ژنە رزگاربووەکانی دەستی داعش منداڵەکانی خۆیان لە خێوەتەکانی ئاوارەییدا بەجێھشت، بەهۆی ڕەتکردنی کومەڵگا و غیابی دەستبەری یاسایی بۆ دەستکەوتنی تۆمارە فەرمییەکان، ئەمەش بووە ھۆی بێبەشبوونی دایکەکان لە منداڵەکانیان و بە جێھشتنیان لە خێوەتگەکانی ئاوارەییدا، کە ئەگەری تووشبوون ھەیە لە بێبەشبوون و ژینگەیەکی پڕ لە توندڕەوی کە لە ئەنجامدا ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆڕینیان بە نەوەیەکی تری توندڕەو.
ئیبتیھاج، لە ژێر دەستی داعش لە بەردەم دوو بژاردەدا بوو، یەکەم دەربازبوون لە دۆزەخی داعش، یاخود مانەوە لەگەڵ منداڵەکەی، دواجار رێگەی یەکەمی ھەڵبژارد کە ئەویش ڕزگاربوون بوو لە دەستی داعش و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە منداڵەکەی. "ئەو منداڵەی کە 9 مانگ لەسکمدا بوو و چوار ساڵ بەخێوم کرد بەڵام دواجار بەھۆی نەبوونی ھیچ یاسایەک و ڕەتکردنەوەی کەسوکاری من ماڵئاویم لێکرد".
حەلا سەفیل، رزگاربوویەکی دیکەی ژێر دەستی داعشە و دەیزانی ئەگەر دووگیان بێت ناتوانێت منداڵەکەی لەگەڵ خۆی بباتەوە، بۆیە چەند جارێک حەبی خواردوە تا دووگیان نەبێت .
حەلا سەفیل، سێ جار کڕین و فروشتنی پێوەکراوە، حەوت جار ھەوڵی ھەڵھاتنی دا و ژمارەیەک حەبی خواردوە تا دووگیان نەبێت. ئەو خەڵکی کۆمەڵگای تل قەسەبە سەر بە قەزای شنگال. حەلا وتی "چەکدارانی داعش ھەموو شتێکیان لەگەڵ ئێمە کردوە، ئەوەندە لێی بێزاربووین حەوت جار ھەوڵی ھەڵھاتنم دا ، لەھەمووی ناخۆشتر دەستدرێژی سێکسی بوو. بە دزی ئەوانەوە حەبم خواردوە تا لە ئەوان دووگیان نەبم، چونکە دەمزانی ھیچ کەسێک قبوڵ ناکەت منداڵی باوک داعشی لەگەڵ خۆم بھێنمەوە".
حەلا سەفیل لە 1ـی تەموزی 2017 لەژێر دەستی داعش ڕزگاربووە، زیاتر وتی "ڕاستە ئەو منداڵانە گوناھیان نییە بەڵام ئێمەش ھیچ تاوانێکمان نەکردبوو. داعش ھەموو شتێکی بەسەر ئێمەی ھێنا، وادابنێن ھەندێک لە ڕزگاربووانی ئێزیدی منداڵەکانی باوک داعشی لەگەڵ خۆیان ھێنایەوە، باشە ئەوان چی بەخەڵک دەڵێن لەھەمانکاتدا خەڵک پێی دەڵێن کوری داعش کە ئەوەش کاریگەری زۆر خراپ دەکاتە سەر منداڵەکە".
ھەرمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزدییان وتی "لەڕووی ئایینەوە وەرگرتنی منداڵەکانی داعش دژی بنەمایەکانی ئایینی ئێزیدیە، چونکە ئێمە تەنیا ئەو منداڵانە وەردەگرینەوە کە دایک و باوکیان ئێزیدی بن. تۆمارکردنی ئەو منداڵانە کێشەیەکی ترە ئایا لەسەر ناوی کێ تۆماردەکرێن؟ خۆ ناکرێت لەسەر ناوی دایکیان تۆماربکرێن یان دەبێت لەسەر ناوی باوکی تۆماربکرێن و بنوسرێت (مسلم) لەناسنامەکەیدا، دواتر ئەو منداڵە موسڵمانە دەبێت میراتگری خێزانێکی ئێزیدی ئەوەش جێگای قبوڵکردن نییە".
ئەنجومەنی باڵای روحانی ئێزیدی لە 24ی نیسانی 2019 بریاری دا بە وەرگرتنەوەی تەواوی ژنان و ھاوڵاتیانی ڕزگاربووی دەستی داعش بە منداڵەکانیانەوە، فەتوایەکە ناڕازاییەکی فراوانی بەدوای خۆیدا ھێنا. دوای سێ رۆژ و لە 27ی نیسانی 2019 لەنوسراوێکدا جەختیکردەوە لەوەی ئەوان لە فەتوایەکەیاندا مەبەستیان وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانەی چەکدارانی داعش نەبووە کە لەئەنجامی دەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنانی ئێزیدی لەدایک بوون، بەڵکو مەبەستیان ژنانی ئێزیدی و ئەو منداڵانەیە کە لەتەمەنێکی بچوکدا کەوتونەتە دەست ئەو رێکخراوە.
ئێمە فشار لەسەر ئەو ژنانە ناکەین کە منداڵیان لەداعش ھەبووە
ھەرمان میزا بەگ وتیشی "ئێمە فشار لەسەر ئەو ژنانە ناکەین کە منداڵیان لەداعش ھەبووە، ئەوانەی نایانەوێت دەستبەرداری منداڵەکانی خۆیان بن رێگامان لەھیچ کەسێک نەگرتووە. با کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو ژنانە لەگەڵ منداڵەکانی لە دەرەوەی وڵات سەنتەرێکیان بۆ بکاتەوە و بەخێویان بکات".
سێڤێ حەمو، چالاکوانێکی کچە، خەڵکی قەزای شنگالە زیاتر لە ھەشت ساڵە لە کەمپ دەژی. ئەو وتی "تێکەڵکردنی ئەو منداڵانە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێزیدی تووشی سەدان کێشەیان دەکات. ئێمە ھەموومان لە چارەسەر دەگەڕێین نەک زیادکردنی کێشە، ئەو منداڵانە ھەموویان ڕاھێنراون لەسەر دەیان شتی خراپ و توندەڕەویی. ئەگەر ئەوانە تێکەڵ بە کۆمەڵگای ئێزیدی بکرێن ڕەنگە لە داھاتوو نەوەیەکی زۆر خراپ پەیدا بێت کە دواجار لە دەست ھەموو کەسێک دەردەچێت".
حەمدی بەرواری ، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە شاری دھۆک وتی "بەپێی رێککەوتنامەی مافی منداڵان لە ساڵی 1989 کە لە 54 بەند پێکھاتووە یەکێک لەبەندەکان ئەوەیە دەڵێت ھەر منداڵێک لەدایک بێت پێویستە ژیانی پارێزراو بێت و لە تۆمارە فەرمیەکان ناوەکەی تۆماربکرێت".
حەمدی بەرواری وتیشی "لە جارنامەی جیھانی مافی مرۆڤیش باس لە پاراستنی مافەکانی منداڵان دەکات ، چارەسەر ئەوەیە ئەو منداڵانە لەسەر ناوی دایک یان تۆماربکرێت و ئەمە شتێکی دروستە و لەھەندێک وڵات ئەمە پەیرەوە دەکرێت".
ئیبتیھاج، ناوی خوازراوی رزگاربووەیەکی ئێزیدی کە نەیویست ئاماژە بە ناوی راستییەکەی بکرێت، وتی "لەوکاتەی لەژێر دەستی داعش بووم من لەبەردەم دوو بژاردە بووم، یەکەم دەربازبوون لە دۆزەخی داعش یاخود مانەوە لەگەڵ منداڵەکەم، دواجار رێگەی یەکەمم ھەڵبژارد کە ئەویش رزگاربوون لە دەستی داعش و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە منداڵەکەم".
ئەو ژنە لە ساڵی 2019 لەژێر دەستی داعش رزگاری بووە "چەند هەفتەیەک بەرلەوەی ڕزگاربکرێم لە دەستی داعش، لەگەڵ کەسوکاری خۆم بە تەلەفون قسەمان کرد، وتم منداڵێکی شەش مانگی لە چەکدارێکی داعشم ھەیە رازین بیانھێنمەوە؟ ھەموویان وتیان بەھیچ شێوەیەک ئەو منداڵە وەرناگرین چونکە لای کۆمەڵگە و مەرجەعی باڵای ئێزدییەکان قبوڵ ناکرێن".
"ھەندێکجار بیری ئەو منداڵە دەکەم کە ئایا ئێستا لە چ شوێنێکە، لەژیاندا ماوە یاخود کوژراوە؟ یان لەگەڵ کێ دەژیت؟ ھۆکاری لە دەستدانی منداڵەکە بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکار بوو لەوانە نەبوونی ھیچ یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی ژیان و تۆمارکردنی ئەو منداڵانەیە، ڕاستە لە دەرەوەی ئیرادەی من لەدایک بووە بەڵام ھەر چونێک بێت منداڵەکە ھیچ تاوانی نییە" ئیبتیھاج وای وت.
سوزان سەفەر، بەرێوەبەری 'ڕێکخراوی داک'ە بۆ گەشەپێدانی ژنان، وتی "ئەو منداڵانە ھیچ گوناە و تاوانیان نییە، بەڵام ناکرێت عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار لەسەر ئێزدییەکان بکەن کە وەریانبگرنەوە، چونکە لە ڕووی ئایینەوە دژی دەقەکانی ئایینی ئێزیدییە، ھاوکات کۆمەڵگاش ئەوان قبوڵ ناکات."
سوزان سەفر وتیشی "ھیچ کۆمەڵگایەک ئەو منداڵانە وەرناگرنەوە، چونکە پێچەوانەوەی دابونەریتەکانە، ھیچ کەسێک ئامادە نییە دابونەریتەکانی خۆی بشکێنێت. چارەسەر ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شێلتەرێک بکاتەوە تایبەت بۆ ئەو منداڵانە و ئەو ژن و کچانەی دەیانەوێت لەگەڵ منداڵەکانیان بژین و نایانەوێت بگەرێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان".
دەروێش چوکی، بەرێوەبەری 'ڕێکخراوی تولا' تایبەت بە ڕزگاربووانی دەستی داعش وتی "ھەندێک حاڵەت رووبەرووی ئێمە بوونەتەوە کە ھەندێک ژن و کچ دەیانویست ئەو منداڵانەی لەباوکی داعش لەدایک بوون لەگەڵ خویان بھێننەوە، ھەرچەندە ئاماری وردم نییە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانم ژمارەی ئەو منداڵانەی لە باوکی داعش لەدایک بوون سەرووی 100 منداڵ دەبن".
"دوو تا سێ ژن لەکاتی رزگارکردنیان منداڵەکانی باوک داعشی لەگەڵ خۆیان ھێناوە، کەسوکاریان قبوڵیان نەکرد بێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێزیدی و منداڵەکان گواسترانەوە بۆ خانەی ھەتیوەکان لەشاری موسڵ (دار الایتام)، فشار لەسەر ھیچ ژن و کچێک ناکەین کە دەستبەرداری منداڵەکانی خۆیان بن ئەوان ئازادن بەتەنیا بگەرێنەوە بۆ ناو کەسوکاری یان خۆیان یان لەگەڵ منداڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام دەبێت بۆ ئەو حاڵەتانە ئەوان خۆیان رێگایەکی تر ھەڵبژێرن، چونکە تا ئێستا ھیچ یاسایەک بۆ پاراستن و تۆمارکردنی ئەو منداڵانە دەرنەچووە". دەروێش چوکی وای وت.
ژمارەی ئەو منداڵانەی لە باوکی داعش لەدایک بوون سەرووی 100 منداڵ دەبن
بەپێی یاسایی کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو کە لەساڵی 2016 لە ڕۆژنامەی وەقایعی عیراق بڵاوکراوەتەوە، منداڵی نەوجەوان شوێنکەوتەی دایک یان باوکیان دەبن کە لەسەرئاینی ئیسلامن، ھەروەھا لە ماددەیەکی تردا ھاتووە کە ئەو منداڵانەی دۆزراونەتەوە یان باوانیان نادیارە بە موسڵمانی عیراق دادەنرێن، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە نەسەلمێنرێت.
بەھادین دەشتانی، پارێزەری ڕاوێژکار لە دادگای دھۆک وتی "تائێستا لە عیراق یاسایەکی تایبەت بەو منداڵانە دەرنەچووە کە لە فەرمانگەی ڕەگەزنامەی نیشتیمانی تۆمار بکرێن. ئەگەر بگەرێینەوە بۆ یاسای ڕەگەزنامە ژمارە 26 لە ساڵی 2006 ھەروەھا دەستوری عیراق ماددەی 18 کە دەڵێت ھەر ژن و پیاوێک کە منداڵیان ھەبوو لە خاکی عیراقدا ئەو منداڵە مافی ئەوەی ھەیە لە ڕەگەزنامە تۆماربکرێن باوک یان دایکی ئەو منداڵەیە عیراقی بێت".
ئەگەر ژن داوا بکات منداڵەکە لە ڕەگەزنامە تۆمار بکرێت، دەبێت یەکەمجار لە دادگایەکی عیراق بۆ دادگا بەسەلمێنێت کە ھاوسەرگیری لەگەڵ کێ کردوە، دوای ئەوە دەبێت (اپبات نسب) بۆ منداڵەکەی خۆی بکات کە باوکی داعشی بووە ئەگەر ئەوەش نەکرا و ھیچ بەڵگەیەکی نەبوو، دەتوانێت لەرێگای دوو شاھید بێت. بەڵام ھەموو ئەمانە بۆ ژنانی ئێزیدی زۆر قوڕسن. چۆن دەتوانێت بزانێت ھاوسەرگیری لەگەڵ کێ کردوە لەوانەیە ھەر پیاوەکە کوژرا بێت، یان دوو شاھد لە کویێ بھێنێت". بەھادین دەشتانی وای وت.
بەھادین دەشتانی وتیشی "تائێستا نزیکەی 5 ھەزار منداڵ کە دایکیان عیراقییە و باوک داعشی لە کەمپی ھوڵ و رۆژئاوای کوردستانن، لە 2019 و 2020 ھەوڵێک ھەبوو کە یاسای ژمارە 26 ساڵی 2006 کە تایبەتە بە رەگەزنامە ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام سەری نەگرت و تا ئێستا ھیچ گوڕانکارییەک لە یاسایەکەدا نەکراوە".
بەھادین دەشتانی ئاماژە بە چارەسەری ئەم بابەتە دەکات و دەڵێت "ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 26ی ساڵی 2006 کە یاسای رەگەزنامەیە، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەم یاسایە ھەمواربکاتەوە و ماددەیەک ئیزافە بکرێت و تۆمارێکی تایبەت دروست بکرێت بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە و بارەگای ئەم تۆمارە لەبەرێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە لە بەغدا بێت".
ئەحلام ، ناوی خوازراوی رزگاربوویەکی دیکەی ئێزیدییە، دوای ڕزگاربوونی لەژێر دەستی داعش بەیەکجاری ماڵئاوایی لە عیراق کردوە ئێستا لە وڵاتێکی ئەوروپی دەژیت، وتی "چوار ساڵ لەژێردەستی داعش بووم، لەھەمووشی ناخۆشتر بە زۆر لە چەکدارێکی داعش دوو گیان بووم، پێش ئەوەی منداڵەکە لەدایک بێت زۆر ھەوڵم دا لەباری ببەم، بەڵام چەکدارەکەی داعش بەوردی چاودێری منی دەکرد و بەناچاریی منداڵەکە لەدایک بوو".
"زیاتر لە دوو ساڵ منداڵەکەم بەخێو کرد بەڵام دواجار ماڵئاوایی یەکجارەکی لێم کرد، لە 2019 لەژێر دەستی داعش رزگاربووم، منداڵەکەم لەگەڵ خۆم نەھێنا، چونکە کەسوکاری من قبوڵیان نەکرد، بیری منداڵەکە دەکەم کە چوون ماڵئاواییم لێکرد، ئێستاش دەڵێم تاوانی ئەو منداڵە چییە کە ھاتە سەر دونیا و چارەنوسی دیارنییە " ئەحلام وای وت.
لە پەرلەمانی کوردستان تائێستا ھیچ پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەم پرسەیە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە بەڵام لیژنەی مافەكانی مرۆڤ ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە.
گوڵستان باقی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی مافەكانی مرۆڤ وتی "دەتوانین پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، زۆرجار لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ گفتۆگۆمان کردوە، بەڵام تائێستا ھیچ پرۆژە یاسایەک لەسەر منداڵانی باوک داعشی ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار نەکراوە، ئەگەر ئێمە پرۆژە یاسایەک لەسەر ئەم پرسەیە ئامادە بکەین یەکەمجار ڕاوبۆچونی جڤاتی روحانی ئێزیدی و لایەنی پەیوەندیدار وەردەگرین، ئینجا پرۆژەکە ئامادە دەکەین و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین".
میرزا خەڵەف، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال و شارەزا لە بواری سەربازی وتی "ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو منداڵانە لە ئاییندەدا دەبنە کەسانی شەڕکەر و توندەڕەو، چونکە چەکدارانی داعش لەکاتی خۆی ھەموو ڕاھێنانێکی چەکداری و چونیەتی خۆ تەقاندنەوە لەناو خەڵکیان پێکردوە، ھەروەھا ڕاھێنراون لەسەر بەکارھێنانی ھەموو جۆرە چەکێک، لەھەمووشی خراپتر وانەکانی توندەڕەوی بەرامبەر کۆمەڵگا".
خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی سەر بە حکومەتی ھەرێم وتی "بابەتی منداڵانی داعش تەنھا پەیوەست نییە بە ئێزدییەکان، چونکە ھەر ناوچەیەکی داعش داگیری کردبێت زەواجی (نیکحاح)ـیان لەگەڵِ کچ و ژنان کردوە، ئەمە حاڵەت نییە بەڵکو بە ھەزاران منداڵ ئێستا لە ئەنبار، موسڵ و سوریا بەمشێوەیە لەدایک بوونە، زۆر سەیرە بۆچی تەنھا باسی ئێزدییەکان دەکەن، لەکاتێکدا حاڵەتی ئێزدییەکان جیاوازە وەکو (سەبی) مامەڵەیان لەگەڵ کردوە".
خەیری بۆزانی وتیشی "بەبڕوای من نابێت بەھیچ شێوەیەک ئەو منداڵانە بگەرێنرێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێزیدی، چونکە لەجیاتی چارەسەرکردن دەیان کێشەی تر رووبەرووی ئێمە دەبێتەوە، ھەر کەسێک لە خەمی ئەو منداڵانەیە با بفەرمووت منداڵەکان لەگەڵ دایکیان لە دەرەوە شێلتەرێک بۆیان دروست بکات".
ئەم راپۆرتە رۆژنامەوانییە بەپاڵپشتی دارایی INTERNEWS و GIZ بەرھەمھێنراوە