شاخەوان عەبدوڵا: راكان سەعید-یش تێدایە
لیژنەیەك چارەنوسی پارێزگارە بەوەكالەتەكان یەكلاییدەكاتەوە

بەغدا/ 27ـی تشرینی یەكەمی 2022/ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیرەكانی كابینەكەی لەكاتی سوێندنی یاسایی دەستبەكاربونیاندا فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمانی عیراق

كەركوك ناو

سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە، بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی پارێزگارە بەوەكالەتەكان لە تەواوی عیراق، ئەوەش لەڕێی چەند هەڵسەنگاندێكەوە كە پشت بە راپۆرتەكانی چاودێری دارایی، دەستەی نەزاهە، راپۆرتی پەرلەمانتاران و راپۆرتی پلاندانان دەبەستێت.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، چوارشەممە 15ی شوبات، لە لێدوانێكیدا دوای سەردانی بۆ شاری كەركوك، وتی "سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ پرسی پارێزگارە بەوەكالەتەكان لە نێویاندا پارێزگاری كەركوك، لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە، ئێستا بابەتەكە لای ئەوە".

بۆ ئەوەش جەختیكردەوە كە ئەو لیژنەیە بۆ یەكلایكردنەوەی چارەنوسی ئەو پارێزگایانە پشت بە چوار هەڵسەنگاندن دەبەستێت، لە نێویاندا "مەلەفی گەندەڵی، راپۆرتەكانی دەستەی نەزاهە و چاودێری دارایی" بەهەند وەردەگیرێن، لەگەڵ راپۆرتی پەرلەمانتاران و پلاندانان. وتی "لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنانە بڕیار لەسەر پارێزگارەكان دەدرێت".

لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنانە بڕیار لەسەر پارێزگارەكان دەدرێت

ئەو وتانە لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ماڵپەڕی ووشە هات كە ئایا پارتی وەك بەڵێنیدابوو سورە لەسەر دانانی پارێزگارێكی كورد و لابردنی راكان سەعید، لە پۆستی پارێزگار بەوەكالەت.

حكومەتی نوێی عیراق بڕیاریداوە پۆستە وەكالەتەكان لەنێویاندا پارێزگارەكان بەچەند قۆناغێك یەكلاییبكاتەوە، ئەوەش بەپێی كارنامەی حكومەتی نوێی عیراق كە شەوی 27ی تشرینی یەكەم لە پەرلەمان پەسەندكرا. بەپێی كارنامەكە لە ماوەی شەش مانگی تەمەنی حكومەتدا پۆستە بەوەكالەتەكان یەكلاییدەكرێنەوە.

shaxwan
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: پەیجی شاخەوان عەبدوڵا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

لە یەكێك لە خاڵەكانی بەشی یەكەمی كارنامەكەدا كە هەموو لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت دەنگیان بۆ داوە، تیایدا هاتووە "چارەسەری بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەین كە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن، ئەوەش لە ماوەی شەش مانگ دوای پێكهێنانی حكومەت و بە سێ قۆناغ رەوانەی پەرلەمانی دەكەین تا دەنگی لەسەر بدرێت. بەلەبەرچاوگرتنی بەدیهێنانی هاوسەنگی نیشتیمانیی لە دامەزراوەكاندا".

ئەوەش لەكاتێكدایە كەمتر لە سێ مانگی ئەو ماوەیە ماوە كە لە كارنامەكەدا دیاریكراوە.

لە خاڵێكی تر كارنامەكەدا هاتووە "سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دەستبەكاربونیدا لیژنەیەك پێكدەهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی چالاكی (پارێزگارە بەوەكالەتەكان) و گرتنەبەری رێكاریی یاسایی و ئیداری دەرهەق بەوانەی دەردەكەوێت كەمتەرخەمبون و گەندەڵ بون... سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی هەیە بە گرتنەبەری بڕیاری ئیداریی گونجاو بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایانە".

هەر بەپێی ئەو خاڵە "پێویستە كارەكانی لیژنەكە لە ماوەی سێ مانگ لە دوای پێكهێنانییەوە تەواوبكات".

پارتی و یەكێتی لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەردوكیان بەڵێنی لابردنی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەتیان بە دەنگدەرانیاندا و پێیانوابوو پۆستەكەی بە "ناشەرعی" وەرگرتووە.

rakan-13
كەركوك/26ی حوزەیرانی 2022/ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، لە كاتی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكدا كە تایبەت بووە بە پێكەوەژیان. فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

راكان سەعید جبوری، لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2017ەوە، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەوەكالەت وەرگرت، دوای ئەوەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوو بە بڕیاری پەرلەمان و لەسەر چەند دۆسییەیەك لادرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT