دادگای لێكۆڵینەوەی سێی كەرخ، فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق دەكرد.
بڕیارەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی كانونی دووەمی 2023 لە راگەیەنراوێكی دادگای باڵای فیدراڵی عیراقدا ئاماژەی پێكراوە و تیایدا هاتووە "فەرمانەكەی دادگای كەرخ لەسەر سكاڵایەكی دادگای باڵای فیدراڵی بووە، دژی ناوبراو، بەهۆی تانەدان لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و دەستتێوەردان لە كاری دادگای باڵای فیدراڵیی، لەگەڵ پێشێلكردنی پیرۆزیی بڕیارەكانی دادگاكە بە پێچەوانەی دەستور و یاساوە".
ئەو بانگهێشتكردنە دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عیراق دێت لە دۆسییەكدا لەسەر "نایاساییبون"ی بڕیاری ناردنی پارە لە حكومەتی عیراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەم مانگە، ئەوەش لەكاتێكدابوو حكومەتی عیراق بڕیاریدابوو بڕی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
شاخەوان عەبدوڵا، كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لە 27ی كانونی دووەم – دوو رۆژ دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی-، لە نوسینێكیدا رەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت و لە بەشێكیدا دەڵێت "ماوەی نزیکەی دوو مانگە لایەنێک وەزیری دارایی عیراقی ئاگادارکردەوە لەوەی بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی هەریم رابگرێت و رەوانەی نەکات... هەمان ئەو لایەنە پەرلەمانتارەکەشی راسپارد بۆ ئەوەی ئیمزا لەسەر سکاڵایەک بکات و پێشکەشی دادگای بکات لە دژی ناردنی ئەو پارەیە بێئەوەی ناوەڕۆکەکەی بخوێنێتەوە".
لە بەشێكی تری نوسینەكەدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، دەنوسێت "مێژوو شاهیدە هۆکاری سەرەکی لەناوچونی رژێمەکانی حوکمڕانی لە عیراق بە روخانی دادگاکانی شۆڕشەوە بەهۆی دەستدرێژیی و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستانەوە بووە".
بانگهێشتكردنەكەی شاخەوان عەبدوڵا، بەپێی ماددەی 229 لە یاسای سزادانی عیراقی بووە. بەپێی ئەو ماددەیە هەركەسێك سوكایەتی و هەڕەشە لە دادوەر یان دادگا بكات لەكاتی راییكردنی كارەكانی، یان بەهۆی ئەوەوە بێت، ئەوا بە دەستگیركردن لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ غەرامەی ماددی سزادەدرێت، یان یەكێك لەو دوو سزایە.
ئەوەش لەكاتێكدایە جاسم عەبود، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی عیراقییەی نیمچە فەرمی، دەڵێت "بڕیارەكە ئامانج لێی بنیاتنانی دەوڵەتە و هیچ چین و تویژێكی دیاریكراوی كۆمەڵگە ناكاتە ئامانج".
چاوپێكەوتنەكە كە شەممە 28ی كانونی دووەم بڵاوكراوەتەوە تیایدا دەڵێت ئامانجی دادگاكە "پارێزگاریكردنە لە جێبەجێكردنی دەستور و یارینەكردنە بە بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان، لەگەڵ پێشێلنەكردنی یاسا".
وتیشی "بەپێی دەستور هەموو عیراقییەكان لە بەرامبەر یاسادا یەكسانن... هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش وەكو هەموو هاوڵاتیانی عیراق هیچ جیاوازییەكیان نییە، هەركەسێك لە زاخۆ دادەنیشێت یان لە فاو و هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا هیچ جیاوازییەكیان نییە".