ئەفسەرێك و چوار سەربازی عیراقی كوژران، لە تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە قەزاكانی دوبز و مەخمور، هەر بەهۆی مەترسی بۆمبەوە لە قەزای داقوقیش دەرگای دوو قوتابخانەش بەڕوی خوێندكاراندا داخران.
ئەو دوو قوتابخانەیەی داقوق لە پارێزگای كەركوك، كە دەكەونە گوندی سنور، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی كانونی یەكەمی 2022 دوای دۆزینەوەی بۆمبێك بە دەرگای سەرەكییەوە، خوێندنیان تیادا راگیرا تا كاتێكی نادیار.
مامۆستایەك لەو گوندە كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت بەیانی ئەمڕۆ و پێش دەستپێكردنی دەوام، یەكێك لە مامۆستاكان بۆمبی بە دەرگای سەرەكیی قوتابخانەكەوە بینیووە و دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكانیان ئاگاداركردۆتەوە.
هەردوو قوتابخانەكە لە یەك باڵەخانەدا دەوام دەكەن، یەكێكیان سەرەتایی كچانە بەناوی قوتابخانەی روناكی و ئەویتریان دواناوەندییە بەناوی قوتابخانەی شەهیدان، پێكەوە 198 خوێندكاریان هەیە.
ئەو مامۆستایە دەڵێت دەوامی هەردوو قوتابخانەكە راگیراوە تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەكان كۆتاییاندێت و دڵنیایی بۆ پاراستنی خوێندكارەكانیان دەبێت.
گوندی سنور لە داقوق 400 ماڵی تێدا دەژین.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو بۆمبە چێنراوەی لكێنراوە بە دەرگای قوتابخانەكەوە، بۆمبی دەنگی لاستیكی بووە". بێ ئەوەی دەستی تۆمەت بۆ هیچ كەس و لایەنێك درێژبكەن، تەنیا ئاماژەی بەوەدا پێشتر ئەو گوندە هیچ كێشەیەكی ئەمنی نەبووە و لێكۆڵینەوە دەكەن.
بۆمبی دەنگی لاستیكی لكێنراوە بە دەرگای قوتابخانەكەوە
هەر لە كەركوك، شەوی رابردوو بۆمبێكی چێنراو بە هەمەرێكی سوپای عیراقیدا تەقییەوە، لە ناوچەی گەڕاو لە ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دوبز، بەهۆیەوە ئەفسەرێكی هەواڵگری و دوو سەرباز كوژران، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).
ئەو روداوە شەوی رابردوو 21ـی كانونی یەكەم بووە و دوای تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەكە، روبەڕوبونەوە و پێكدادان سەریهەڵداوە، دوو سەربازی دیكەش هەمان شەو برینداربون.
هێزەكانی سوپای عیراق، لە قەزای مەخمور-ـی پارێزگای نەینەوا، روبەڕوی هێرشێكی دیكە بونەتەوە و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە، دوو سەرباز كوژراون و سێ سەربازی تر برینداربون، بەپێی ئاژانسی عیراقییەی نیمچەفەرمی كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی كانونی یەكەم بڵاویكردۆتەوە.
هەر لە نەینەوا؛ هێزە ئاسمانییەكانی عیراق بۆردومانی چەند پێگەیەكیان لە چیای شێخ ئیبراهیم لە قەزای تەلەعفەر كردووە و بەهۆیەوە، پێنج چەكداری داعش كوژراون، وەك لە بەیاننامەی یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا هاتووە.
رەسوڵ شەوی رابردوو بڵاویكردەوە لە نێو كوژراوەكانی داعشدا "سەركردەیەك"ـی ئەو گروپە هەیە.
ئەو روداوانە چەند رۆژێك دوای هێرشەكانی ریاز دێت لە كەركوك، كە 18ـی ئەم مانگە بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە ئەفسەرێك و هەشت پۆلیسی فیدراڵی كوژران.
هەروەها لە 19ـی هەمان مانگ و لە خاڵس-ـی پارێزگای دیالە، هەشت مەدەنی كوژران و ژمارەیەكی دیكە برینداربون، كە بەپێی بەیاننامەی هێزە ئەمنییەكان، بەهۆی هێرشی داعشەوە بووە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، جگە لە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ روداوە ئەمنییەكانی پێشتری كەركوك و دیالە، لە دوایین كۆبونەوەی باڵای ئەمنیدا، داوایكردووە گۆڕانكاری لە تەكتیك و پلانە سەربازییەكاندا بكرێت.
بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، كە 21ـی كانونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، سودانی جەختیكردۆتەوە لە گرتنەبەری ئەو رێگایانەی دەبنە هۆی بنەبڕكردنی جموجۆڵی داعش.