەمتر بێت زیانی دەبێ بۆ کەسەکە.

پێچەوانەی راوێژ و چرا، هێرش هاشم، ڤاکسینی ئەسترازینکای وەرگرتووە و دەڵێت "من سەیری بەرواری ڤاکسینەکەم کرد تا بزانم بەسەرنەچووە دواتر بڕیارم دا وەریبگرم".

mujameda
(DEEP FREEZ) موجەمیدەی ناوماڵیشی پێدەوترێت پلەکەی (-2 بۆ -8) ژێر سەدییە، وێنەکە لە لایەن کۆچەر عەزیز گیراوە لە بنکەیەکی وەرگرتنی ڤاکسین لە راپەڕین.

شێوازی هەڵگرتنی ڤاکسینی سینۆفارم و ئەسترازینکا لە پلەی (-2 بۆ -8) وەک زۆربەی ڤاکسینەکانی دیکەیە،هەر ڤیاڵێکی ئەسترازینکا بۆ 10  کەسە، بەڵام سینۆفارم یەک، دوو، پێنج  دۆزیشی هەیە.

بەڵام ڤاکسینی ڤایزەر شێوازی هەڵگرتنی جیاوازە و ماوەی بەسەر چوونیشی کەمترە تەنها بۆ شەش مانگە کە لە کارۆنەکەی خۆی دەرهێندرا دەخرێتە ناو بەفرگری (ALTRA DEEP FREEZ) کە پلەی گەرمییەکەی لە نێوان (- 70 بۆ - 80) پلەی سەدییە و بەفرێکی وشکی تێدایە، كاتێك دەخرێت ناو ئەو بەفرگرە، پێویستە بۆ ماوەی 24 كاتژمێر نەكرێتەوە، رۆژانەش دەتوانرێت بەپێی پێویست یەك بۆ دووجار ئەو بەفرگرە بکرێتەوە، چونکە ئەگەر زیاتر بێت دەرەجەکەی دادەبەزێت بۆ خوار-70 کە کاریگەری خراپ لەسەر ڤاکسینەکە دروستدەکات.

لەدوای دەرهێنانی لەو بەفرگرە بۆ بەکارهێنان دەبێت بخرێتە موجەمیدەی ماڵان کە پلەی گەرمییەکەی لە نێوان (-2 بۆ -8) پلەیە کە بۆ ماوەی یەک مانگ دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

دوای دەرهێنانی لە موجەمیدەی ماڵان دەتوانرێت تەنها شەش کاتژمێر بەکاربهێندرێت لەو ماوەیەشدا دەبێت بخرێتە ناو (ICE PACK)، کە لەشێوەی دەبەیەکە وسەهۆڵی تێدایە، چونكە ڤاکسین بە گەرما هەستیارە و تێك دەچێت.

بەرپرسانی تەندروستی دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە شێوازی هەڵگرتنی ڤاکسین لە کوردستاندا سەلامەت و تەندروستە و دەڵێن "هیچ ڤاکسینێکی خراپ بوو و بەسەرچوو بۆ هاووڵاتییان بەکارنەهاتووە".

د.خالس قادر، راوێژکاری تەندروستی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "رەنگە لە چەند شوێنێك كێشەی بچوك ھەبووبێت، بەڵام لەبەرئەوەی ڤاکسین لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە دێت، شێوازی ھەڵگرتن و گواستنەوەی لە كۆگاكانەوە بەپێی رێكاری پزیشكی بووە، ئەوەندەی ئێمەش چاودێریمان كردووە لە کوردستانیش تیمێکی باش و شارەزا کاری تێدا دەکەن لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین باشترین پڕۆگرامی خۆپاراستنی تەندروستی لە كوردستان ڤاكسینە".

vaccin-4

 ( ice pack)، شێوەی لە دەبەیەک دەچێت و سەهۆڵی تێدایە بۆ هەڵگرتنی ڤاکسین بەکاردێت و بۆ ماوەی شەش کاتژمێر بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی ڤاکسینەکە خراپ نەبێت. فۆتۆ: كۆچەر عەزیز

جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان نایشارێتەوە رەنگە لە چەند شوێنێک کێشەی بچوك هەبووبێت "بەڵام بەشێوەیەکی گشتی شێوازی هەڵگرتنی ڤاکسین لە کۆگاکاندا و پێدانی بە هاوڵاتییان بە ڕێکاری تەندروستی بووە".

خانزاد محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرە گوتی "پرۆسەی هەڵگرتن و بەکارهێنانی ڤاکسین بەشێوەیەکی تەندروست بووە هیچ کێشەیەکی تێدا نەبووە و بەشێوەی ستانداردی جیھانی هەڵگیراون."

هەروەها رێبوار ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ هاتنی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتیان دروستکردووە کە خۆی سەرۆکی لیژنەکە بووە دەڵێت: "بەردەوام دەرچوونمان هەبووە بۆ زۆربەی نەخۆشخانەکان و بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پرۆسەکە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەچووە یاخود نا".

بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بە نوسراوی فەرمی داوام لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئاماری تەواوی هەرسێ جۆرەکەی ڤاکسینی نێردراو بۆ هەرێمی کوردستان و و ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە لەگەڵ ژمارەی ڤاکسینی بەسەرچووم و بدەنێ، دوای زیاتر لە 20  رۆژ لە چاوەڕوانی بە بیانووی جیاجیا ئامادە نەبوون ئامارەکانمان بدەنێ.

هەروەها پەیوەندیم کرد بە دکتۆر سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە کرد بەڵام وەڵامی نەدامەوە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا ئەگەر چی بە نووسراوی فەرمیش داوایان کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامیان وەرنەگرتووە.

هەرچەندە لەسەرەتای هاتنی ڤاکسین بۆ هەرێمی کوردستان بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستیش ئاماژەیان بەوەکرد کە پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین و پێدانی بە هاوڵاتییان جیهانییە و راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ناوەندیی و رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بەڵام د. چیمەن ئاکرەیی، نوێنەری (who) رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە وەزارەتی تەندروستی گوتی "ئەو پرسیارانە بە رواڵەت ئاڕاستەی حکومەت وەزارەتی تەندروستی کراوە و بڕیارە وەڵامیان بدەنەوە".

tandrusty-5

سلێمانی/ تشرنی دووەمی 2022/ بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی. فۆتۆ: کۆچەر عەزیز

د. دەشنێ شەماڵ، بەڕێوەبەری كوتانی سلێمانی، باس لە تەلەف بوون و بەسەرچوونی ڤاکسینەکان دەکات و  دەڵێت، ڤاکسینەکان تەنها لە کاتی تەواوبوونی بەروارەکەیان خراپ نابن بەڵکو هەندێکجار لەکاتی گرتنەوەدا یاخود لەکاتی گواستنەوەدا بەر تیشکی خۆر یاخود روناکییەک بکەون یاخود شکانێک روبدات ئەمانە هەموو بە تەلەف ئەژماردەکرێن.

هەرچەندە ئامارێکی تەواو لەبەردەست نەبوو، بەڵام بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەستکەوتوون رێژەی وەرگرتن و بەسەرچوونی ڤاکسین لە بەشێک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

سلێمانی:

لە پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەو ئامارانەی كە دەستمان كەتووە 837 هەزار و 438 کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە کە زۆرترین رێژەی فایزەر بووە بەجۆرێک 405 هەزار و 810  ژەمی یەکەم، 315 هەزار و 691 کەس ژەمی دووەم و 14 هەزار و 306 کەس ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە.

هەرچەندە ئاماری دروست نەبوو کە پارێزگاری سلێمانی چەند ژەم ڤاکسینی بۆ هاتووە، بەڵام لەم بەدواداچوونەدا ئەوەمان بۆ روونبووەوە کە پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی و پارێزگای هەڵەبجە، بڕی 950 هەزار دۆز ڤاکسینی فایزەری بۆ هاتووە لەو رێژەیەش 58 هەزار و 500 دۆزی بەروارەکەی بەسەرچووە، بەڵام سینۆفارم هیچ دۆزێکی نییە بەسەرچووبێت تا ساڵی داهاتوو دەتوانرێت بەکاربهێندرێت، هەروەها هەزار دۆزیش ڤاکسینی ئەسترازینیکا بەسەرچووە و 12 هەزار و 500 دۆزی دیکە تەلەف بووە چونكە لە پلەی گەرمی (-2 بۆ -8) هەڵنەگیراوە و خراپبووە. بەوەش كۆی گشتی ڤاكسینی بەسەرچوو و تەلەف لە پارێزگای سلێمانی دەکاتە 83  هەزار دۆز.

ئیدارەی گەرمیان:

بەکۆی گشتی لە هەر سێ جۆری ڤاکسینەكە 90 هەزار ژەم چووەتە سنوری ئیدارەی گەرمیان، 83 هەزار دۆز بەکارهاتووە، یەک هەزار دۆز ماوە بۆ بەکارهێنان و شەش هەزار دۆز بەسەرچووە.

ئیدارەی راپەڕین:

159 هەزار و 372 دۆز لە لایەن سلێمانی و بەغداوە نێردراوە بۆ ئیدارەی راپەڕین، هەروەها 9 هەزار و 900 دۆز ئەسترازنیکا و شەش هەزار و 300 دۆز سینۆفارمیان پێگەیشتووە، بڕی هەزار و 332 دۆز ڤاکسین  بەسەرچووە و بە جیهازی تایبەت لەنێوبراون.

پارێزگای هەڵەبجە:

لە رۆژی 14-3-2021، ڤاکسین گەیشتووەتە پارێزگاکە و 43 بۆ 44 هەزار کەس دوو دۆزیان ڤاکسینیان وەرگرتووە، 351 كەس دۆزی سێیەمی ڤاكسینیان وەرگرتوە و 86 دۆز ماوە بەکارنەهاتووە، هەروەها ئەوانەی دیکەکە بەرواری بەکارهێنانیان تەواوبووە و نێردراونەتەوە بۆ سلێمانی.

پارێزگای هەولێر

 بە پێی بەدواداچونەکان، پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 62 هەزار و 738 دۆز ڤاکسینی وەرگرتووە کە 927 هەزار و 810 دۆز ڤاکسینی جۆری فایزەر بووە. لەو رێژەیەش 744 هەزار و 124 دۆز ڤاکسینی فایزەر بەکارهاتووە. 68 هەزار و 234 دۆز سینۆفارم بەکارهاتووە 66 هەزار و 694 دۆزی ئەسترازینیکا بەکارهاتووە.

ئەگەر ئاماری کۆی گشتی ڤاکسین کە ملیۆنێک و 62 هەزار و 738 دۆزە لە کۆی گشتی ئەوانە دەربکەین کە ڤاکسینیان وەرگرتووە کە 879هەزار و 224 دۆزە بۆمان دەردەکەوێت لە پارێزگای هەولێر 183هەزار و 514 دۆز ڤاکسین تەلەف و بەسەرچووە بە هەرسێ جۆرەکەیەوە.

دهۆک و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری:-

لە پارێزگای دهۆک ملیۆنێک و 216 هەزار و 260 دۆز ڤاکسینیان وەرگرتووە لەبەغداوە، لەو رێژەیەش  کە زۆرترین رێژە فایزەر بووە بە جۆرێک لەو رێژەیە  903 هەزار و 240 دۆز فایزەر، 123 هەزار ئەسترازینیکا، 190 هەزار و 20 دۆز سینۆفارم بووە.

هەروەها 25 هەزار و 541 ژەم ڤاکسین لە جۆری ئەسترازینیکا خراپبوون، هەروەها 100 هەزار و 866 ژەم ڤاکسینی ڤایزەر خراپبوون و هەزار و 147 ژەم ڤاکسینی سینۆفارم خراپ بوون، ئەم خراب بوون و بەهەدەردانە ئەوانەن کە لە کاتی بەکار‌هێنان یاخود لە بەفرگری پلەی گەرمی (2- بۆ (8- بەهەدەرچوون.

هەروەها 124 هەزار و 838 ڤاکسین ماوەتەوە  کە  26 هەزار و 490  ڤیاڵی ڤاکسینی فایزەر بەرواری بەکارهێنانیان بەسەرچووە و بەکارنەهاتوون، هەروەها 98 هەزار و 348 ڤاکسینی سینۆفارم ماوەتەوە بەڵام دەتوانرێت بەکاربهێندرێت، چونکە بەرواری بەسەرچوونەکەی تا ساڵی 2023-یە

ئەگەر سەرجەم ئامارەکان کۆبکەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە 526 هەزار و 238 هەزار ژەم ڤاکسین لە کوردستان ماوەی بەکار‌هێنانیان بەسەرچووە و تەلەف بوون، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ئامارێکیان لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.

هەرچەندە پێشتر حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، چوار ملیۆن و 336 هەزار و 500 کەس کە تەمەنیان سەر و 12 ساڵە دەتوانن ڤاکسین وەربگرن، بەڵام بەگوێرەی ئەو ئامارانە تا ئێستا دوو ملیۆن و680 هەزار و 530  کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە واتا دەبێت یەک ملیۆن 655هەزار کەسی دیکە ڤاکسین وەربگرن دەگاتە ئەو رێژەیە.

کاریگەرییە خراپەکانی ڤاکسینی بەسەرچوو

د. ھەرێم محەمەد، پزیشكی دەرمانساز و ئەندامی زنجیرەی ساردی ھۆبەی كوتانی خۆپاراستنی سلێمانی باس لەوەدەکات "ڤاکسینەکان نابێت بە ھیچ شێوەیەك لە شوێنێكی گەرم ھەڵبگیرێن و ئەگەر ڤاکسینێک بەسەرچووبێت و بەکاربهێندرێت ئیشی خۆی ناكات كەواتە پارێزگاری لە كەسەكە ناكات بە توشبوون بە كۆرۆنا، بەڵام وەك ئەوەی زیانێكی لاوەكی ھەبێت تاوەكو ئێستا ھیچ دۆكیومێنت و بەڵگەیەک نییە  کە کاریگەرییە خراپەکانی بسەلمێنێت".

ئەگەر ڤاکسینێک بەسەرچووبێت و بەکاربهێندرێت ئیشی خۆی ناكات كەواتە پارێزگاری لە كەسەكە ناكات بە توشبوون بە كۆرۆنا، بەڵام وەك ئەوەی زیانێكی لاوەكی ھەبێت تاوەكو ئێستا ھیچ دۆكیومێنت و بەڵگەیەک نییە  کە کاریگەرییە خراپەکانی بسەلمێنێت

لە ناوبردنی ڤاکسینەکان بە چ رێگەیەک دەبێت؟

عەبدولرەحمان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئنفێکشن کۆنتڕۆڵ لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین، دەڵێت: "سووتاندن و لەناوبردنی ڤاکسینە بەسەرچووەکان لە رێگەی ئامێرێکی تایبەتییەوە دەبێت کە پێی دەوترێت( (Microwave shrederلە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە رێگەپێدراوە هەزار و 200 فڕە دەخولێتەوە و پلەی گەرمییەکەی 120 پلەیە و و نیو کاتژمێری پێدەچێت بۆ ورکردنی پاشماوەکان، ئەگەر 100 کیلۆ بێت رەنگە 15 کیلۆی لێ بمێنێتەوە و هیچ زیانێکی تەندروستی نییە و دەبێتە پاشەڕۆی ئاسایی".

بۆ رێگریکردن لە بەسەرچونی ڤاکسینەکان پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرەکان بەمشێوەیە دەخەنەڕوو:

د دینا دڵشاد، بەرپرسی كوتانی ھەولێر گوتی، دەبوو هەڵمەتی هۆشیاری زیاتر بکرایە بۆ هاندانی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی و لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە پروپاگەندەکانی هەڵەی وەرگرتنی ڤاکسین و کاریگەرییە خراپەکانی بەشێوەیەکی تەندروست بۆ هاوڵاتییان رونبکرایەوە.

دەبوو هەڵمەتی هۆشیاری زیاتر بکرایە بۆ هاندانی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی و لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە پروپاگەندەکانی هەڵەی وەرگرتنی ڤاکسین و کاریگەرییە خراپەکانی بەشێوەیەکی تەندروست بۆ هاوڵاتییان رونبکرایەوە

د. فەرهاد ئیسماعیل، پسپۆڕی پزیشکی کۆمەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، هەڵمەتی هۆشیاریی و رونکردنەوەی شێواز و سەلامەتی بەکارهێنان و هەڵگرتنی بۆ خەڵکی بە پێویست دەزانێت تاوەکو رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین زیاتربوایە.

خانزاد محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت "دەبوو حکومەت پلان بۆ هاوڵاتییان هەبوایە وەک هاندانێک، هەروەها لە رێگەی هەڵمەت و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ هاوڵاتییان رونبکرایەوە کە  وەرگرتنی ڤاکسین کاریگەری خراپی نییە".

بەڵام رێبوار ئەحمەد کە سەرۆکی لیژنەی تەندرستییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بە کەمتەرخەمی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ھیچ توێژینەوەکی زانستیان ئەنجامنەداوە لەسەر ئەو پڕوپاگەندانەی کە بە خراپی لەسەر ڤاکسین بڵاودەکرانەوە و پێچەوانەکەی بسەلمێنرێت کە ڤاکسینەکە لە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە دوورمان دەخاتەوە".

رێبوار ئەحمەد ئاماژە بەوەشدەکات لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تا ئێستا "ھیچ كەناڵێك نییە و نەبووە خەڵك متمانەی پێبكات و بەشێوەیەکی زانستی روونبکرێتە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن هۆکارێک بوون بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و سارکردنەوەی خەڵک لە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ بەرزکردنەوەی ئەکتیڤی خۆیان".

د. دێرین ئەحمەد بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی سەروەری باس لە وەرگرتنی ڤاكسین دەكات و دەڵێت "لە مەڵبەندەکەی ئێمە هاووڵاتییان ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن تەواوی زانیارییەکان لە لایەن کەسی تایبەتمەندەوە بۆ رووندەکرێتەوە، لەگەڵئەوەشدا ئێمە تیمەكانمان دەنێرین بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویستیان پێبێت، یاخود لە رێگەی پەیوەندیکردن بە تەلەفون یان تیمەکانمان ئەو شوێنانەی نزیکن لە بنکەکان سەردانیان دەکەین و هەر هاووڵاتییەک کاتی وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاکسینەکەی هەبێت وەریدەگرێت".

ترەی: بۆ ڤاکسینی فایزەر بەکاردێت هەر ترەیەک 195 ڤیاڵە و هەر ڤیاڵێکیش شەش دۆزە، بۆیە ئەگەر یەک ترەی ئەژمار بکەین تا بزانین چەند دۆزە دەبێت 195 * 6= 1170  دۆزە کەواتە هەر ترەیەک 1170 دۆزە.

 ئەم بەدواداچونە لەلایەن رۆژنامەنوس كۆچەر عەزیز بەرهەمهێنراوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) جێبەجێدەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT