ئێزیدییەكان دڵیان بۆ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كردەوە

شنگال/ 9ی ئاداری 2023/ ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەگەڵ چەند كیژۆڵەیەكی ئێزیدی نەمام دەچێنێت. فۆتۆ: رێكخراوی بەتریکور

كەركوك ناو

ئێزیدییەكان لە شنگال دڵخۆشبون بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ قەزاكەیان، وەك پاڵپشتییەكی گرنگ بۆ دۆزی ئێزیدییەكان وێنایان كرد.

ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، رۆژی 9ی ئادار گەیشتە قەزای شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان- و لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكان كۆبۆوە و گوێی لێگرتن، ئەو جەختیكردەوە لە بەردەوامی هاوكارییەكانیان بۆ كۆمەڵگەی ئێزیدی لە عیراق.

میرزا دینایى، یەكێك بوو لەو كەسانەی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كرد و بۆ ماوەی كاتژمێرێك بە بەشداری نوێنەرانی رێكخراوە ناحكومییەكانی ناوچەكە لەگەڵیدا كۆبونەوە، وتی "باسی دۆخی شنگالمانکرد لە هەموو رویەکەوە، بەتایبەت ئەو تەحددیانەی روبەڕوی خەڵک دەبنەوە لەڕوی سیاسی، ئاسایش و پرسی گەڕانەوەی خەڵک... هەروەها باسمان لەوە كرد كە چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم قۆناغەدا هاوکاری خەڵکی ناوچەكە بكات، داوامانكرد سندوقێكی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریكردنی خەڵك دروستبكرێت".

ماڵی پێكەوەژیان، كە ناوەندێكی روشنبیریی و کۆمەڵایەتیی نا حكومییە  لە ناحیەی سنونێ و لەلایەن میرزا دیناییەوە پشتگیری دارایی دەكرێت، بووە یەكەم وێستگەی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا.

دینایی خاوەنی خەڵاتی ئۆرۆرا بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی كە لە ساڵی 2019 لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا پێبەخشرا، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كۆبونەوەكەدا باسی پرسی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییمانكرد بۆ شنگال و دەوروبەری، بەتایبەت پرسی پەروەردە و تەندروستی و زۆر بواری تر، گوێی لە داواكاریی و پێشنیارەكانمان گرت و بەگشتی گەشبین بوین بەو سەردانە".

جەختیشیكردەوە "سەردانەكەی وەزیری دەرەوە بەمانای ئەوە دێت کە ئەڵمانیا هەرگیز ئێزیدییەکان لەبیر ناکات و هەموو کاتێک پشتگیریی و هاوکارییان دەکات، هاتنەکەی نامەیەكی دڵخۆشکەرە بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی".

سەردانەكەی وەزیری دەرەوە بەمانای ئەوە دێت کە ئەڵمانیا هەرگیز ئێزیدییەکان لەبیر ناکات

ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت كە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە دانیشتنێكیدا لە 19ـی كانونی دوەمی 2023، بڕیاریدا پێشێلكاریی و تاوانەكانی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" دژ بە پێكهاتەی ئێزیدی لە عیراق، وەك جینۆساید بناسێنێت.

anlinaa
شنگال/ 9ی ئاداری 2023/ ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەنێو گۆڕستانی تایبەت بە قوربانیانی ئێزیدی لە گوندی كۆجۆ. فۆتۆكە لە پەیجی میرزا دینایی وەرگیراوە

ئەوكات ئەنالینا بێربوك، لە چەند تویتێكدا بە زمانی كوردی نوسیویەتی "سێ ساڵ لەمەوبەر ژنانێکی ئێزیدیم لە باکوری عێراق بینی: رفێندرابون، کۆیلە کرابون، دەستدرێژیان کرابووە سەر. ئازارەکانیان بەرم نادەن. بوندستاگ (پەرلەمانی ئەڵمانیا) بڕیاری دا، تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزیدییەکان وەک خۆیان ناو بنێت: #جینۆساید".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی بازاڕی کۆنی ناوەندی شنگالی کرد، لەگەڵ ئێزیدییەكان گفتوگۆی كرد، "من هاتووم لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ئێوە بم". هەروەها لە لێدوانێكیدا وتی "ئێمە نەمانتوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان پشتگوێبخەین، لەگەڵ قوربانییەكان وەستاینەوە... دەمانەوێت هاوكاریی ئەو كەسانەش بكەین كە كۆچیان كردووە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

من هاتووم لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ئێوە بم

گەورەترین ژمارەی پەنابەرانی ئێزیدی لە ئەڵمانیایە و ژمارەكە بە 150 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، بەپێی دامەزراوەی میدیایی (DW)ـى ئەڵمانی.

خەیری عەلی، لێپرسراوی رێکخراوی بەتریکور بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە یەكێكی تر بوو لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بە (كەركوك ناو)ی وت "پرسی مافی مرۆڤ و ئەو کێشانەشمان باسكرد كە رۆژانە روبەڕوی خەڵکی شنگال دەبنەوە، باسی قوربانییەكانمان كرد و ئاماری وردی پێشێلكارییەكانی سەردەمی چەكدارانی داعشمان بۆ رونكردەوە".

"ئێزیدییەکان بەگشتی هیوایەکی باشیان بە وڵاتی ئەڵمانیا هەیه، چونکە لە زۆر قۆناغی سەختدا هاوکارییان كردوین، هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەم قۆناغەدا زۆر گرنگ بوو، هیوادارین زیاتر پشتگیریی و هاوکاری ئێمە بکات".

قاسم رەشۆ، دانیشتویەكی ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال، دەڵێت لە میدیاكانەوە زانیویەتی كە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هاتۆتە شنگال و بە هاتنی دڵخۆش بووە.

almania
شنگال/ 9ی ئاداری 2023/ سەردانی ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بۆ خوێندنگەیەكی قەزاكە. فۆتۆ: رێكخراوی بەتریکور

"دەیان کێشەمان هەیە، بە دانانی ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە دەتوانرێت خزمەتگوزاریی بۆ هەموو ناوچەكە بگەیەنرێت"، قاسم رەشۆ وایوت.

لە ئێستادا شنگال دوو ئیدارەی هەیە، ئیدارەیەكی لە دهۆكەوە كاروباری هاوڵاتیانی شنگال رایی دەكات، ئیدارەی دووەم لەناو شنگالە و هەردوو ئیدارەكە دانبەیەكدا نانێن.

قسام رەشۆ وتی "داوادەكەن ئەو داواکارییانەی پێشکەشی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كراون، لە نزیکترین کاتدا جێبەجێبکرێن".

دواین وێستگەی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ گوندی کۆجۆ بوو، كە چەكدارانی داعش گەورەترین کۆمەڵکوژییان لێ ئەنجامدا، لەوێ چەپکە گوڵی لەسەر گوڕستانەکە دانا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT