هێزە ئەمنییەكانی شنگال كوژرانی فەرماندەی فەوجی 80ی حەشدی شەعبی و دوو چەكداری تری ئەو هێزەیان راگەیاند، ئەوەش دوای ساڵ و نیوێك دیت لە كوژرانی فەرماندەی پێشوی هەمان فەوج.
ئەو فەوجە ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكانی شەڕڤانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ن و لە ساڵی 2020دا لە چوارچێوەی دەستەی گشتی حەشدی شەعبیدا تێكەڵكران و موچەیان بۆ بڕدرایەوە.
دەوروبەری كاتژمێر یەكی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی شوبات، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەیەكی سوپای توركی، پیر چەكۆ، فەرماندەیی فەوجی 80ی حەشدی شەعبیی و دوو چەكداری تر كوژران، بەپێی سەرچاوەیەک تایبەت لە پۆلیسی شنگال.
سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "بۆردومانەكە ئۆتۆمبێلێكی كردۆتە ئامانج، كە پیر چەكۆ فەرماندەی فەوجی 80 و دوو چەكداری تری تێدابووە". روداوەكە لە كۆمەڵگەی خانەسور لە قەزای شنگال رویداوە.
بۆردومانەكە ئۆتۆمبێلێكی كردۆتە ئامانج، كە پیر چەكۆ فەرماندەی فەوجی 80 و دوو چەكداری تری تێدابووە
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەو سێ كەسەی كراونەتە ئامانج، پێشتر شەڕڤانی یهکینهکانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه) بون و دواتر بەپێی رێككەوتنێك لە چوارچێوەی دهستهی حهشدی شهعبیدا دادمهزرێنراون كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە.
لە 17ی ئابی 2021 لە بۆردومانی فڕۆكەی سوپای توركی، بۆ سەر شنگال و فەوجی 80ی حەشدی شەعبی، 10 كەس كوژران و لانیكەم حەوتی تر برینداربون، لە نێویاندا سەعید حەسەن، یەكێك لە فەرماندەكانی یەبەشە و هاوكات فەرماندەى فەوجى 80ى حەشدى شەعبی.
زیاتر لە دوو هەزار شەڕڤان كە رۆڵیان لە كۆنترۆڵكردنەوەی شنگالدا هەبووە لە كۆتایی 2015 و لەژێر دەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی، لە چوارچێوەی فەوجی 80ی حەشدی شەعبیدا دامەزرێنراون، دوای ئەوەی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم رێككەوتنی شنگالیان واژۆكرد كە بەپێی خاڵێكی رێككەوتنەكە هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان رۆڵیان لە دۆسیەی ئەمنی شنگالدا نامێنێت و دەبێت قەزاكە بەجێبهێڵن.
قهزای شنگال، بهدوری 120کم دهکهوێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییهوه سهر بە پارێزگای نهینهوایه، بهڵام ناوچهیهکی جێناکۆکه له نێوان ههردوو حکومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی کوردستان.