وردەكاریی هێرشەكەی جەبەل بۆر
ئەفسەرێك و شۆفێرەكەی لەكاتی ئەركدا كەوتنە بۆسەوە

كەركوك/ 18ی كانونی دووەمی 2023/ فەرماندەكانی پۆلیسی كەركوك چونەتە شوێنی روداوی كوشتنی ئەفسەرێك و شۆفێرەكەی. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی كەركوك

كەركوك ناو

ئەفسەرێك بە پلەی موقەدەم و مفەوەزێكی پۆلیسی ئامادەی كەركوك لەكاتی گەڕانەوەیاندا لە ئەرك دەستڕێژی گولـلەیان لێكراو هەردوكیان دەستبەجێ گیانیانلەدەستدا.

روداوەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 18ی كانونی دووەم، لە ناوچەی جەبەل بۆر، خۆرهەڵاتی كەركوك و نزیك شەقامی بازنەیی رویداوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی هەواڵگری لە پۆلیسی كەركوك.

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "بە بەردەوامی ئەفسەرەكان خاڵەكانی پۆلیسی ئامادە لە ناوچە جیاوازەكانی كەركوك بەسەر دەكەنەوە، كاتژمێر 12:45 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتێك چونەتە دوا خاڵی پۆلیسی ئامادە و گەڕاونەتەوە لە رێگا دەستڕێژی گولـلەیان لێكراوە، هەر لەوێدا دەستبەجێ گیانیانلەدەستداوە".

وتیشی "ژمارەیەك چەكدار بۆسەیان بۆ داناون و تەقەیان لێكردون، لەو روداوەدا موقەدەم نەوزاد حەسەن و شۆفێرەكەی كە مفەوەزە بەناوی محەمەد پاشا جاسم گیانیانلەدەستدا".

ژمارەیەك چەكدار بۆسەیان بۆ داناون و تەقەیان لێكردون

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی كەركوك، چەكدارەكان بە چەكی M4 تەقەیانكردووە و ئەو جۆرە چەكەش "لای چەكدارانی داعش هەیە، بۆیە گومانەكان بەو ئاڕاستەیەن كە داعش ئەو كردەوەیەی ئەنجامدابێت، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەین بەڕاستی روداوەكە".

photo_5350520784361209904_y
لای راستەوە مقەدەم نەواد حەسەن، ئەوەی تر شۆفێرەكەی بەناوی محەمەد پاشا جاسم 

ئەو خاڵانەی پۆلیسی ئامادە، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەركیان پاراستنی بۆرییە نەوتییەكانی سەر بە كۆمپانیای نەوتی باكورە. شوێنی روداوەكەش نزیكەی چوار كیلۆمەتر لە شارەوە دورە.

لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك، چووە شوێنی روداوەكە و لە لێدوانێكیدا جەختیكردەوە "ئێمە بەدوای تیرۆریستە تاوانبارەکاندا دەگەڕێین بۆ ئەوەی تۆڵەی دادپەروەرانەی شەهیدەکانمان بکەینەوە".

یەكشەممە 18ی كانونی یەكەمی رابردوش، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی پۆلیسی فیدراڵی و دواتر روبەڕوبونەوەی چەكداریی، ئەفسەرێك و هەشت پۆلیسی فیدراڵی كوژران، ئەوەش لە نزیك ناحیەی ریاز لە باشوری كەركوك بە ئاراستەی زنجیرە چیاكانی حەمرین.

لە دوای ئەو روداوە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، جەختیكردەوە لە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە و راوەدونانی ئەوانەی دەستاین لەو كردەوەیەدا هەبووە.

لە شەوی 18ی تشرینی دووەمی رابردووش لە نزیك گوندی چیمەن لە ناحیەی قەرەهەنجیر لە پارێزگای كەركوك چوار ئەفسەری سوپای عیراق لەناو سەنگەرەكانیان كوژران و هێزە ئەمنییەكان جەختیانكردەوە "چەكدارانی داعش كردەوەكەی ئەنجامداوە".

ڤیدیۆ: لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك باس لە روداوی كوژرانی ئەفسەرێك و شۆفێرەكەی دەكات.

 
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT