گۆڕانكاریی لە پۆستی قایمقامی داقوق "هەڵوەشایەوە"
یەكێتی هەڕەشەی كرد و توركمانیش وتی: قبوڵی ناكەین

كه‌ركوك، 2019، باڵه‌خانه‌ی قایمقامیه‌تی قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

بریاری راسپاردنی كەسێك بۆ راییكردنی كاروبارەكانی قایمقامیەتی داقوق "هەڵوەشایەوە"، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە بە دەستتێوەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و دوای دروستبونی ناڕەزایی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بەرەی توركمانی هات دژی بڕیارەكە.

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بەرەی توركمانی دژی نوسراوێكی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت وەستانەوە، كە تیایدا كەسێكی راسپاردووە بۆ راییكردنی كارەكانی قایمقامیەتی داقوق، یەكێتیی هەڕەشەی مانگرتنی كرد لەبەردەم بینای قایمقام و بەرەی توركمانیش بە بڕیارێكی ناڕەواو "سەپاندنی ئیرادە" ناوی برد.

راكان سەعید لە 19ی كانونی دووەم، لە نوسراوێكدا بڕیاریدا بە راسپاردنی سەعدون حەیادی ماجد راویژكاری یاسایی لە دیوانی پارێزگا بۆ راییكردنی كارەكانی قایمقامییەتی داقوق لە شوێنی لویس فەندی محەمەد، كە بەهۆی تەمەنەوە خانەنشین دەكرێت.

راكان سەعید، ئاماژەی بەوە كردووە، كە بڕیارەكەی بەپێی بڕگەی سێ لە ماددەی 39ی یاسای پارێزگاكان ژمارە 21ی ساڵی 2008ی دەركردووە، ئەوەش لەپێناو "بەرژەوەندی گشتی"، وەك لە نوسراوەكەدا جەختیكردۆتەوە.

بەپێی ئەو بڕگە یاساییە، پارێزگار فەرمانێكی ئیداریی دەردەكات بۆ دامەزراندنی هەریەك لە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییە و هەردوكیان لەژێر راسپاردە و چاودێری ئەودا دەبن. بەڵام لە هیچ شوێنێكی ئەو بڕگە یاساییەدا كە (كەركوك ناو)، چێكی كردۆتەوە، هیچ ئاماژەیەك نەكراوە بە راسپاردنی كەسێك لەلایەن پارێزگارەوە بۆ راییكردنی كارەكانی قایمقام.

شەوی 24ی كانونی دووەم، نوێنەرانی كەركوكی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا داوایان لە خەڵکی قەزای داقوق كرد، لەبەردەم قاییمقامیەت کۆببنەوە و ناڕەزایی دەرببڕن، دژی "رەچاونەکردنی ھاوسەنگیی لە پۆستە ئیدارییەکانی کەرکوک و قەزاکانی".

لە راگەیەنراوێکدا هاتووە "پارێزگار ھەستاوە بە دانانی قایمقامی قەزای داقوق و پۆستەکەی داوە بە کەسێک لە پێکھاتەی عەرەبی، لەکاتێکدا ماف و پشکی پێکھاتەی کوردە".

پارێزگار ھەستاوە بە دانانی قایمقامی قەزای داقوق و پۆستەکەی داوە بە کەسێک لە پێکھاتەی عەرەبی، لەکاتێکدا ماف و پشکی پێکھاتەی کوردە

لەگەڵ ئەو داواکارییەیدا پەرلەمانتارانیی یەکێتی نوسراوێکیان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەردەکەوێت، لە کۆی 12 پۆستی بەڕێوەبەری ناحییە لەو پارێزگایە، عەرەب و تورکمان یەكی پێنج پۆستی بەڕێوەبەریان لایە و کوردیش دوو بەڕێوەبەری ناحیەی بەدەستەوەیە.

دوابەدوای ئەوە، نوسینگەی داقوقی بەرەی توركمانی عیراقی، راگەیەنراوێكی دژی نوسراوەكەی راكان سەعید بڵاوكردەوە و لە بەشێكیدا لەگەڵ ئیدانەكردنی "دانانی كەسێك بۆ قایمقام لە دەرەوەی قەزاكە"، بڕیارەكەی ناوبراویان بە "سەپاندنی ئیرادە" ناودەبرد و هاتووە "ئەوە جێی قبوڵكردن نییە".

بەرەی توركمانی پۆستی قایمقامی داقوق بە مافی خۆیان دەزانن و داوای پێداچونەوە بەو بڕیارەدا دەكەن. لەگەڵئەوەشدا دەڵێن "واز لە پەراوێزخستنی توركمان لە پرسی پۆستە ئیدارییەكان بهێنن".

واز لە پەراوێزخستنی توركمان لە پرسی پۆستە ئیدارییەكان بهێنن

پۆستی قایمقامی داقوق لە دوای یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە تا 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك گەڕانەوە و پێشمەرگە لە ناوچەكە پاشەكشێی كرد لای كورد بوو، دواتر پۆستەكە لە كورد سەندرایەوە.

له‌ 21ی تشرینی دووه‌می 2017دا ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق متمانه‌ی له‌ ئه‌میر خواكه‌ره‌م سه‌نده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی سنوره‌كه‌، به‌شداری له‌ ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و رێگه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ داقوق.

لویس فه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ره‌شاد له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ بەوەكالەت كرایە قایمقامی داقوق و بەپێی نوسراوەكەی راكان سەعید خانەنشین دەبێت.

daquq-2-3
كه‌ركوك/2017/ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی قه‌زای داقوق 44كم باشوری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ چواری مانگی ته‌مموزی 2018 بڕیاریدا به‌ لابردنی یەكجاریی قایمقامی داقوق، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به‌ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ هه‌رێم و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق.

بەڵام ئه‌میر خواكه‌ره‌م، قایمقامی پێشوی داقوق لە پشكی یەكێتی، چەندینجار هەوڵیدا بگەڕێتەوە سەر كارەكەیی و لە دادگاش بۆ ئەو مەبەستە سكاڵای تۆماركرد، بەڵام دادگای باڵای ئیداری عیراق، له‌ ناوه‌ڕاستی 2019دا تانەكانی ناوبراوی رەتكردەوە و خانەنشینكرا.

ئەوكات خواكەرەم بە (كەركوك ناو)ی وت "كەیسی ئێمە سیاسییە، ھیچ گەندەڵییەکی ئیداریی و دارایی و ئەخلاقیمان نەبووە".

قەزای داقوق بەدوری 44كم دەكەوێتە باشوری ناوەندی كەركوك‌، دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ كورد، توركمان و عه‌ره‌ب پێكهاتون.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی كانونی دووەم، دیلان غەفور، یەكێك لەو سێ پەرلەمانتارەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كە داوایان لە خەڵكی داقوق كرد لەبەردەم قایمقامیەت ناڕەزایی دەرببڕن و مانبگرن، بە (كەركوك ناو)ی وت "مانگرتنەكەمان هەڵوەشاندەوە، چونكە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی دانانی قایمقامی نوێ".

(كەركوك ناو) لە سەرچاوەی تری پەرلەمانییەوە زانیاریی ئەوەی پێگەیشتووە كە بڕیارەكە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا ئیدارەی كەركوك ئامادەنین هیچ زانیارییەك بدركێنن، هەرچەندە بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە بەشی راگەیاندنەوە كراوە و وەڵامیان نەبووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT