خەڵكی داقوق زیاتر لە كاندیدێكیان هەیە بۆ پۆستی قایمقامی قەزاكە، بەڵام ئامادەنین رایبگەیەنن تاوەكو وەڵامی حكومەتی عیراق وەرنەگرنەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دانانی عەبدولستار عەلی مەحمود وەكو قایمقام.
ئەوەش لەكاتێكدایە حەوت نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی عیراق (كورد، توركمان و كریستیانی) هەمان داواكارییان ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بە دیاریكردنی عەبدولستار عەلی، وەكو قایمقامی نوێی داقوق لە نەتەوەی عەرەب، هاوكات لەلایەن راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڕیاری دەستبەكاربونی بۆ دەركرا.
بەهۆی ناڕەزایی بەشێك لە خەڵكی قەزاكە، بەتایبەت كورد و توركمان، راكان سەعید بڕیاریدا قایمقامی نوێ لە بینای قایمقام دەوام نەكات، لەبری ئەوە لە بینای پارێزگا لەكەركوك كارەكانی راییبكات، ئەوەش تاوەكو پێكهاتەكانی قەزاكە و لایەنە سیاسییەكان لە دوو هەفتەدا كەسێكی تر بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكەن.
سەرچاوەیەك كە رێكخەرێكی كۆبونەوەكانی خەڵكی قەزای داقوقە و لە پێكهاتەی كوردە، وتی "تائێستا چەند كۆبونەوەیەكمان كردووە، زیاتر لە كاندیدێكمان دیاریكردووە بۆ ئەو پۆستە، لەگەڵ نەتەوەی توركمان كێشەیەكی وامان نییە، ئێمە و ئەوانیش كاندیدمان هەیە، بەڵام لێكتێگەیشتن لە نێویانماندا هەیە و لەسەر كاندیدێك رێكدەكەوین، ئەوە نابێتە كێشە".
لەگەڵ نەتەوەی توركمان كێشەیەكی وامان نییە، ئێمە و ئەوانیش كاندیدمان هەیە، بەڵام لێكتێگەیشتن لە نێویانماندا هەیە و لەسەر كاندیدێك رێكدەكەوین
لەبارەی ئەوەی كاندیدەكان كێن و تاچەند رەزامەندی هەموو پێكهاتەكانی لەسەر دەبێت، ئەو وتی "ناوی هیچ كاندیدێك ئاشكراناكەین، پێویست ناكات بەر لە هەڵوەشانەوەی بڕیاری دانانی قایمقام لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە ئێمە هیچ كاندیدێك ئاشكرابكەین... كاندیدەكان جێی رەزامەندی خەڵكی داقوق دەبن، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی خۆپیشاندەران ئەوە بوو دەبێت خەڵكی قەزاكە بێت و لە داقوق نیشتەجێ بێت".
لە ماوەكانی رابردودا، چەند جارێك خەڵكی داقوق چونە بەردەم بینای قایمقام و خێمەیان هەڵدا و جەختیانكردەوە كە قایمقامی نوێ دەبێت خەڵكی قەزاكە بێت، ئەوەش لەكاتێكدایە عەبدولستار عەلی لە كەركوك دادەنیشێت.
لە 9ی شوبات-یش حەوت نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی عیراق لە كورد، توركمان و كریستیانی، لەڕێی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوێكیان ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرد و داوایانكرد دەستبەكاربونی عەبدولستار عەلی لە پۆستی قایمقام هەڵبوەشێتەوە.
لە نوسراوەكەدا كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە و بە واژۆی شاخەوان عەبدوڵا، ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی كراوە، تیایدا داواكراوە رەزامەندبێت بە هەڵوەشاندنەوەی راسپاردنی عەبدولستار عەلی، وەكو قایمقامی داقوق، تا پێکهاتەکانی کەرکوک بە رێككەوتن كەسێك كاندید دەكەن و دواتر ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی دەكەن.
لەبارەی ئەو داواكارییانەوە هاتووە "بە مەبەستی دورکەوتنەوە لە هەر ناکۆکییەك و پاراستنی ئارام و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە داقوق".
لەو حەوت پەرلەمانتارە هیچیان لە پێكهاتەی عەرەب نین. هاوكات لە خۆپیشاندانەكانیش كەمترین هاوڵاتی عەرەب بەشداربون. بەڵام لە ناوەندی داقوق كورد و توركمان زۆرینەی دانیشتووانەكەی پێكدەهێنن، دوای ئەوەش عەرەب.
بەر لە دەستبەكاربونی عەبدولستار، راكان سەعید لە 19ی كانونی دووەم، بڕیاریدا بە راسپاردنی سەعدون حەیادی ماجد راویژكاری یاسایی لە دیوانی پارێزگا بۆ راییكردنی كارەكانی قایمقامییەتی داقوق لە شوێنی لویس فەندی محەمەد، كە بەهۆی تەمەنەوە خانەنشین كراوە. بەڵام لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا ئەو كاندیدەش رەتكرایەوە.
یەكێك لە رێكخەرانی كۆبونەوەكانی داقوق وتی "دڵنیاتان دەكەینەوە كاندیدی دڵخوازی خەڵكی داقوق ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی هەڵوەشانەوەی بڕیاری دانانی قایمقامی نوێین".