بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كفری، بڕیاری فەسڵكردنی ئەو خوێندكارەی پەسەندكرد كە لە ئاداری ئەمساڵ خۆی و كەسوكاری هێرشیانكردە سەر بەڕێوەبەری خوێندگەیەك و بە "دار و خاكەناز" سەریان شكاند و قۆڵیان برینداركرد.
ئەو كێشەیە لە 8ی ئاداری رابردوو، لە نێوان بەڕێوەبەرى خوێندنگەى ئیمام محەمەد لە قەزای كفری و خوێندكارێكی 14 ساڵی خوێندنگەكە بەناوی بیلال نەوزاد رویدا، دواتر ئەو خوێندكارە و كەسوكاری هەڵیانكوتایە سەر خوێندنگەكە و لە بەڕێوەبەرەكەیاندا. دۆسییەكە ئێستا لە دادگایە و هەوڵەكان بۆ سوڵحی عەشایەری لە دەرەوەی دادگا شكستیهێنا.
سەیوان عەلى، بەڕێوەبەرى خوێندنگەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 25ی ئادار، ئەنجومەنی مامۆستایانی خوێندنگەكە بڕیاریدا بە فەسڵكردنی ئەو خوێندكارە، رۆژی 5ی نیسانیش پەروەردەی كفری بڕیارەكەی پەسەندكرد".
لەكاتی روداوەكەدا بەپێی ماددەی 230ی یاسای سزادانی عیراقی، خوێندكارەكە و چوار كەسی تری هەمان خێزان دەستگیركران، لە نێویاندا دایكی.
دایكی خوێندكارەكە تەنیا شەش رۆژ لە زیندان مایەوە، ئەوانی تر هەفتەیەك، تەنیا باوكی 20 رۆژ لە زیندان هێڵدرایەوە و دواتر بە كەفالەت ئازادكرا.
"من كێشەكەم بۆ یاسا بەجێهێشتووە، هەموو ئەو هەوڵانەشم رەتكردۆتەوە كە لەلایەن باوكی و كەسوكارییەوە دەدرێن بۆ ئەوەی بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بكرێت"، مامۆستا سەیوان وایوت.
من كێشەكەم بۆ یاسا بەجێهێشتووە و سوڵحی عەشایەریم بۆ چارەسەر رەتكردەوە
شەوی رابردوو كاتێك بۆ (كەركوك ناو) قسەی دەكرد، مامۆستا سەیوان وتی "كەمێك لەمەوبەر جارێكی تر چەند پیاوێكیان ناردبوو تا من سازش بكەم و داواكەم بكشێنمەوە، بەڵام وتم دەبێت یاسا سەروەر بێت".
تائێستا یەك دانیشتنی دادگا لەسەر كەیسەكە كراوە و هەردولا وتەیان لێوەرگیراوە.
لەكاتێكدا پەروەردەی كفری چوارشەممە 5ی نیسان فەسڵكردنی خوێندكارەكەی بۆ ساڵێك پەسەندكرد، بەڵام مامۆستا سەیوان دەڵێت "هەوڵ هەبوو فەسڵنەكرێت و بگوازرێتەوە بۆ خوێندنگەیەكی تر، ئەوەش بەبێ ئاگاداری من كرابوو، بەڵام من قبوڵمنەكرد، چونكە بڕیاری گواستنەوە دەبێت بەڕێوەبەری هەردوو خوێندنگەكە رازی بن، دووەم ئەو خوێندكارە لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی خوێندنگەكەوە فەسڵكرابوو".
ئازاد نەسرەدین، مامى خوێندكارەكە (بیلال نەوزاد)، فەسڵكردنی برازاكەی پشتڕاستكردەوە و وتی "ئەو بڕیارە بۆ ئێمە زۆر قورسە و زیانی بۆ كوڕەكەمان هەیە".
"هەوڵماندا بیلال فەسڵنەكرێت و تەنیا لەو خوێندنگەیە بگوازرێتەوە، ئەوەشمان كرد، بەڵام دواتر مامۆستا سەیوان ئەوەی قبوڵنەكرد، بۆیە دواجار فەسڵیانكرد"، زیاتر وتی "ئێمەش نامانەوێت كێشەكە لەوە زیاتر گەورتر بێت، با یاسا سەروەر ببێت و کوڕەکەشمان فەسڵبکرێت قبوڵمانە... ئێمە قەرزارى مامۆستا سەیوانین لەبەرئەوەى خێزانەکەى بیلال لە سەرەتاى کێشەکەدا توڕەبون و رۆیشتبونە سەر خوێندنگەكە و سەریان شكاند".
بەپێی ماددەی 230ی لە یاسای سزادانی عیراقی كە ئەو خێزانەی پێ تۆمەتباركراوە، هەركەسێك دەستدرێژیی و هێرشبكاتە سەر فەرمانبەرێك یان كەسێكی راسپێردراو بە خزمەتی گشتی، یان ئەنجومەن یان دەستەیەكی گشتی لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكانیاندا، ئەوا بە زیندانی تا سێ ساڵ یاخود بە غەرامە سزادەدرێت.