"دەمانچەكەم ڕوتێكرد و داوامكرد جلەكانی بەری هەمووی دابنێت، وتی لەپێناو چیدا ئەمە دەكەیت، وتم بۆ ئەوەی ڤیدیۆت تۆماربكەم و پارەت لێوەربگرم... دواتر دوو فیشەكم پێوەنا و كوشتم" ئەمە بەشێكە لە دانپێدانانی تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی گەنجە یەكەمەكەی كەركوك.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر –سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 9ـی كانونی یەكەمی 2022 لە بەیاننامەیەكدا كورت و ڤیدیۆیەكی سێ خولەكی و نیودا، دەستگیركردن و دانپێدانی تۆمەتبارێكی بڵاوكردەوە، وەك "بكوژ"ـی كوڕێكی گەنج لە كەركوك.
ئەحمەد ئازاد، خوێندكاری قۆناغی یەكەمی كۆلێژی یاسای زانكۆی كەركوك و یەكێك لە خوێندكارە یەكەمەكانی پارێزگاكەی لە 6ـی ئامادەیی، بەیانی 29ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ تەرمەكەی لە شەقامێكی نزیك خاسە لە گەڕەكی شۆراو دۆزرایەوە، كە شوێنەواری دوو فیشەك بە دڵ و سەرییەوە بوو.
تۆمەتباری كوشتنی ئەو گەنجە كە لەلایەن دژەتیرۆرەوە دانپێدانانی بڵاوكراوەتەوە، هاوڵاتییەكی تەمەن 29 ساڵی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵە، خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە، لە بازاڕ و لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە چەك دەفرۆشێت و خۆی دەڵێت "لە 28ـی تشرینی دوەم گەنجێك تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی دەمانچەت هەیە بۆ فرۆشتن، وتم بەڵێ وتی باشە تەلەفۆنت بۆ دەكەمەوە دەمانچەم بۆ بهێنە" مەبەستی لە كوژراوەكە (ئەحمەد)ـە.
داوای لێكردم دەمانچەی بۆ بنێرم و لەسەر نرخی 240 دۆلار رێككەوتین
ئەو دەڵێت هەمان ئەحمەد رۆژ تەلەفۆنی بۆ كردۆتەوە تا دەمانچەكەی پێبگەیەنێت؛ بۆیە پێیوتووە لەڕێی ئۆتۆمبێلی تاكسییەوە بۆی رەوانە دەكات و لەسەر نرخی 240 دۆلار رێكدەكەون، بەڵام "من خۆم بەڕێكەوتم بۆ ئەوەی دەمانچەكەی بۆ ببەم" بەبێ ئەوەی بە ئەحمەد بڵێت كە خۆی دەمانچەكەی پێدەگەیەنێت نەك تاكسی.
بەوتەی تۆمەتبارەكە، لە كاتی گەیشتنی بە كەركوك، بە ژمارەی تایبەتی خۆی تەلەفۆنی بۆ ئەحمەد كردووە و خۆی وەك شۆفێری تاكسی ناساندووە، كە ئەمانەتێكی ئەوی پێیە و دەیەوێت لێی وەربگرێت. (بەپێی قسەكانی تۆمەتبارەكە بێت ئۆتۆمبێلی جۆری تاكسی پێبووە بەڵام لە قسەكانی ئاماژەی پێنادات)
ئەحمەد ناونیشانی بەردەم بازاڕی تۆپ ستی پێداوە لە گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك.
"لەگەڵمدا سەركەوت و 800 دۆلاری پێبوو، 300 دۆلاری پێدام و من باقیم دایەوە.. خۆی باسی كرد كە یەكەمی عیراق بووە لە قوتابخانە و بەوهۆیەوە لێپرسراوان خەڵاتیان كردووە و پارەی هەیە.. ڤیدیۆیەكیشی نیشاندام كە لێپرسراوان خەڵاتی دەكەن".
تۆمەتبارەكە دەڵێت ئەحمەد داوایكردووە بیگەیەنێت بە شەقامی حەولیی كەركوك، لەوێ دایناوە و چۆتە ئەوبەری شەقامەكە، بەڵام تۆمەتبارەكە بەجێینەهێشتووە و چاودێری كردووە، تا دواتر جارێكیتر لێی نزیكبۆتەوە و پرسیاری كردووە كە چی دەكات لەوێ، ئەحمەد وتویەتی دەمانچەكەی تاقیدەكاتەوە.
"وتم من دەمانچەكەت بۆ تاقیدەكەمەوە، دەمانچەكەم لێوەرگرت و میلم هێنایەوە، وتم جلەكانت دابكەنە، وتی لە پێناو چیدا ئەمە دەكەیت، وتم بۆ ئەوەی ڤیدیۆت بگرم تا پاشەڕۆش پارە و شتی لێبسەنم، سەرانەی لێسەنم".
بۆ ئەوەی دڵناببمەوە كە مردووە فیشەكێكی ترم بە سەریەوە نا، دەمانچەكەم بەجێهێشت و هەڵهاتم
لە دانپێدانانەكەیدا ئەو تۆمەتبارە دەڵێت "(ئەحمەد) قەمیسێك و فانیلەیەكی لەبەردابوو كە ئەوانەی داكەند پەلاماریدام، من دوو سێ فیشەكم بەملا و ئەولایدا تەقاند.. دەمانچەكەم لەسەر سنگی راگرت و وتم بێیتە پێشەوە دەتكوژم، لەوكاتەدا فیشەكێك لە دەستم دەرچوو بەر سنگی كەوت و كەوت بە زەویدا، بۆ ئەوەی دڵناببمەوە كە مردووە فیشەكێكی ترم بە سەریەوە نا، دەمانچەكەم لەوێ بەجێهێشت و هەڵهاتم".
ڤیدیۆی دانپێدانی تۆمەتباری كوشتنی گەنجەكەی كەركوك دوای رۆژێك دێت لە راگەیاندنی هەواڵی دەستگیركردنی لەلایەن فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوكەوە.
دەزگای دژەتیرۆر لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەدا پرۆسەی دەستگیركردنە دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچونی ورد هات بە هەماهەنگی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای کەرکوک.