نوێنەری خۆپیشاندەرانی داقوق و ئیدارەی كەركوك رێككەوتن، قایمقامی نوێی داقوق لە بینای پارێزگای كەركوك دەوام بكات و ناچێتە قایمقامیەت، ئەوەش بۆ ماوەی 15 رۆژ و تا دیاریكردنی قایمقامێكی نوێ كە رێككەوتنی سیاسی لەسەر بكرێت و خەڵكی داقوق پێی رازی بن.
دوو رۆژە خەڵكی داقوق لەبەردەم بینای قایمقامیەتی قەزاكە خێمەیان هەڵداوە و خۆپیشاندان دەكەن، دژی دیاریكردنی عەبدولستار عەلی مەحمود بۆ پۆستی قایمقامی داقوق، ئەوەش بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و دەركردنی بڕیاری كارگێڕی بۆ دەستبەكاربونی لەلایەن راكان سەعید، جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت.
دیاریكردنی عەبدولستار عەلی وەك قایمقامی نوێی داقوق ناڕەزایی بەشێك لە هاوڵاتیانی قەزاكەی بەتایبەت لە نەتەوەی كورد و توركمان لێكەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی قایمقامی نوێ یەكشەممە 5ی شوبات بۆ ماوەی كاتژمێرێك لە بینای قایمقامیەت دەوامی كرد.
دووشەممە 6ی شوبات، نوێنەرانی خەڵكی داقوق لەگەڵ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك كۆبونەوە. ئەوەش لەسەر پرسی دەستبەكاربونی قایمقامی نوێ.
نوێنەرانی خۆپیشاندەران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، جەختیانكردەوە لەوەی رێككەوتون تا دوو هەفتەی تر، قایمقامی نوێ بەهیچ شێوەیەك لە بینای قایمقام دەوام نەكات و لە بینای پارێزگا لە كەركوك دەوام بكات.
نوێنەرێكی خۆپیشاندەران بۆ خۆپیشاندەران وتی "سەلماندتان، داقوق تەنیا بۆ خەڵكەكەیەتی و خاوەنی هەیە... دەنگی ئێوە بووەهۆی بەدەستهێنانی ماف، ماف دەسێنرێت، نادرێت".
لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "قایمقام نایاتە ناو بۆ بینای قایمقامیەت، رێككەوتین لە بینای پارێزگا دەوام بكات"، زیاتر وتی "پارێزگار وتی بڕۆن كەسێك دیاریبكەن، كە كوتلەی سیاسییەكان و كەسایەتییەكان و خەڵكی داقوق لەسەر رازی بن و بە رێككەوتنی نێوانتان ناوەكەی بهێنن، منیش ناوەكەی بەرزدەكەمەوە و كێشەم نییە".
ئەوە بۆ دووەمجارە خەڵكی داقوق دیاریكردنی قایمقامی نوێ بۆ قەزاكەیان رەتدەكەنەوە و جەختدەكەنەوە لەوەی دەبێت خەڵكی قەزاكە بێت و رەزامەندی خەڵكەكەی لەسەر بێت. دوابەدوای ئەوەش خۆپیشاندەران خێمەكانیان لەبەردەم بینای قایمقامیەت كۆكردەوە.
راكان سەعید لە 19ی كانونی دووەم، لە نوسراوێكدا بڕیاریدا بە راسپاردنی سەعدون حەیادی ماجد راویژكاری یاسایی لە دیوانی پارێزگا بۆ راییكردنی كارەكانی قایمقامییەتی داقوق لە شوێنی لویس فەندی محەمەد، كە بەهۆی تەمەنەوە خانەنشین كراوە.
راكان سەعید، ئاماژەی بەوە كردووە، كە بڕیارەكەی بەپێی بڕگەی سێ لە ماددەی 39ی یاسای پارێزگاكان ژمارە 21ی ساڵی 2008ی دەركردووە، ئەوەش لەپێناو "بەرژەوەندی گشتی"، وەك لە نوسراوەكەدا جەختیكردۆتەوە.
بەپێی ئەو بڕگە یاساییە، پارێزگار فەرمانێكی ئیداریی دەردەكات بۆ دامەزراندنی هەریەك لە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییە و هەردوكیان لەژێر راسپاردە و چاودێری ئەودا دەبن. بەڵام لە هیچ شوێنێكی ئەو بڕگە یاساییەدا كە (كەركوك ناو)، چێكی كردۆتەوە، هیچ ئاماژەیەك نەكراوە بە راسپاردنی كەسێك لەلایەن پارێزگارەوە بۆ راییكردنی كارەكانی قایمقام.