پارێزەرانی ئاوی عیراق ماڵئاوایی یەكجارییان لە لاوێكی بەهرەمەندی دۆستی ژینگە كرد، دوای دووساڵ كاركردنی بەردەوام لەو بوارە بەشێوەی خۆبەخش، بەڵام دەڵێن بیرۆكە و تێڕوانینەكانی بۆ ژینگە لەناو ئەواندا دەمێنێتەوە و ئیلهامبەخشە بۆ كاری داهاتویان.
دیاكۆ سامان (22ساڵ) ئەندامی تیمی رێكخراوی پارێزەرانی ئاوی عیراق، 4ی ئایار، گیانیلەدەستدا، دوای تێپەڕبونی تەنیا هەشت مانگ بەسەر نەخۆشییەكەیدا (شێرپەنجە).
هاوڕێیان و كەسوكاری دەڵێن لە دوو ساڵی بەر لە توشبونی بە نەخۆشی، هەموو ژیانی بۆ پاراستنی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەكانی تەرخانكردبوو، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی خەڵك بۆ پاراستنی ژینگەكەیان.
نەبیل موسا، سەرۆکى رێکخراوى پارێزەرانى ئاوی عیراق، دەڵێت دیاكۆ كەسێكی بە تواناو دڵسۆز بووە لە كارەكەیدا، "بەڕاستی لێهاتوو و بەهرەمەند بوو، ئەوەندە بە توانا و بەجۆش بوو بۆ فێربون لە بواری پاراستنی ئاو و ژینگە، لە ئێمە زیاتر زانیاریی و هۆشیاریی لەو بوارەدا پەیدا دەكرد".
دیاكۆ لەگەڵ پارێزەرانی ئاو وەرگێڕ بوو لە سۆسیال میدیاكەیان بۆ هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، هەروەها لەگەڵ تیمەكانیش دەچووە دەرەوە، موزیسیان بووە و لەڕێی هونەریشەوە هۆشیاریی ژینگەیی بڵاودەكردەوە، بەتایبەت هۆنراوە.
"كە ماسییەكان تیاچوون، بۆق و گژوگیا ئاژەڵ نەمێنن، ڤایرۆس بڵاودەبێتەوە، ئەوكات ئێمەش نامێنین"، نەبیل موسا وتی "لەسەر ئەم بنەمایە دیاكۆ روئیای خۆی بۆ ژینگە دەردەبڕی لەڕێی میوزیكەوە".
كە ماسییەكان تیاچوون، بۆق و گژوگیا ئاژەڵ نەمان، ڤایرۆس بڵاودەبێتەوە، ئەوكات ئێمەش نامێنین
هەروەها وتی "بەردەوام دەیوت دەبێت كاری زیاتر بكرێت بۆ پاراستنی ژینگە و ئاو، زۆر توڕە دەبوو كاتێك دەیبینی هەندێك كەس ژینگە پیس دەكەن".
لە دواین كارەكانی دیاكۆ لەگەڵ پارێزەرانی ئاو، تۆماركردنی زنجیرەیەك ڤیدیۆ بوو لەسەر هۆشیاریی ژینگەیی، بەڵام نەخۆشی نەیهێشت ڤیدیۆكانی تەواو بكات و كاتێكزانی نەحۆشی هەیە و دەستیكرد بە وەرگرتنی چارەسەر بۆیە نەیتوانی بەردەوامبێت.
ئەو لە تشرینی یەكەمی 2022 توشی نەخۆشی بوو، بادینان محەمەد رەزا، پوری دیاكۆ دەڵێت دیاكۆ سەرسەختانە لە بواری ژینگە و پاراستنی ئاو-دا كاریكردووە. "هەموو جارێك كە لە كاركردن دەگەڕایەوە خەمی دەخوارد، دەیوت "بۆچی دەبێت ئاوى تانجەڕۆ ئاوا پیسبكرێت".
چەمی تانجەڕۆ دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای سلێمانییەوە، ئاوەڕۆی سلێمانی تێكەڵ بە چەمەكە دەبێت و پیس بووە. ماڵی دیاكۆ نزیك بوو لە تانجەڕۆوە.
بادینان وتی "ئەو تاقانەی خوشكەكانی بوو، زۆرینەی كات باسی ژینگە و پاراستنی ئاوی بۆ دەكردین، زۆر كاریگەری لەسەرمان هەبوو، لەپاڵئەوەشدا گرنگی بە پرسی مافەكانی ژنان دەدات و دەیوت نابێت لە نێوان هەردوو رەگەزەكەدا جیاوازی بكرێت، زۆر خەمی بۆ گەندەڵی لە دامودەزگەكان دەخوارد، هەموو ئەمانە بوو بون بە خەمی ئەو".
ئاو، ژینگە، مافی ژنان و پرسی گەندەڵی هەموی بووبون بە خەمی دیاكۆ
هەینی رابردوو 12ی ئایار هاوڕێیەكانی چونە سەر گۆڕەكەی، ئەوەش لەپێناو یادکردنەوەی ئەو هاوڕییەیاندا.
لە راگەیەنراوێكی پارێزەرانی ئاو-دا لەبارەی دیاكۆوە، هاتووە "لەكاتێكدا خەمباری ئەم لەدەستدانە گەورەیەین، با ئاهەنگی ژیانی ئەویش بگێڕین و ئیلهام لەو سۆز و داهێنان و خۆشەویستییە وەربگرین کە لەگەڵ هەمووماندا هاوبەشی کردووە".
نەبیل موسا بە (كەركوك ناو)ی وت "دیاكۆ زیاد لەوەی پێی سپێرداربوو كاریدەكرد، ئێمە دڵخۆشبوین بە توانا و بەهرەكانی، وێنەى ژینگەیی دەگرت و نوسینی هۆشیاریی لەسەر دەنوسی و بڵاویدەكردەوە، هەندێك كات نوسینەكانی بەدەنگ تۆماردەكرد و بە ڤیدیۆ بڵاویكردەوە، هەموو ئەمانەی لەپێناو پاراستنی ئاو و ژینگەدا بوو".
زیاتر وتی "ئەو نمونەیەکى زۆر بەرچاو بوو بۆ پاراستنی ژینگە و ئاو، یەکێکە لەو کەسانەى کە ئەوەى دەیوت لەسەر ژینگە گاڵتە نەبوو (گرنگ بوو)، ئەو زۆر خەمی ژینگەی بوو و دەیویت تێكچونی ژینگەو پیسبونی دەبێتەهۆی نەخۆشی، خۆیشی بە نەخۆشی شێرپەنجە بەجێیهێشتین".