وەجدی زێدان، ئەو گەنجە ئاوارەیەی دوای ئەشكەنجەدان و بێهۆشكردنی هەردوو گوێیان بڕی، لە ئێستادا دۆخی دەرونی باش نییە و هەر بەو هۆیەشەوە وازی لە خوێندن هێناوە، لەكاتێكدا جۆرێك لە بێدەنگی لە دۆسیەكەیدا دەبینرێت و كەس سزانەدراوە.
وەجدی 18 ساڵ، لە درەنگانێكی شەوی یەكی حوزەیرانی 2022، لەلایەن چەند كەسێكەوە لە نزیك كەمپی شاریا لە دهۆك هێرشی كرایەسەر، دوای بێهیوابونی لە چارەسەركردنی و سزانەدانی بكەران، مانگی رابردوو وازی لە خوێندن هێنا، ئەوەش بۆتە جێی نیگەرانی بۆ خێزانەكەی.
زێدان عەلی، باوكی وەجدی، نیگەرانە لەوەی دۆسیەی كوڕەكەی "پشتگوێخراوە" و وەك خۆی دەڵێت "گرنگی پێنادرێت". ئەو وتی "هەر بەو هۆیەوە وازی لە خوێندن هێناوە، رۆژ دوای رۆژ دۆخی دەرونی خراپتر دەبێت، سەرەڕای هەوڵی هاوڕێ و مامۆستاكانی بەڵام ئامادەنییە بچێتەوە خوێندن".
وەجدی ئەمە دووەم ساڵیەتی لە پۆلی 12ی ئامادەییە و بە باوكی وتووە "لە هەموو شتێك بێزاربوم و ناتوانم بخوێنم..."، باوكی زیاتر وتی "ئەو روداوە توشی گرفتی دەرونی كردووە".
لە هەموو شتێك بێزاربوم و ناتوانم بخوێنم
ئەو خێزانە تائێستا 20 ملیۆن دیناریان بۆ چارەسەری كوڕەكەیان خەرجكردووە، بەڵام بەوتەی فارس عەلى، مامى وەجدى، كە پێشتر بە (کەرکوک ناو)ى وتبوو "پزیشكەكان پێیانوتووە دەبێت ماوەیەكی تر نەشتەرگەرییەكی تری بۆ بكرێت و دەڵێن 20 هەزار دۆلاری تێدەچێت" زیاتر وتی "ئەوە بڕە بۆ خێزانی ئێمە زۆرە، هەمومان ئاوارەین و هەژارین".
وەجدی زێدان، كاتژمێر 10ی شەوی یەكی حوزەیران بۆ سەیركردنی یارییەكی تۆپی پێ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا چۆتە كۆمەڵگەی شاریا نزیك لە كەمپەكەیان. دواى تەواوبونى یارییەکە لە كاتژمێر 12ی شەو لەڕێی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، لەلایەن سێ كەسەوە هێرشیكراوەتە سەر و هەردوو گوێی بڕدراوە.
"پێش ئەوەی بگاتە كەمپی شاریا، سەرەتا بە بۆكس لە سك و سەریانداوە تا بێهۆش بووە، كاتێك خەبەری بۆتەوە هەردوو گوێی بڕاوە"، باوكی وایوت. جەختیشیكردەوە "حکومەت دۆسییەی كوڕەكەیان پشتگوێخستوم، هاوكارییان نەكردوین".
لە سەرەتای روداوەكەدا سێ كەس بە تۆمەتی بەشداربون لەو روداوە دەستگیركران، بەڵام دواتر ئازادكران، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو).
هەروەها زێدان عەلی، وتی "وتیان ئەو سێ كەسە تاوانباری سەرەكی نین".
وتیان ئەو سێ كەسە تاوانباری سەرەكی نین
وتیشی "پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هیچ زانیارییەكمان لەسەر دۆسیەكە پێنادەن، کوڕەکەم ستەمێکی گەورەی لێکراوە... سەرەتا بەڵێنی زۆریان پێداین بەڵام هەر بەڵێن بوو".
هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دهۆك، كە سەرەتا سێ كەسیان لەسەر ئەو دۆسییەیە دەستگیركرد، ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو پرسە باس بكات و وتی "قسەی لەسەر ناكەم".
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک – سەر بەوەزارەتی ناوخۆیە و سەرپەرشتی كەمپی ئاوارەكان دەكەن-، وتی "ئەمە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە لە نێوان دوو بنەماڵەدا، هەردوو بنەماڵە باش دەزانن کێ هەردوو گوێی وەجدی بڕیوە، نامانەوێت تێکەڵی ئەم بابەتە بین، چونكە پولیس و لایەنی ئەمنی بەدواداچوونی خۆیان کردووە، بڕیار بوو لە رێگای حزبەوە کێشەکە لە نێوان هەردوو بنەماڵەكەدا چارەسەربکرێت، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە زێدان عەلی – باوكی وەجدی – بێئاگایی خۆی لە بونی كێشەی كۆمەڵایەتی رادەگەیەنێت و داوای زانیاریی زیاتر لە دەزگا ئەمنییەكان دەكات.
لەبارەی دۆخی ژیانی وەجدی، دیان جەعفەر وتی "ئیدارەی کەمپ و رێکخراوەکانمان ئاگادارکردۆتەوە، تا هاوکارییان بکرێت، ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بوو بەزیادیشەوە کردومانە".