راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق، تۆمەتبار دەكات بەوەی لە سەردەمی شەڕی داعشدا لە ساڵی 2015 سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگەی كردووە و 138 گوند و ناحیەی لە كەركوك خاپور كردووە، دانیشتووانەكەشی كە عەرەب بون بە هۆیەوە ئاوارەبون.
ئەو وتەیەی پارێزگاری كەركوك لە كەناڵی ئاسمانی دیجلە، لە وەڵامی چاوپێكەوتنێكی خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق لە پشكی یەكێتی-دا هات كە تیایدا راكان سەعیدی تۆمەتباركرد بەوەی زەوی كشتوكاڵی كورد و توركمان بەسەر پێكهاتەی عەرەبدا دابەش دەكات.
شەوی 3ی نیسان، راكان سەعید لە چاوپێكەوتنێكیدا لە هەمان كەناڵ، جەختیكردەوە "خالید شوانی لە ساڵی 2014 - 2015 سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگەی کردووە لە كەركوك، لەوکاتەی هێزی پێشمەرگە شەڕی داعشی دەکرد، كۆمەڵێك ناوچەیان لەژێر دەستی چەكدارانی داعش ئازادكرد، گوندەكان عەرەبین و ناسراون، هەمویان تۆماركراون و بەڵگە هەیە كە 138 گوندو ناحیەی عەرەبی بون، بەڵام سەد لە سەدی گوندەكان لەلایەن پێشمەرگەوە خاپوركران و خەڵكەكەی ئاوارە كران".
راكان سەعید، تەحەدای كرد "لە رۆژی سەپاندنی یاساوە یەك هاوڵاتی بەبێ فەرمان دەستگیرنەكراوە، بەڵام بەڵگەمان پێیە كە زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتی عەرەب لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن، كە لە دوای ساڵی 2003وە دەستگیركراون".
هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ناوەڕاستی 2014ەوە دەسەڵاتی تەواویان لە پارێزگاكەدا هەبوو، بەڵام لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا دوای گەڕانەوەی سوپای عیراق بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق. پێشمەرگە و هێزەئەمنییەكانی تری هەرێم پاشەكشێیان كرد. ئەو بڕیارە بە "سەپاندنی یاسا" ناوی هێنرا.
ئەو وتانە لەكاتێكدایە هیچ بەڵگەیەك لەبەر دەستی (كەركوك ناو)دا نییە كە خالید شوانی، لەو سەردەمەی راكان سەعید باسی دەكات، بەرپرسیارێتی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگەدا هەبوبێت، بەڵام ناوبەناو لەگەڵ لێپرسراوانی تری یەكێتی-دا بە چەكەوە لە بەرەكانی شەڕی داعش لە كەركوك دەبینرا.
خالید شوانی، كە لەسەر پشكی یەكێتی وەزیری دادی عیراقە، هەفتەی رابردوو، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەهەمان كەناڵ، ناوبراوی تۆمەتباركرد بەوەی "تەعریب" دەكات و وتی "پۆستە حكومییەكان لە كورد وەردەگرێتەوە".
بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوەدا كە لە كۆی چوار قایمقام، هیچیان كورد نین. لە "10 بەڕێوەبەری ناحیەش تەنیا دوو بەڕێوەبەری ناحییە كوردن".
هەروەها بەوە وەسفی راكان سەعیدی كرد كە "یاریی بە ئاگر" دەكات و وتی "زەویی كشتوكاڵی لە جوتیارانی کورد و تورکمان بە عەرەب دەدات"و هۆشداریشدا لەوەی ئەگەر دۆخەكە كۆنترۆڵ نەكرێت خوێنێك دەڕژێت كە كەس ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات.
لەپاڵ ئەوانەشدا ناوبراوی بە "گەندەڵ" ناوبرد و وتی "دەیان دۆسییەی گەندەلی هەیە و فەرمانی دەستگیركردنی لە دادگاكانە".
ئەو وتانە لەكاتێكدایە هەردوو بەرە ناكۆكییان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هەیە كە هەفتەی رابردوو پەسەند كرا، كە تیایدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاساكە دوای 18 ساڵ لە كەركوك و لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
هەروەها ناكۆكی درێژخایەنیان هەیە لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، كە یەكێتی بە مافی كورد و لەناو كورد-یشدا بە مافی خۆیانی دەزانن، دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ئەو پۆستە لە یەكێتی وەرگیرایەوە و لەوكاتەوە راكان سەعید بەوەكالەت بەڕێوەی دەبات.