سەلام عومەر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دامەزراوەی ئەوروپی لەپێناو دیموكراسیدا وەڵامدەداتەوە

(كەركوك ناو) چۆن لەناوچەكانی جێناكۆك روماڵ دەكات؟

نه‌ینه‌وا/ ئاداری 2019/ نیشاندانی تابلۆیه‌ك وه‌ك ئاماژه‌دان به‌ توندوتیژیی دژی ئافره‌تان له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی ژنانی دانیشتوی ناحیه‌ی سونێ له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – EED

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، (كەركوك ناو) توانیویەتی روماڵێكی سەربەخۆ و كوالیتی بەرز لە ناوچەكانی باكوری عیراقدا بكات، تەنانەت لەو كاتەشدا كە ناوچەكە لە چنگی رێكخراوی داعش بوو، (كەركوك ناو) بەردەوام بوو لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری.

"ئامانجی سەرەكیمان دابینكردنی هەمان زانیارییە بۆ هەموو دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەهەر نەتەوەیەك بن. ئێمە هەموو شتێك وەردەگێڕین بۆ سەر زمانی عەرەبی، كوردی و توركمانی، هەرەوەها بابەتەكان بە زمانی ئینگلیزیش بڵاودەكەینەوە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی عیراقن و بایەخ دەدەن بە هەواڵەكانی ناوچەكە" بەوتەی سەلام عومەر، سەرنوسەری (كەركوك ناو).

(كەركوك ناو) لە یەكێك لە ئاڵۆزترین ناوچەكانی عیراق كاردەكات، كە كەركوك و بەشێك لە پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین لە باكوری عیراق دەگرێتەوە، لەم ناوچەیە كورد، توركمان، عەرەب، ئیزیدی و مەسیحی تیادا دەژیت. ئەم كەمینانە روبەڕوی دەیان ساڵ لە تەعریب بونەتەوە لەژێر فەرمانڕەوایی حزبی بەعسدا.

دوای روخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە پرۆسەی ئازادی عیراق، ناوبەناو پێكدادان و ئاڵۆزی بەردەوام بوو لەو ناوچەیە كە دواتر لەساڵی 2014 كەوتە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش. لەوكاتەدا چەندین پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ رویاندا، قێزەونترینیان كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان بوو.

ئەمڕۆ چەندین ناوچەی باكوری عیراق وەك ناوچەی جێناكۆك ماونەتەوە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی مەركەزی لە بەغدا. دەستڕاگەیشتنی میدیا بەو ناوچانە كارێكی ئەستەمە و پانتایی میدیای ناوخۆیی لەو ناوچانە دابەشبووە، بەجۆرێك دانیشتوانی ئەو ناوچانە تەنیا ئەو هەواڵانەیان پێدەگات كە لایەنگیری تیایە یاخود ناتەواوە.

(كەركوك ناو) كە یەكێكە لە هاوبەشەكانی دامەزراوەی ئەوروپی لە پێناو دیموكراسی (European Endowment for Democracy EED)، دەزگایەكی بەدەرە لەو پانتاییە میدیاییەدا، كە لەساڵی 2011ـەوە بە زمانە جیاجیاكانی ناوچەكە هەواڵ و زانیاری بڵاودەكاتەوە، لە پێناو دروستكردنی دیالۆگ لەنێوان كۆمەڵگەكانی ناوچەكانی جێناكۆك.

KirkukNow3

دهۆك/ 2019/ ژماره‌یه‌ك منداڵی ئاواره‌ی كه‌مپی مام ره‌شان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ خوێندنگه‌ فۆتۆ: كەركوك ناو

سەرەتایەكی پڕ ئاڵنگاری

"لە سەرەتادا، شتەكان زۆر قورس بوون: ئەستەم بوو بتوانیت رۆژنامەنوسی لێهاتوو بدۆزیتەوە كە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ كۆمەڵگە جیاجیاكاندا و هەمووان لەهەموو لایەكەوە ئێمەیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە لە بەرژەوەندی گروپێكی ئیتنی كاردەكەین" سەلام عومەر وای وت.

ئەمڕۆ، 11 ساڵ دوای دەستبەكاربوونی، (كەركوك ناو) ستافێكی 10 كەسی هەیە لە گروپی ئیتنی جیاواز و تۆڕێكی فراوانی پەیامنێرانی هەیە لە سەرتاسەری عیراقدا.

(كەركوك ناو) توانیویەتی ناوبانگێكی باش بۆ خۆی دروستبكات وەك سەرچاوەیەكی متمانەپێكراوی هەواڵ لەبارەی ناوچەكانی جێناكۆك، چەندین میدیای بیانی بەردەوام پەیوەندی پێوەدەكەن، بۆ باشتر تێگەیشتن لە بارودۆخی باكوری عیراق.

تیمی (كەركوك ناو) بەدرێژایی چەندین ساڵ كاركردنیدان بە بارودۆخی زۆر ئاڵۆزدا تێپەڕیون. لەگەرمەی فراوانبونی كارەكانیدا، داعش دەستیگرت بەسەر سەدا 70ـی ئەو ناوچەیەی (كەركوك ناو) رووماڵی دەكرد. "ئەوكات، داوامان لە زۆربەی پەیامنێرەكانمان كرد كە لەو ناوچانە دەژیان لەژێر كۆنترۆڵی داعش بوون، لەكاركردن بوەستن و سەلامەتی خۆیان بپارێزن"، سەلام عومەر وتی، بەشێكی زۆریان سوربوون لەسەر بەردەوامیدان بەكارەكانیان، چونكە پێیانوابوو ئەركی سەرشانیانە هەواڵ و زانیاری لە ناوچە دەستبەسەرداگیراوەكانەوە بگەیەنن.

KirkukNow4

دیاله‌/ ئایاری 2020/ سوتاندنی ده‌غڵ و دانی هاوڵاتیانی كاكه‌یی له‌ گوندی مێخاسی خانه‌قین فۆتۆ: كەركوك ناو 

وڵاتێكی مەترسیدار بۆ رۆژنامەنووسان

تەنانەت ئەمڕۆش، لەدوای نەمانی داعش، عیراق وڵاتێكی مەترسیدارە بۆ رۆژنامەنووسان و لەپلەی 172ـهەمیندایە لەنێو 180 وڵاتدا، بەپێی ریزبەندی پەیامنێرانی بێسنور بۆ ئازادی رۆژنامەوانی.

لەساڵی 2003ـەوە 22 رۆژنامەنووس لە عیراقدا كوژراون وهیچ كەسێكیش بەتۆمەتی كوشتنیان سزانەدراوە.

(كەركوك ناو) وەك دەزگایەكی میدیایی تۆماركراوە؛ هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگە بە رۆژنامەنووسەكانی دەدەن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیاندا كاربكەن، تیمی (كەركوك ناو) كاردەكات بۆ ئەوەی پەیوەندیەكی باشی هەبێت لەگەڵ ئیدارەی ئەو ناوچانە، "بێجگە لە توندڕەوەكان، كە ئەوە مەحاڵە"، بەوتەی سەلام عومەر.

لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی رۆژنامەنوسان روبەڕوی دەبنەوە لە عیراق، سەلام دەڵێت لەكاتێكدا، "ئازادی رۆژنامەگەریی جێگیركراوە لە دەستوری عیراق، بەڵام بەكرداری، حكومەت دیدێكی راستەقینەی نییە. لە رۆڵی رۆژنامەنوسان تێناگات و نازانێت گرنگی چییە بۆ كۆمەڵگە، بەتایبەت ئەو پێكهاتانەی پەراوێزخراون و دەنگیان نابیسترێت".

بۆیە (كەركوك ناو) روماڵێكی فراوان لەبارەی پێكهاتە پەراوێزخراوەكان دەكات، هەر لە كەمینە ئایینیی و نەتەوەییەكانەوە تا دەگاتە ژنان.

"ئەمڕۆ، ناوەرۆكی كوالیتی بەرز و بابەتییانە لەبارەی كەمینەكان لە عیراقدا كەمە. زۆرجار بەشێوەی كێشە و گیروگرفت دەخرێنەڕوو، لەكاتێكدا ئێمە وەك هاوڵاتی دەیانخەینەڕوو. بابەت و ناوەڕۆكی واقیعی و كوالیتی بەرز دەنوسین بۆ روبەڕوبونەوەی زانیاری چەوت لەبارەیانەوە".

KirkukNow2
نەینەوا/ كچێكی ئێزیدی بەجلوبەرگی كلتوریی پێكهاتەكەیانەوە لە مەراسیمێكی ئایینی لە شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

مۆدێلێكی سەركەوتوو كە میدیاكانی تر لاسایی دەكەنەوە

سەلام عومەر جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی (كەركوك ناو) وەك ئامرازێك دەبینێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموكراسی. "لایەنە ناكۆكەكان هەمیشە میدیا وەك دوژمنێك دەبینن لەكاتی شەڕدا. پێویستیان بە پروپاگەندەیە، نەك كوالیتی. لەسەر هەواڵی ناڕاست گەشە دەكەن و نایانەویت كۆمەڵگەی نێوخۆیی راستییەكان بزانن. بۆیە گرنگە كە میدیا ببێت بە دەنگی كۆمەڵگە پەراوێزخراوەكان".

ئەم دیدە ئەنجامی هەبووە. لەساڵی 2020ـدا (كەركوك ناو) خەڵاتێكی پێدرا لەلایەن (ئینتەرنیوز)ـەوە بۆ باشترین روماڵی پرسەكانی مافەكانی ژنان لە عیراق، ساڵی رابردووش خەڵاتێكی پێدرا لەلایەن رادیۆیەكی ناوخۆیی و رێكخراوی وەقفی ئەوروپی لەپێناو دیموكراسی بۆ باشترین رۆژنامەگەریی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكەدا، دوای بڵاوكردنەوەی دوو بابەت؛ یەكێكیان چیرۆكی مێردمنداڵێك بوو كە ناچاركرابوو شانبەشانی داعش شەڕ بكات، ئەوەی تریان راپۆرتێك بوو لەسەر ئازادی رادەربڕین و دادگاییكردنی رۆژنامەنوسان لە كوردستانی عیراق.

(كەركوك ناو) رێگەخۆشكەر بووە بۆ میدیای تر بۆ ئەوەی روماڵی ئەو بابەتانە بكەن كە پێشتر وەك پێویست روماڵ نەكراون. چەندین دەزگای میدیایی تر بە سەلام عومەر-ــیان وتووە، (كەركوك ناو) ئەو بوێرییەی پێبەخشیون تا لەسەر پرسەكانی كەمینەكان و ژنان بنوسن.

سەلام و تیمی (كەركوك ناو) دڵخۆشن بەو بەرەوپێشچونەی تائێستا بەدەستهاتووە، بەڵام پابەندن بە بەردەوامبوون لە پێناو گۆڕانكاری. "دەمانەوێت هەواڵ و زانیاری بەپێز بگەیەنین بە هاوڵاتیانی عیراق تا بتوانن بڕیاری دروستبدەن دەربارەی داهاتوویان، لە بارەی هەڵبژاردنەكان و لەسەر هەموو ئەو پرسانەی پێویستە وڵاتەكەمان روبەڕوی ببێتەوە" سەلام عومەر وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT