لە 2023ـدا ڤاکسینەکە بەردەستە
عیراق دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی منداڵان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکوتێت

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عیراق لە مانگی ئەیلولی رابردوەوە بڕیاری کڕینی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنای بۆ تەمەن 5 بۆ 12 ساڵان دەركردووە. فۆتۆ: كەركوك ناو

فەرمان سادق

عیراق و هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ پێدانی ڤاکسین بە منداڵانی تەمەن ٥ بۆ 12 ساڵان، پێکهاتەی ڤاکسینەکە جیاوازترە لەو ڤاكسینەی كە لە ئێستادا دەدرێت بە هاوڵاتیان. لێپرسراوانی تەندروستی هەولێر و بەغدا کۆکن لەسەر ئەوەی پێدانی ڤاکسینەکە ناچاریی نییە و بە ڕەزامەندی دایک و باوک دەبێت.

لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عیراق بڕیاری کڕینی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنای بۆ تەمەن 5 بۆ 12 ساڵان ڕاگەیاند، بۆ ئەمەش داوای تەواوکردنی ڕێکارەکان، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانای فایزەر بیۆنیکی ئەمەریکی ئەڵمانی کردووە تا بەشە ڤاکسینی بۆ دابین بكات.

گرێبەستەکە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکان بێت کە رۆژانە وەزارەتی تەندروستی عیراق و هەرێمی کوردستان بڵاوی دەکەنەوە، ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بە سێ مانگی رابردوو دووبارە روی لە هەڵکشان کردووەتەوە.

سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ کۆتایی ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە لە وڵاتی چین، دواتر بەهەموو دنیادا بڵاوبووەوە، تا ئێستاش بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندرستی جیهانی بێت 643 ملیۆن و 251 هەزارو 271 کەس لە دنیا ڤایرۆسی کۆرۆنایان گرتووە، لەم ژمارەیە 622 ملیۆن و 474 هەزارو دە کەس چاک بوونەتەوە، هاوکات شەش ملیۆن و 626 هەزارو 664 کەسیش بەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

پەیوەست بە عیراق و هەرێمی کوردستانیش، تاکو ناوەڕاستی تشرینی دووەمی 2022، دوو ملیۆن و 462 هەزارو 272 کەس ڤایرۆسەکەیان گرتووە، بەهۆیەوە ٢٥ هەزار و 361 کەس گیانیان لەدەستداوەو ئەوانەی تریش چاک بونەتەوە.

ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ڕەزامەندیان نیشانداوە بۆ کوتینی منداڵانی تەمەن خوار 18 ساڵی، بە دیاریکراوی نەزانراوە، چونکە جۆری کوتانەکە بەپێی تەمەن جیاوازە، بەڵام ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو لەسەر ئاستی دنیا بڕیاری کوتانی بۆ منداڵان راگەیاند، پاشان بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا بڕیارەکەی پەسندکرد و زۆرینەی وڵاتانی ناو یەکێتییەکەش ئێستا بڕیارەکەیان جێبەجێکردووە، هاوکات چین، هیندستان، چیلی و هەندێک وڵاتی عەرەبی ڕەزامەندیان نیشاندا، عیراقیش چووە ڕیزی ئەو وڵاتانە کە رەزامەندی نیشانداوە بۆ کوتانی منداڵان.

کەی ڤاکسینەکە دەگات و ڕێکارەکان چین؟

دکتۆر کەمال عەبدولرەزاق، جێگری سەرۆکی لیژنەی کوتان لە وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵیت، سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، منداڵان ڤایرۆسەکەیان نەدەگرت، بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و دەیانگواستەوە بۆ کەسێکی تر، لە کۆتایی 2021 و سەرەتای ئەمساڵ دەرکەوت کە منداڵان خۆشیان تووشی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنی گۆڕاو دەبن، بەڵام هیچ ئامارێكی ورد لەوبارەیەوە نییە، ئەمە وایکرد وەزارەتی تەندروستی بیر لە هێنانی ڤاکسینەکە بکاتەوە بۆ کوتانی منداڵان.

ڕێکارەکانی هێنانی ڤاکسینەکە بە قسەی بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی عیراق بێت، پێویستە وەڵامی 12 بەڵگەنامەی زانستی ئامادە بداتەوە.

vaccinnn
هەولێر/ 28ی ئاداری 2022/ هاوڵاتییەك لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسیندا لە یەكێك لە ناوەندە تەندروستییەكاندا. فۆتۆ: كەركوك ناو

"بەڵگەنامەکان لە ناوەڕاستی ئەمساڵ گەیشتە وەزارەتی تەندروستی عیراق، دەستەی گواستنەوەی دەرمان لە عیراق ڕەزامەندی لەسەردا کە باڵاترین دەستەیە لەوەی بڕیاری هێنانە ناوەوەی هەر دەرمان و ڤاکسینێک بدات، دوای ئەو لیژنەی ڕاوێژکاری بۆ پێشخستن رەزامەندیدا، پاشانیش لیژنەی نەخۆشییەکانی هەناسەدان و لیژنەکانی تری ناو وەزارەت ڕەزامەندیان نیشاندا لەوەی دەست بکرێت بە کڕینی ڤاکسینەکە بۆ کوتانی منداڵانی تەمەن سەروو پێنج ساڵی تا 12 ساڵی بە ڤاکسینی فایزەر". دکتۆر کەمال عەبدولڕەزاق وا دەڵێت، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە دوو جۆری ڤاکسینی کوتانی منداڵان لە جیهاندا بەردەستە، ئەوانیش فایزەر و مۆدێرنەیە، عیراق لەو وڵاتانەیە کە پشت بە ڤاکسینی مۆدێرنە نابەستێت.

"هەر دوای دەرچوونی بڕیارەکە، راستەوخۆ کار کرا بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی کڕینی ڤاکسینەکە لە کۆڤاکس، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرپەرشتی دەکرێت و یونسێف و سی بی ئای ئەی دەستەی دەرمانی ئەوروپی و دەستەی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکی تێیدا ئەندامن، ئەمەش بۆ سەلامەتی و متمانەی ئەو ڤاکسینەیە کە هەر وڵاتێک دەیکڕێت، بەگوێرەی دوا زانیاری، لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ یان مانگی کانونی دووەمی 2023 ڤاکسینەکە دەگاتە عیراق".

عیراق و هەرێم چۆن خۆیان ئامادە کردووە؟

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی ڤاکسینەکە، بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵێ، تەواوی ئامادەکاریی کراوە، هیچ گرفتێک لە گواستەوەدا نییە، چونکە عیراق پێشتر ئەزموونی هەبووە لە گواستنەوەی ڤاکسینەکان.

"ساردکەرەوەی شیاو بۆ گواستنەوەکە ئامادەیە، بۆیە ئەوە ئاسانترین قۆناغە کە بە ساردکەرەوەی سەرووی ٦٠ پلە لەژێر سفر دەگوازرێتەوە، بەڵام کە گەیشتە عیراق و لە دابەشکردنی لەنێوان شارەکان تا دەگاتە بنکەکانی تەندروستی، دەتوانرێت لە ساردکەرەوەی ئاسایی دەبنرێت وەک هەر ڤاکسینێکی تر"، کەمال عەبدولڕزاق.

زیاتر وتی "ئەوەی کە رەنگە ببێتە گرفت ئەو لۆدەیە لەسەر کۆمپانیای دروستکەری ڤاکسینەکە کە خواستێکی زۆر لەلایەن وڵاتانێکی زۆر هەیە بۆ دەستخستنی".

دکتۆر دینا دڵشاد، بەڕێوەبەری کوتان و پاراستنی تەندروستی هەولێر وتی كە تەواوی ئامادەکارییەکان کراوە. چاوەڕێین ڤاکسینەکە بگاتە عیراق.

زیاتر وتی "لە پارێزگای هەولێر 134 بنکەی تەندروستی هەیە کە یەکەی کوتانیان هەیە و بە نسراوی فەرمی هەمویان ئاگادار دەکرێنەوە، لەسەر بنەمای ئەو بڕەی بەر هەولێر دەکەوێت ئەو ڤاکسینەکە دابەشدەکەین".

دکتۆر دینا، ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەگەر بڕەکە وەک پێویست نەبوو ئەوا لەسەر بنەمای جوگرافیای بنکە تەندروستییەکان ڤاکسینەکە دابەشدەکرێت، بەڵام ئەوانەشی کە ڤاکسینەکەیان پێ ناگات ئاگادار دەکرێنەوە کە کامە بنکەی تەندروستی نزیکترینە لێی تا ئەوانەی سەردانیان دەکەن، رەوانەی ئەوێی بكەن.

ئەگەر بڕەکە وەک پێویست نەبوو ئەوا لەسەر بنەمای جوگرافیای بنکە تەندروستییەکان ڤاکسینەکە دابەشدەکرێت

دکتۆر کاردۆ عەبدوڵلا، پزیشکی دەرمانساز و لێپرسراوی گەنجینەی کوتان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ لێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ منداڵانی تەمەن سەروو پێنج ساڵان تا 12 ساڵان، وتی "هەموو ئامادەکارییەک کراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە پێدانی هەندێک زانیاریی سەرەتاییە بە ستافی بنکەکانی تەندرستی کە یەکەی کوتانی منداڵانیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر منداڵێک دوای وەرگرتنی ڤاکسیەکە باری تەندروستی تێک بچێت پێویستە چی بۆ بکرێت".

زیاتر وتی "لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین 136 یەکەی کوتان لەناو بنکەکانی تەندروستی هەیە، بەڵام پیدانی ڤاکسینەکە و دابەشکردنەکە دەگەڕێتەوە سەر ئەو بڕەی بەر پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەکەوێت، ئەگەر بڕەکە بە تەواوەتی بەردەست بێت ئەوا بەسەر هەموو یەکەکانی کوتان دابەشدەکرێت، ئەگەریش بەمجۆرە نەبوو ئەوا لەسەر بنەمای جوگرافی ناوچەکان، ڤاکسینەکە بەسەر بنکە تەندروستییەکان دابەشدەکرێت".

پێکهاتەی ڤاکسینەکە لەوەی گەوران جیاوازە

دکتۆر کەمال عەبدولرەزاق دەڵێ، پێکهاتەی ڤاکسینەکە بۆ منداڵان جیاوازە لەوەی گەوران، ئەمەش هۆکار بوو لە رابردوودا ڤاکسینی گەوران بە منداڵان نەدرا.

زیاتر وتی "پێکهاتەکەی جیاوازە و دوو جۆریشی هەیە، بەشێك لە ڤاكسینەكان بۆ شەش منداڵ بەکاردێت و بەشێكی تریان بۆ 10 منداڵ، عیراق لە جۆری یەکەمی کڕیوە، کە ڤاکسینەکە گەیشت لە ماوەی رۆژێک کارمەندانی تەندرستی راهێنانیان لەسەر پێ دەکرێت، چونکە ئەوانیش پێشتر ڕاهێنانیان لەسەر ڤاکسینەکانی تر کردووەو ئەوەی منداڵانیش هێندە جیاواز نییە".

vacinnaka
كەركوك/ 27ی تەمموزی 2021/ بنكەیەكی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی كەركوك

 دکتۆر دینا ڕەشاد جیاوازییەکە ڕووندەکاتەوەو دەڵێت لە ڕووی زانستییەوە پێکهاتەکەیان وەک یەکە، بەڵام بڕی ئەو ئاوەی تێکەڵ بە ڤاکسینەکە دەکرێت لە گەوران جیاوازترە لەوەی منداڵان، هەروەها گەورە (0.3cc) ڤاکسینەکە وەردەگرێت بەڵام منداڵان (0.2cc) ڤاکسینەکە وەردەگرێت، ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای جەستەیی منداڵان و گەوران.

ئەو پەتایەی هەیە ئۆمیکڕۆنی گۆڕاوە؟

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانمان لەسەر ئاستی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری منداڵان دووچاری پەتایەکی وەرزی قورس بوونەتەوە کە هەندێک لە نیشانەکانی لە ئۆمیکڕۆنی گۆڕاوی زنجیرەی سێیەم دەچێت.

دکتۆر کاردۆ عەبدوڵلا دەڵێت، ئەو دۆخەی لە سلێمانی هەیە تێیدا هەبووە لەناو گەوران پۆزەتیڤ بووە، واتە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، وتی "لە منداڵان ئەو پەتایە زۆر بەهێزە، بەڵام نەمدیوە لەناو منداڵان حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبوو بێت، لەگەڵ ئەمەشدا ئەوە دەبێت لیژنەیەکی زانستی بەدواداچوونی بۆ بکات".

بەڵام دکتۆر کەمال عەبدولرەزاق نایشارێتەوە کە ئەو پەتایەی ئێستا عیراقی گرتووەتەوە بەپێی نیشانەکانی بێت ئاماژەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوە کە بە ئۆمیکرۆن ناسراوە (2019-nCoV) و زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام ماوەیەکی کەم لە جەستەی تووشبوو دەمێنێتەوە و نیشانەکانیشی مەترسیدارنین کە مەترسی مردنی لێبکرێت.

لە نیشانە دیارەکانی ئۆمیکرۆنی گۆڕاو ئەوەیە کەسی تووشبوو دووچاری ئازار لە گەدە دەبێتەوە، سکچوو دەگرێت، دەڕشێتەوە، ئازاری پشت و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە

"لە نیشانە دیارەکانی ئۆمیکرۆنی گۆڕاو ئەوەیە کەسی تووشبوو دووچاری ئازار لە گەدە دەبێتەوە، سکچوو دەگرێت، دەڕشێتەوە، ئازاری پشت و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە یان تووشبونی بە تا". دکتۆر کەمال وا دەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو کە لە منداڵاندا، ئەو ڤایرۆسە سێ بۆ پێنج ڕۆژ دەمێنێتەوە، لە هەندێک حالەتیشدا تا ١٥ رۆژ دەمێنێتەوە کە تووشبوو دووچاری وشکبوون دەبێتەوە. 

کوتانی منداڵان ناچارییە؟

بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕوونیكردەوە کە کوتانەکە ناچاری نییە، ئەمەش وایکردووە لە قۆناغی یەکەمدا عیراق تا 300 هەزار ژەمە ڤاکسین بکڕێت، دەڵێت "ڤاکسینەکە لە ماوەی شەش مانگ بەسەر دەچێت، بۆیە دەمانەوێت بزانین بەدەمەوە هاتن چۆنە، چونکە منداڵان وەک گەوران نین کە خۆیان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێت، پێویست دەکات دایک و باوکی منداڵەکە ڕازی ببن ئینجا ڤاکسین دەدرێت بەو منداڵە.

دکتۆر کەمال عەبدولرەزاق داوای لە دایکان و باوکان كرد، بەدەم کوتانی منداڵەکانیانەوە بچن، ئەوەش بە ڕێکارێکی زانستی دادەنێت بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لەو پەتایە، وتی "ئەگەر خواست زۆر بێت، ئەوا بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کڕینی ڤاکسینەکە ئاسان دەبێت".

ژمارەی دانیشتوانی عیراق بەپێی خەمڵاندنەكانی دەزگای ناوەندی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانای عیراق بۆ ساڵی 2021 دەگاتە 41 ملیۆن و 190 هەزار و 658 كەس، لەم ژمارەیەشدا  پێنج ملیۆن و 621 هەزار و 236 كەسیان تەمەنیان لەنێوان پێنج بۆ نۆ ساڵیدایە.

هەروەها پێنج ملیۆن و سێ هەزار و 508 كەس تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 14 ساڵیدایە. بەڵام لەم ژمارەیە تەنیا ئەوانە ڤاکسینەکە وەردەگرن کە تەمەنیان 10 تا 12 ساڵیدایە.

دکتۆر دینا دڵشاد دەڵێت کوتانەکە ناچاریی نییە، ئەمەش پێویست دەکات دایک یان باوکی منداڵەکە ئامادە بێت لەوکاتەی ڤاکسینەکە دەدرێت بە منداڵەکە، بەڵام "گرنگە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، هاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی ڤاکسینەکە و هاندانی دایک و باوکی منداڵان کە ڤاکسینەکە لە منداڵەکانیان بدەن".

باوانی رەزامەندن ڤاکسینەکە لە منداڵەکانیان بدەن؟

دکتۆر زیرەک حەمەد ئەمین، پزیشکی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی لە هەولێر دەڵێت پێشتریش کچەکەی بردووە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، بەڵام پێی وتراوە ئەو ڤاکسینە بۆ منداڵان بەردەست نییە.

دکتۆر زیرەک کە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی کرد و وتی "خۆم سێ ژەم ڤاکسینم وەرگرتووە، هاوژینەکەشم دوو ژەمی وەرگرتووە، هەرکاتێک ڤاکسین بۆ منداڵانیش بەردەست بێت ئەوا کچە تاقانە هەشت ساڵەکەم دەکوتم، باوەڕی تەواویشم بە ڤاکسین هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی منداڵەکەم لەو پەتایە".

خۆم سێ ژەم ڤاکسینم وەرگرتووە، هاوژینەکەشم دوو ژەمی وەرگرتووە، هەرکاتێک ڤاکسین بۆ منداڵانیش بەردەست بێت ئەوا کچە تاقانە هەشت ساڵەکەم دەکوتم

ئەو قسەیەی دکتۆر زیرەک لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆیەک لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەوە کە ڤاکسین بۆ منداڵانیش بەردەستە.

دکتۆر کاردۆ عەبدوڵلا، لەسەر ئەمە دەڵێت کە ئەو دەنگۆیە بڵاوبووەوە دایک و باوکێکی زۆر سەردانی ناوەندەکانی ڤاکسینیان کردبوو بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە بۆ منداڵەکانیان، وتی "تەنانەت لەهەندێک ناوەند دەنگە دەنگیش لە نێوان دایک و باوکی منداڵان لەگەڵ ستاف دروست ببوو بەوەی پێیانوترابوو ڤاکسینەکە بەردەست نییە".

هاوکات دکتۆر دینا رەشاد دەڵێت لە هەولێریش خواستێکی زۆر لەسەر ڤاكسین بۆ منداڵان هەیە، وتی "لەو کاتەی بۆ گەوران هەبوو چەندان دایک و باوک تەلەفۆنیان بۆ کردووم تا ڤاکسین بۆ منداڵەکانیان وەرگرن".

لەگەڵ ئەوەی خواست هەیە، بەڵام کەسانێک هەن ئامادەنین ڤاکسین لە منداڵەکانیان بدەن، ئەوانەش پاساوی خۆیان هەیە.

هێمن ئەرسەلان، باوکی سێ منداڵە کە یەکێکیان تەمەنی 11 ساڵە، دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بە جاران زۆر لاواز بووە، ئێستا لە کەناڵەکانی راگەیاندن هەر باس ناکرێت، بۆیە زۆر بە پێویستی نازانم کوڕەکەم بکوتم.

زیاتر وتیشی "جارێ نازانم چۆن دەبێت، کە کاتی خۆی هات رەنگە منیش بۆچوونم بگۆڕدرێت".

پلانەکە دەچێتە ناوەندەکانی خوێندن؟

لەبارەی پلانی وەزارەتی تەندروستی بۆ دابەشکردن و لێدانی ڤاکسینەکە لە منداڵان، دکتۆر کەمال عەبدولڕەزاق ڕوونیکردەوە کە سەرەتا لە ناوەندەکانی کوتان لە بنکە تەندروستییەکان دەبێت، ئەو بڕەشی کە دەگاتە عیراق لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دابەشدەکرێت، زیاتر وتی "ئەگەر خواست زۆر بێت ئەوا لە قۆناغەکانی داهاتوو بیر لەوە دەکەینەوە ڕاستەوخۆ تیمەکان بچنە ناوەندەکانی خوێندن و منداڵان لەوێ بکوتن، یانیش دەسەڵات بدرێتە ناوەند تەندروستییەکانی شارەکان ئەو ڕێکارە بگرنەبەر کە گونجاوە".

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن چەند حاڵەتێکی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکران کە دواتر تیمەکانی تەندروستی سەردانی قوتابخانەکانی کردو، سامپڵی لە قوتابی و مامۆستایەکان وەرگرت.

دکتۆر دینا رەشاد دەڵێت "ئەگەر ژەمی ڤاکسینەکە زیادیکرد و هی ئەوە بوو سەردانی قوتابخانەکان بکەین، ئەوا بۆ ئەمە پێویستە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆ بکرێت، پێشتریش لە هەرێمی کوردستان ئەو هەماهەنگییە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە هەبووە".

ئەگەر ژەمی ڤاکسینەکە زیادیکرد و هی ئەوە بوو سەردانی قوتابخانەکان بکەین، ئەوا بۆ ئەمە پێویستە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆ بکرێت

زیاتر وتی "دەکرێت لە قوتابخانەکانەوە وەرەقەی رەزامەندی پێدانی ڤاکسینەکە بە منداڵەکان بدرێت تا لە ماڵەوە دایک و باوکی منداڵەکە رەزامەندی نیشان بدەن، ئینجا تیمەکانی تەندروستی، یان هەمان بنکە سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن کە دەکەونە سنوورەکەیان و منداڵان بکوتن".

لای خۆیەوە دکتۆر کاردۆ عەبدوڵلا دەڵێت تا ئێستا هیچ قسەیەک لەسەر ئەوە نەکراوە بچینە ناوەندەکانی خوێندن، ئەگەریش بڕیاری وا بدرێت ئەوا پێویست دەکات لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف پاڵپشتی وەها هەڵمەتێک بکەن و خەرجی تیمەکان لە ئەستۆبگرن.

ئامادەكاریی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بۆ كوتانی منداڵی تەمەن  پێنج ساڵان لەكاتێكدایە، هێشتا وەرگرتنی ڤاكسین لە عیراق لەئاستی خواستی حكومەتی عیراقدا نییە و بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی كە 20ی تشرینی دووەمی 2022 بڵاویكردۆتەوە، 11 ملیۆن و 301 هەزار و 294 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، كە دەكاتە رێژەی لەسەدا 27، بەڵام وەزارەت رونینەكردۆتەوە ئایا ئەو كەسانە یەك ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، یان دوو ژەم.

هاوكات بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، حەوت ملیۆن و 914 هەزار و 345 تا 11ی تشرینی دووەم، ژەمی تەواویان وەرگرتووە. كە دەكاتە زیاتر لەسەدا 19ی كۆی ژمارەی دانشیتووانی عیراق بۆ ساڵی 2021.

 

 ئەم بەدواداچونە لەلایەن رۆژنامەنوس فەرمان سادق بەرهەمهێنراوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) جێبەجێدەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT