روفاتی چەند كەسێك لەناو مەنهوڵی خانوویەكدا دۆزرانەوە

شنگال/ ئایاری 2023/ دۆزینەوەی روفاتی چەند كەسێك لە ناو مەنهوڵی خانوییەكی چۆڵدا. فۆتۆ: لەیس حسێن

کەرکوک ناو

روفاتی چەند كەسێك كە گوماندەكرێت مێژووەكەی بۆ سەردەمی شەڕی داعش بگەڕێتەوە، لەناو مەنهوڵی خانوویەكی چۆڵدا لە ناحیەی گرعوزێر لە باشوری چیای شگال دۆزرایەوە.

ئەلیاس شڤان، خاوەنی ئەو خانووەی روفاتەكانی تیادا دۆزراوەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند رۆژێك لەمەوبەر بڕیارماندا کە سەردانی ماڵەکەمان بکەن لە ناحیەی گرعزێر، بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بكەین بۆ گەڕانەوە، بەڵام دوای پشكنین بینیمان چەند روفاتێك لەناو مەنهۆڵی خانووەكەدان".

ئەلیاس لە دوای شەڕی داعش و دەستبەسەراگرتنی تەواوی قەزای شنگال لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە 3ی ئابی 2014 شنگالی بەجێهێشتووە و لە ئاوارەییدا دەژیت.

rufat2
شنگال/ ئایاری 2023/ وێنەی ئەو خانووەی تیایدا چەند روفاتێكی لێ دۆزرایەوە. فۆتۆ: لەیس حسێن

"هەر كە روفاتەكانمان بینی، بنکەی پۆلیسی گرعزێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگاداركردەوە، داوا دەکەین بە زوترین کات ئەو بابەتە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی کەسوکاری ئەو قوربانیانە چارەنوسیان بزانن و هەروەها ئێمەش بتوانین بگەڕێینەوە ماڵەکەی خۆمان"، ئەلیاس وای وت.

گرعوزێر ناحیەیەكی سەر بە قەزای شنگالە و زۆرینەی دانیشتووانەكەی ئێزیدین.

خێری عەلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی بەتریکور بۆ مافەكانی مرۆڤ لە شنگال، وتی "بە نوسراوی فەرمی تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان ئاگاداردەکەینەوە... ئەمە دووەم گۆڕی هاوشێوەیە لە ئەمساڵدا دۆزراوەتەوە، ئەوەی تر لە کۆمەڵگای سیبای شێخ خدر بوو".

لە 28 ئاداری ئەمساڵ چوار گۆڕی تری بە كۆمەڵ لە خۆرهەڵاتی شنگال لەلایەن تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عیراقەوە هەڵدرانەوە.

بەپێی ئاماری رێكخراوی  بەتریكور تائێستا و بەهۆی شەڕی داعشەوە 90 گۆڕی بە کۆمەڵ لە ناوچە جیاوازەكانی شنگال دۆزراونەتەوە و 42 گۆڕی بە كۆمەڵیان هەڵدراونەتەوە.

rufat1
شنگال/ ئایاری 2023/ وێنەی ئەو خانووەی تیایدا چەند روفاتێكی لێ دۆزرایەوە. فۆتۆ: لەیس حسێن

چه‌كدارانی داعش؛ له‌ ئابی 2014ـدا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا، شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، لە نێویاندا سێ هەزار و 548 كەس لە رەگەزی مێ، ئەوەش به‌پێی ئامارەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كە تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی تائێستا سێ هەزار و 562 كەس رزگاركراون، لە نێویاندا هەزار و 207 ژن و كچ، لەگەڵ دوو هەزار و 16 منداڵ لە هەردوو رەگەز، هێشتا دوو هەزار و 693 رفێنراویش بێسەروشوێنن كە هەزار و 262 كەسیان لە رەگەزی مێ-ــن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT