رۆژەكەی عیسام ساڵح خدر (48 ساڵ)، لە كاتژمێر 3ـی بەرەبەیانەوە دەستپێدەكات، راستەوخۆ لە ماڵەوە بەرەو دوكانەكەی لە بازاڕی ناحیەی شۆرە (باشوری موسڵ) بەڕێدەكەوێت و تا خۆرهەڵاتن، سەرقاڵی كیسە و سندوقی تەماتە، گێزەر، خەیار، باینجان و پرتەقاڵە تا بەڕێكوپێكی لەسەر رەفەكان دایانبنێت.
لە چەند خولەكێكدا عیسام زیاتر سەرقاڵ دەبێت، كاتێك ئەو هاوڵاتییانەی بەیانیانی زوو هەڵدەستن روو لە دوكانەكەی دەكەن تا سەوزە و میوەی تازە بكڕن.
نزیكی كاتژمێر 6:30 خولەكی بەیانی، دەچێتەوە بۆ ماڵەوە و خۆی بۆ ئەركێكی دیكەی رۆژانەی ئامادەدەكات، لەجێی ئەویش، كوڕەكەی دوكانی بەقاڵییەكە بەڕێوەدەبات.
عیسام لە خاوەنكارەوە دەبێتە ئەفسەری پۆلیس، هەشت بۆ نۆ كاتژمێر رۆژانە خەریكی نوسین و تۆماركردنی راپۆرتە، وەڵامی پەیوەندی خەڵك و مەترسییەكانیان دەداتەوە، لە ناوچەیەكی دیاریكراویشدا لەگەڵ هێزی ئەمنی بۆ گەڕان و پشكنین دەردەچێت، چونكە ئەو 19 ساڵە پۆلیسە. بەپێی راپۆرتێكی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP).
كاتژمێر 7ـی ئێوارە دەگەڕێتەوە بۆ دوكانەكەیی و بۆ كاتژمێر لەگەڵ كڕیاردا دەمێنێتەوە، بە حسابات شمەكەكاندا دەچێتەوە و پەیوەندی بەو كەسانەوە دەكات سەوزە و میوەی بۆ دابیندەكەن، خشتەی پێداویستییەكانی رۆژی دواتر دادەنێت، ئینجا دوكانەكەی دادەخات و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بە ژەمێكی خۆش لەگەڵ هاوسەر و نۆ منداڵەكەیدا كۆتایی بە رۆژەكەی دەهێنێت.
رۆژەكانی عیسام نزیكەی 10 ساڵە بەوشێوەیە؛ لەوكاتەوەی دوكانەكەی لە ساڵی 2013ـدا كردۆتەوە، كاتێك دەوامی نییە تەواوی رۆژەكەی لە دوكان بەسەردەبات، هەرچەندە كوڕەكەی زۆرباش دوكانەكە بەڕێوەدەبات، بەڵام عیسام بەردەوام هاوكاری دەكات و دەیەوێت دڵنیابێتەوە لە گەیشتی هەموو میوە و سەوزەكان لە كاتی دیاریكراودا و هەموو كڕیارەكانی لێی رازی بن.
دانانی دوكانی بەقاڵیی بیرۆكەی كوڕەكەی بوو، بۆ چەند مانگێك، عیسام بەشێك لە موچەكەی پاشەكەوت دەكرد تا سەرمایەی دوكانەكەی كۆبكاتەوە، شەش مانگی یەكەم سەخت و ماندوكەر بوو، لە گەڕان بۆ دابینكەری بەرهەمەكان تا دانانی دوكانەكە، قورس بوو، بەڵام لەگەڵ كوڕەكەیدا هاوكاری یەكترییان كرد و توانییان بەسەر سەختییەكاندا سەركەون.
"بەردەوام بە منداڵەكانم و گەنجانی گوندەكەم دەڵێم، خەونەكانتان بەدیبهێنن و هەوڵیی جددی بۆ بدەن، ئەوەی لە تواناتاندایە بۆ بەدەستهێنانی كار بیكەن یان كاری بازرگانی بكەن، كار بۆ هەموو كەسێك هەیە، بەڵام پێویستە هەوڵی باشی بۆ بدەن تا بەدەستیدەهێنن" عیسام وای وت.
ئێستا دوو دوكانی بەقاڵیی هەیە، سێ كەس هاوكاری دەكەن لە بەڕێوەبردنی دوكانەكانیدا، لەبەرانبەردا رۆژانە بەرهەمی تازەی سەوزە و میوەیان بێبەرانبەر پێدەدات لەگەڵ مانگانەی یەكی بڕی 100 هەزار دیناری عیراقی (69 دۆلار)، بەڵام عیسام هێشتا هەمان شێواز و رۆتینی رۆژانەی خۆی نەگۆڕیووە، مامەڵەی ئارام و كەسێكی نەرمونیانە.
دوكانەكانی عیسام بژێوییەكی زیاتر بۆ خێزانەكەی دابیندەكات و رۆڵیشی هەیە لە بەهێزكردن و بوژاندنەوەی ئابوری شۆرە.
بازاڕی شۆرە (بەدوری نزیكەی 50كم لە باشوری شاری موسڵ) بەهۆی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە روبەڕوی وێرانكاری بۆوە و 30 دوكان بە تەواوی خاپور بون، دواتر بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) دوكانەكانی بنیاتنایەوە كە سەرچاوەیەكی سەرەكی بژێوی ئەو خەڵكەیە لە دەوروبەری ناحیە هەن و ژمارەیان دەگاتە 67 گوند.
محەمەد جبوری، بەڕێوەبەری شارەوانی شۆرە دەڵێت ئەو كۆمەڵگە بازرگانییەی بەمدواییە كراوەتەوە، پرۆژەیەكی گرنگە بۆ ناوچەكە، جوانیی و پاكوخاوێنی و نوێگەرییەكەی سەرنجی خەڵك بۆ بازاڕیكردن رادەكێشێت، بەوەش پارە بۆ ناوچەكە دەهێنێت و دەبێتە سەرچاوەی بژێوی و هەلیكار بۆ هاوڵاتیان.
"لە كۆمەڵگە بازرگانییەكەدا خۆراك و شمەكی جۆراجۆر پێشكەشدەكرێت، چێشتخانەشی تێدایە و خەڵك حەز بە بازاڕی شۆرە دەكەن چونكە نرخەكانی كەمترە و دەشتوانن بە قیست پارە بدەن، ئێمەش هەوڵدەدەن خاوەنكارەكان ئاسودەبن لەڕێی گرێبەست و كرێی گونجاوەوە"بەوتەی جبوری.
هەروەها وتی "بەهۆی ئەو دوكانانەوە چالاكی ئابوری شۆرە نزیكەی سەدا 50 بەرزبۆتەوە، جگە لە رەخساندنی هەلیكار، ئەوەش بەشێكە لە پرۆژەی دوبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و گەشەپێدانی".
تا كانونی دوەمی 2023، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە چوار پارێزگای عیراقیدا كۆنتڕۆڵكراوی ژێر دەستی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش)، هەزار و 28 دوكانی نۆژەن و بنیاتناوەتەوە، بەوهۆیەوە 290 هەزار كەس سودمەندبون، ئەوەش بە پاڵپشتی حكومەتەكانی ئوسترالیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، دانیمارك، سوید، عیراق، كەنەدا، نیوزلەندا و ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی.
تەنیا لە نەینەوا كە دوكانەكانی شۆرە و دوكانەكەی عیسام-ـی لێیە، 819 دوكان جارێكیتر كراونەتەوە و پاڵپشتی دارایی لەلایەن حكومەتی كەنەداوە بۆ بنیاتنانەوەی كۆمەڵگەی بازرگانی شۆرە دابینكراوە كە 30 دوكانی تێدایە.