وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-19 لە ناو ئاوارەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا خەریکە لە سفر نزیکدەبێتەوە، بەهۆی نەبوونی ڤاکسین لە زۆربەی کەمپەکان و هەروەها کاریگەری دەنگۆ و زانیاریی چەوت لەسەر هاوڵاتیان.
کوچەر ئەحمەد متۆ (31 ساڵ)، ژنێکی ئاوارەی خەڵکی کۆمەڵگای دووگرێ-ـیە سەر بە قەزای شنگال، زیاتر لە هەشت ساڵە لە کۆمەڵگەی شاریا دەژیت، سەڕەرای ئەوەی دوجار تووشی کۆرۆنا بووە بەڵام هێشتا ڤاکسینی وەرنەگرتووە.
"نیسانی 2020 و کانونی یەکەمی 2021 تووشی کۆرۆنا بووم، جاری یەکەم دۆخی تەندروستیم زۆر تێکچوو بەڵام جاری دووەم تەنیا چەند رۆژێکی خایاند، لەگەڵئەوەشدا ئەگەر فشارم لەسەر نەکرێت بەهیچ شێوەیەک ڤاکسین وەرناگرم چونکە باوەڕم بە ڤاکسین نییە" متۆ وای وت، پێشیوایە ئەوانەی خۆیان كوتاوە "دوای ماوەیەک توشی کۆرۆنا بوون و بەشێکیان گیانیانلەدەستداوە".
ساردبونەوەی ئاوارەكان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید-19 لەكاتێكدایە هێشتا توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە؛ لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە تا 24ـی تشرینی دوەمی هەمان ساڵ 85 هەزار و 892 كەس توشی ئەو پەتایە بون و لەو ژمارەیە 358 كەسیان گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش بەپێی ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هانی هاوڵاتیان دەدەن ڤاكسین وەربگرن وەكو یەكێك لە رێگە سەرەكیی و چالاكەكانی خۆپارێزی.
كوچەر ئەحمەد متۆ نایشارێتەوە كە كەوتۆتە ژێر كاریگەری ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی ڤاكسین هەیە؛ "بە دڵنیایەوە زانیاریی چەوت و پڕوپاگەندە یەکێک بووە لەو هۆکارانەی وایكردووە ڤاکسینم وەرنەگرتووە"، كوچەر دەشڵێت "ئێستا كە باسی كۆرۆنا نەماوە چۆن ڤاكسین وەربگرم، ئێستا هیچ كەسێك ڤاكسین وەرناگرێت" بەڵام ئەو هاوسەرەكەی ڤاكسینی وەرگرتووە وەك ئەو باسیكرد، چونكە بەهۆی شوێنی كاركردنیەوە ناچار بووە.
لە كەمپی شاریا 12 هەزار و 947 ئاوارە هەن؛ جگە لە 12 هەزار و 990 ئاوارەی دیكەی دەرەوەی كەمپ و بەپێێ بەپێی ئامارەكانی بنكەی تەندروستی شاریا تەنیا 11 هەزار و 30 كەس لەو كۆمەڵگەكە ڤاكسینی كۆڤید-19ـیان وەرگرتووە.
بە دڵنیایەوە زانیاریی چەوت و پڕوپاگەندە یەکێک بووە لەو هۆکارانەی وایكردووە ڤاکسینم وەرنەگرتووە
شیمال جەمیل حەسۆ، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بنکەی تەندروستی شاریا وتی "لە ئێستادا رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەناو ئاوارەکاندا نزیکەی سەدا 2 بۆ 3ـیە، بەشی زۆری ئەوانەی وەریاننەگرتووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی زانیاری چەوت و پڕوپاگەندەوەیە لەسەر ڤاکسین".
بەوتەی شیمال، لە كۆمەڵگەی شاریا هاوڵاتیان پێیانوایە كۆرۆنا كۆتایی هاتووە بۆیە ڤاكسین وەرناگرن، "لەکاتێکدا رۆژانە لە هەرێمی کوردستان لانیكەم نزیکەی 50 كەس توشی كۆرۆنا دەبن، راستە رێژەی توشبون كەمبۆتەوە بەڵام كۆرۆنا هەر ماوە".
تەنیا لە شوباتی ئەمساڵدا، ئەوانەی لە شاریا دوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە و زۆرینەیان ئاوارە بون، گەیشتە هەزار و 625 كەس، بەڵام لە مانگی تشرینی یەكەمدا تەنیا 46 كەس دوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، لە مانگی شوباتدا سەردانی رۆژانە بۆ ڤاكسین لانیكەم 50 كەس بووە و لە تشرینی یەكەم رۆژانە یەك تا دوو كەس بووە، بەپێی ئاماری رەسمی بنكەی تەندروستی كۆمەڵگەكە بۆ (كەركوك ناو).
شیمال جەمیل حەسۆ وتی "کۆی گشتی وەرگرانی ڤاکسین لەکۆمەڵگا و کەمپی شاریا 11 هەزار و 29 كەس تەنیا ژەمی یەكەمیان وەرگرتووە، ژەمی دووەم گەیشتۆتە هەشت هەزار و 548 كەس و ژەمی سێیەم تەنیا 59 كەس".
لە هەرێمی كوردستان تائێستا زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن و بەشێكیان لە 26 كەمپدا نیشتەجێن، بەپێی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم.
حەمدی ئەحمەد (17 ساڵ)، خوێندکاری قوناغی پێنجی دواناوەندییە و زیاتر لە هەشت ساڵە لەکەمپی مام رەشان دەژیت، هەموو ئەندامانی خێزانەکەی ڤاکسین-ـیان وەرگرتووە تەنیا خۆی نەبێت، هۆکاری سەرەکی ساردبوونەوە و وەرنەگرتنی ڤاکسین تائێستا بەوتەی حەمدی، بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست و پروپاگەندەیە کە ئەوی دوودڵ کردوە.
"دەیان دەنگۆ و زانیاریی ناڕاست لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین بڵاوبووەتەوە، یەکێک دەڵێت ئەگەر وەربگری دوای چەند ساڵێک دەمریت یان تووشی نەخۆشییەکی گەورە دەبیت یان نەزۆک دەبیت، لەسەر ئەو ماددەیەشی ڤاکسینی پێی دروستکراوە سەدان پڕۆپاگەندە بڵاوبووەتەوە".
ئەو گەنجە لە ئەنجامی بیستنی دەنگۆ و زانیاری چەوت، بڕیاریداوە ڤاكسین وەرنەگرێت، هەرچەندە ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی لە دایک، باوک، خوشک و براكانی ڤاكسینیان وەرگرتووە، "زۆرجار داوایان لە من کردووە و لە خۆێندنگەش بەهەمانشێوە ئەو داواكارییە هەبووە، بەڵام بەهەموویان وتووە باوەڕم بە ڤاکسین نییە و وەریناگرم" حەمدی ئەحمەد وای وت.
لەكاتێكدا حەمدی ئەحمەد دووجار توشی ڤایرۆسی كۆڤید-19 بووە و پێیوایە "لەوانەیە وەرگرتنی ڤاکسین باش بێت، چونکە بەشێکی زۆر لەوانەی وەریانگرتووە تائێستا هیچ کێشەیەکی تەندروستییان بۆ دروستنەبووە"، بەڵام باسی لە هۆكارێكی دیكەی ساردبونەوەی هاوڵاتیانی ئاوارە كرد و وەك نمونەی كەمپی مام رەشان-ـی هێنایەوە، كە لەوێ ڤاکسین بەردەست نییە و خەڵك روو لە كۆمەڵگەیەكی دیكە دەكەن.
كەمپی مام رەشان حەوت هەزار و 617 ئاوارەی تێدایە، بەپێی دوایین ئاماری رەسمی بۆ (كەركوك ناو).
نزیكەی دوو مانگە ڤاکسین لەکەمپەکەماندا نەماوە و خەڵك دەبێت بچێتە سێمێل یان دهۆک
پیرعەلو کەچەل، بەرێوەبەری کەمپی خانکێ وتی "لە ئاداری ئەمساڵ بەهاوکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڤاکسین بۆ ئاوارەکان یناو کەمپی خانکێ دابینکرا، ماوەی زیاتر لە سێ مانگ ئاوارەکان ڤاکسینیان وەردەگرت، پشتگیری رێکخراوەکە تەنیا بۆ چەند مانگێگ بوو، نزیکەی دوو مانگە ڤاکسین لەکەمپەکەمان نەماوە و هەرکەسێک بیەوێت ڤاکسین وەربگرێت دەبێت بچێتە سێمێل یان دهۆک".
كەمپی خانكێ 14 هەزار و 282 ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە.
"سەدا 20 بۆ 25ـی ئاوارەکانی ناو کەمپی خانکێ ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، سەدا 75 بۆ 80 خۆیان كوتاوە، ئەگەر ڤاکسین تائێستا لە کەمپ بەردەست بوایە لەوانەیە رێژەکە بگەیشتایە بە سەروو سەدا 90، بەڵام نەبونی ڤاکسین لەکەمپ و هاتنە خوارەوەی رێژەی توشبوون بەکۆرۆنا، دوو هۆکاری سەرەکین کە تائێستا هەموو ئاوارەکان ڤاكسینیان وەرنەگرتووە" پیرعەلو کەچەل وادەڵێت.
لە کەمپی کەبەرتوو 1 و کەبەرتوو 2؛ كە بە هەردوكیان 23 هەزار و 663 ئاوارەیان تێدا دەژین، لە مانگی تشرینی دووەمی 2021ـەوە تائێستا پێنج هەزار و 400 کەس لە بنکەی تەندروستی کەمپەکە ڤاکسینیان وەرگرتووە.
نەواف ناصو، فەرمانبەرە لەبەشی ڤاکسین لە بنکەی تەندروستی کەمپەكانی کەبەرتوو ١ و ٢، ئاماژەی بە ئاماری دیكە كرد و وتی "لەشوباتی ئەمساڵ 830 کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، لە مانگی ئادار 679 کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەگەر بەراوردیش بکەین لەگەڵ دوو مانگی رابردوودا ڕێژەکە یەکجار کەمە، چونكە لە مانگی ئەیلول 56 کەس و لە تشرینی یەکەم تەنیا 35 کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە".
ناصو دەڵێت دەیانجار داوایان لە ئاوارەکانی کەمپ کردوە ڤاکسین وەربگرن، بەڵام ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە پێیانوایە کۆرۆنا نەماوە یان باوەریان بە ڤاکسین نییە، "هۆکارێکی دیكە ئەوەیە ئێستا لە زۆری فەرمانگەکانی حکومی بۆ بەرێوەبردنی مامەڵەکان داوای کارتی ڤاکسین ناکەن، کە ئەمەش زۆر کاریگەری هەبووە لەسەر ساردبونەوەی ئاوارەکان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین".
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا بڕیاریدا وەكو مەرج هەر هاوڵاتییەك سەردانی فەرمانگە و شوێنە گشتییەكان دەكات پێویستە كارتی وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینی نەرێنی كۆرۆنای پێبێت.
فەرمانبەرەكەی بنكەی تەندروستی كەبەرتوو دەڵێت لە 13ـی ئەم مانگەوە هەر ئاوارەیەك بیەوێت ڤاكسین وەربگرێت، دەچێتە ناوەندی دهۆك یان قەزای سێمێل، "چونكە لە زۆرینەی كەمپەكاندا بنكەی پێدانی ڤاكسین نەماوە بەهۆی كۆتاییهاتنی گرێبەستی كاركردنی ئەو رێكخراوانەی پشتگیری دارایی بنكە تەندروستییەكانیان دەكرد" بەوتەی نەواف ناصو.
پشتگیری دارایی بنکەی پێدانی ڤاکسین لە کەمپی کەبەرتوو لەلایەن رێکخراوی یونسێف-ـەوە بووە و تا ناوەڕاستی تشرینی دوەمی 2022 بەردەوام بووە و بەهۆی كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەوە بنكەی پێدانی ڤاكسین لەو كەمپە دادەخرێت.
داوامان لە تەندروستی دهۆک و رێکخراوەکان کردوە کە پێویستە ڤاکسین لەناو کەمپەكاندا هەبن
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ (باكوری خۆرئاوای دهۆك) حەوت کەمپ هەن؛ ژمارەی ئاوارەکانی ئەو ئیدارەیە 11 هەزار و 626 خێزانن و لەو ژمارەیە سەدا 35 تا سەدا 40ـیان ڤاکسینیان وەرگرتووە بەڵام دوو مانگە هیچ بنکەیەکی وەرگرتنی ڤاکسین لەو حەوت کەمپەدا نەماون.
ئەمیر عەلی، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی ئیدارەی زاخۆ دەڵێت "نزیکەی دوو مانگە لە هیچ کەمپێکی سنوورەكەماندا بنکەی ڤاکسین نەماوە، هەر ئاوارەیەک بیەوێت ڤاکسین وەربگرێت دەبێت سەردانی ناوەندی زاخۆ بکات".
هێشتا سەدا 60 بۆ سەدا 65ـی ئاوارەكانی زاخۆ ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و هۆکاری نەمانی بنكەكانی پێدانی ڤاكسینیش "بەشێکی پەیوەندیدارە بە ئاوارەکانەوە كە بەمدواییە ڤاکسینیان وەرنەدەگرت و بەشێکی دیكەشی پەیوەندی بە پشتگیری دارایی ئەو بنکانەوە هەیە" ئەمیر عەلی وای وت.
لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ رونیكردەوە ئێستا یەک بنکەی پێدانی ڤاكسینی كۆڤید-19 هەیە لە ناوەندی زاخۆ بۆ ئاوارەکان و خەڵکی خۆجێی ناوچەکە، "لەبەرنامەماندا نییە جارێکیتر بنکەی ڤاکسین لە کەمپەکاندا بکەینەوە چونکە ئەمە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و کارمەند هەیە".
بەپێی ئاماری ساڵی 2018ـی نیشتەجێبوانی سنووری پارێزگای دهۆک یەک ملیون و 292 هەزار و 535 كەسن، لەم ژمارەیە سەدا 40ـیان ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ئەفراسیاب مووسا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک وتی "لەرۆژی یەکەمی وەرگرتنی ڤاکسینەوە تائێستا جیاوازی لەنێوان ئاوارە و خەڵکی خۆجێیی پارێزگاكە نەکراوە، ئەوەشمان جیانەکردوە کە چەند ئاوارە ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام بەگشتی لەسنووری پارێزگای دهۆک هەموو رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەسەدا 40ـــە".
هەروەها باسی لەوەكرد وەرگرتنی ڤاکسین لەناو کەمپەکاندا بەتەواوی دانەخراوە "لەوانەیە لە چەند کەمپێکدا نەبێت بەڵام ئاوارەکان دەتوانن سەردانی نزیکترین شوێن بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی كۆڤید-19".
ژمارەكانی ئاوارەكانی ناو كەمپ لە پارێزگای دهۆك دەگاتە زیاتر لە 26 هەزار خێزان و زیاتر لە 38 هەزار خێزانی ئاوارەش لە دەرەوەی كەمپ جێگیربون كە كۆی گشتی بریتین لە سەروو 65 هەزار خێزان.
دیان جەعفەر، بەرێوبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆك –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- وتی "ئەو سیستەمەی پێشتر لە کاتژمێر 2ـی دوانیوەرۆ تا 6ــی ئێوارە لە بنکە تەندروستییەکانی کەمپ هەبوو ئێستا نەماوە، لە هیچ کەمپێکی دهۆك بنكەی وەرگرتنی ڤاکسین نەماوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پشتگیریی دارایی کە پێشتر رێکخراوە بیانییەكان دابینیاندەكرد".
ئەویش هاوشێوەی لێپرسراوانی تەندروستی دهۆك جەختی لەوەكردەوە هەر ئاوارەیەك خواستی وەرگرتنی ڤاكسینی هەبێت پێویستە سەردانی ناوەندی شارەكان بكات.
"داوامان لە تەندروستی دهۆک و رێکخراوەکان کردوە کە پێویستە ڤاکسین لەناو کەمپەكاندا هەبن، چونكە بارودۆخی ئاوارەکان جیاوازە لەگەڵ خەڵکی دیكە و رەنگە لەتوانایاندا نەبێت بچنە ناوەندی شارەكان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین" بەوتەی دیان جەعفەر، كە دەڵێت داتای وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن ئاوارەكانەوە بەردەست نییە، چونكە لایەنی تەندروستی ئاوارە و خەڵکی خۆجێییان لە یەكتری جیا نەکردۆتەوە.
زانیاری و داتاكان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە وەرگرتنی ڤاکسین لە ناو ئاوارەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا بە بارودۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت، ئەوەش لە دوو ڕوانگەوە؛ یەکەمیان لەبەر نەبوونی ڤاکسین لە زۆربەی کەمپەکان و نەبوونی پلانێک بۆ کردنەوەی بنکەکانی پێدانی ڤاکسین لە کامپەکانەدا، دووەمیان، کاریگەری دەنگۆ و زانیاریی چەوتە دەربارەی ڤاکسینی کۆڤید-19 لەسەر ئاوارەکان، کە ترس و دڵەڕاوکێی خستوەتە ناو دانیشتوانی کامپەکان و لە ویستی وەرگرتنی ڤاکسینی كۆڤید-19 ساردبونەتەوە.
ئەم بەدواداچونە لەلایەن رۆژنامەنوس عەمار عەزیز بەرهەمهێنراوە؛ لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) جێبەجێدەكرێت.