بەناز و سوزان دوای 35 رۆژ قارچكی سەدەفیان بەرهەمهێنا

بەناز و سوزان، دوای پێگەیشتنی یەكەم بەرهەمی قارچەكەكەیان. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

دوو كچە خوێندكاری كۆلێژی زانستی ئەندازیاریی كشتوكاڵی كفری، سەركەوتوو بون لە بەرهەمهێنانی قارچكی جۆری سەدەف، ئەوەش لە تاقیكردنەوەیەكدا بە ئامانجی دروستكردنی پڕۆژەیەكی تایبەت بە خۆیان.

بەناز ئەحمەد و سوزان ئەحمەد، لە 10ی كانونی یەكەمی 2022 دەستیان بە پڕۆژەكە كرد و لە ماوەی 35 رۆژدا بەرهەمی قارچەكەكە پێگەیشت و دواتر لە بازاڕ ساغیانكردەوە.

بەناز ئەحمەد، كە خوێندكاری قۆناغی سێی كۆلێژە، وتی "سەرەتا زانیاریمان لەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی قارچك كۆكردەوە، پلانمان بۆ دانا و بیرمان لەوە كردەوە هەم تاقیكردنەوە بكەین و هەم ببین بە خاوەنی پڕۆژەی تایبەت بە خۆمان".

"ئەوەی گرنگ بوو هەستێكی باشمان هەبوو كە تاقیكردنەوەكە سەركەوتوو دەبێت، ئێستاش هەمان هەستمان هەیە كە پڕۆژەكەش سەركەوتوو دەبێت و بووە"، بەناز وایوت.

هەستێكی باشمان هەبوو كە تاقیكردنەوەكە و پڕۆژەكە سەركەوتوو دەبێت

هەڵواسینی نایلۆنی پڕ كا و هەندێك پەین و سپۆڕی قارچك، لە گرنگترین بەشی پڕۆژەكەن، لەگەڵ هەڵگرتن و دانانی لە شوێنێك كە شێی 
گەرمی زۆربێت و پلەی گەرمی گونجاو بێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە چاودێریكردنی باش هەیە، وەك ئەو دوو خوێندكارە جەختیانلێكردەوە.

qarchik
نمونەیەك لە بەرهەمهێنانی قارچكەكە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

سوزان ئەحمەد، خوێندکارى هەمان كۆلێژ لە بەشی سامانى ئاژەڵ، وتی "ئەوەی هانیداین ببینە خاوەنى پڕۆژەى تایبەت بە خۆمان کۆلێژەكەمان بوو، ئەوەشی وایكرد سەركەوتوو بین پلانی هەردوكمان بوو، چونكە دەمانویست پڕۆژەیەكی تایبەت بە خۆمان هەبێت".

بەپێی وتەی هەردوكیان، بۆ یەكەمجارە لە سنورى ئیدارەى گەرمیان پڕۆژەیەكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی قارچك بكرێتەوە.

پڕۆژەكە هەر لەناو زانكۆكەدا كراوەتەوە لە قەزای كفری، كفری بەپێی دەستوری عیراق ناوچەیەكی جێناكۆكە، لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان.

ئەو دوو كچە خوێندكارە، خەڵكی قەزاكە نین، بەڵكو خوێندكاری بەشە ناوخۆییەكانن، پڕۆژەكە وەك خۆیان دەڵێن هاوكارییان دەكات لە پەیداكردنی خەرجی خوێندن، بەڵام ئەوان خەونی گەورەتریان هەیە بۆ دوای تەواوكردنی زانكۆ.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، بەرهەمی یەكەمی قارچكەكەیان خستەبازاڕەوە و هەر كیلۆیەك بە حەوت هەزار دینار لە بازاڕدا فرۆشرا، ئێستا چاوەڕێی پێگەیشتنی بەرهەمی دووەم دەكەن.

"بەرهەمى قارچكەکە زۆر جوان و بێ گرفتە، خواستى زۆری لەسەر هەبوو، ئەوەش ئێمەی دڵخۆشكرد"، سوزان وایوت.

بەرهەمى قارچكەکە زۆر جوان و بێ گرفتە، خواستى زۆری لەسەر هەبوو، ئەوەش ئێمەی دڵخۆشكرد

بەناز وتی "سەرەتا دەترسام لەبەر بەرزی پلەی گەرما بەرهەمهێنانی قارچكەكە شكستبهێنێت، بەڵام ئێستا باشترین و جوانترین بەرهەمى قارچكمان بەرهەمهێناوە".

qarchikk
نمونەیەك لە قارچكەكە بەر لە لێكردنەوەی. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ئەو دوو كچە خوێندكارە بڕیاریانداوە بۆ ساڵانی داهاتوو پڕۆژەكە فراوان بكەن و كەسانی تریش بهێننە ناو پڕۆژەكەیانەوە.

"كێشەی ئێستامان ئەوەیە خوێندكارین و پارەیەكی وامان نییە پڕۆژەكە گەورە بكەین، چونكە كەرەستە و پێداویستی و خەرجی دەوێت، بۆیە ناتوانین جارێ گەورەی بكەین"، بەناز زیاتر وتی "بەگشتی بەرهەم و داهاتی ئێستای قارچكەكە بۆ خەرجی خوێندنمان گرنگە... دەمەوێت لە ماڵی خۆشمان پڕۆژەیەكی هاوشێوە بكەم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT