شنگال پەرە بە پیشە "شیرینەكە" دەدات
10 تەن هەنگوینی بەرهەمهێناوە

نه‌ینه‌وا، 2019، هەنگەوانێك، هه‌نگوین رۆده‌كاته‌ نێو قاپێكه‌وه‌ فۆتۆ: UNDP

كەركوك ناو

100 هەنگەوانی ناحیەی سنونێ لە شنگال لە ساڵی رابردودا توانیویانە 10 تەن بەرهەمی هەنگوین بەرهەمبهێنن، داواكارن، لە حكومەت دەستگیرۆییان بكات بۆ ئەوەی پەرە بە پیشە "شیرینەكە" بدەن و بەرهەمی هەنگوین زیادبكەن.

ئەو داواكارییەی هەنگاوانان هاوكاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی هەنگ كە 20ی ئایاری هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەكرێتەوە.

کامل عەلى خدر، 15 ساڵە هەنگەوانە، ئەمساڵ بە بەهای 10 ملیۆن دینار 100 هەنگی كڕیوە، وتی "دوو ساڵە بەهۆی كەمی بارانبارین و نەبونی سەوزایی پێویست، زۆرێك لە هەنگەكانم مرداربونەوە، بۆیە پێویست بوو هەنگی تر بكڕم و خوازیارم بتوانم لەو رێیەوە بەرهەم زیاتر بكەم".

"پێویست بوو حكومەت هاوكاریمان بكات، من مۆڵەتی رەسمی كشتوكاڵم هەیە وەكو هەنگەوان، تائێستا تەنیا دوو هەنگیان پێداوم، خواردنی هەنگەكان و پێداویستییەكانی تر هەموی لەسەر حسابی خۆمانە"، كامل عەلی زیاتر وتی "ئەگەر حكومەت هاوكاریمان بكات دەتوانین بەرهەم زۆر زیاتر بكەین".

خواردنی هەنگەكان و پێداویستییەكانی تر هەموی لەسەر حسابی خۆمانە

لە سەردەمی شەڕی داعش لە عیراق (2014 - 2017) هەنگاوانان پریشكی زیانەكانی ئەو شەڕەیان بەركەوت و بەشێكی زۆری هەنگەكانیان لەناوچوو، كاتێك ئاوارە بون، هەنگ لە شنگال بەزۆری لە چیای شنگال -‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانه‌ له‌ سنوری نێوان عیراق و سوریا له‌ خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا- بەخێودەكرێت.

دەستپێكردنەوە بە بەخێوكردنی هەنگ لە دوای شەڕی داعش لە ناوچەكە، بە هاوكاریی چەند رێكخراوێكی ناوخۆیی و دەرەكی بوو، وەك كامل عەلی وتی، بەڵام داخوازیی هەنگەوانان زیاترە بۆ هاوكاریی.

له ساڵی‌ 2017دا كاتێك حكومەتی عیراق كۆتایپێهاتنی داعشی-ی لە عیراق راگەیاند، رێکخراوێكی ناحکومی (پڕۆژەی گوندی بچوكی زاخۆ) بە پشتیوانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ په‌ره‌پێدان لە عیراق (UNDP) و حکومەتی ئەڵمانیا له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و پارێزگای دهۆك، هەنگیان بەسەر 200 ماڵدا دابەشكرد، دوای بینینی راهێنانێكی چڕ بۆ چۆنیەتی بەخێوكردنیان.

haaang
نەینەوا/ تەمموزی 2019/ هەنگەوانان لەكاتی خزمەتكردنی هەنگەكانیان لە قەزای شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

تەنیا لە سنوری ناحیەی سنونێ لە شنگال، 80 هەنگەوان هەن، ئەوەش بەپێی ئاماری هۆبەی كشتوكاڵی ناحیەكە، بەڵام تەنیا شەش هەنگەوان لەو هۆبەیە تۆماركراون.

هادى کتى، لێپرسراوی پاراستنى بەرهەم لە هۆبەی كشتوكاڵی ناحیەی سنونێ لە شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 80 هەنگەوانە، نزیكەی هەزار و 800 هەنگیان هەیە، ساڵی رابردوو بەرهەمەكانیان 10 تەن بوو...".

ئەو زیاتر وتی "تا دوو مانگ لەمەوبەر پێشبینیمان دەكرد ئەمساڵ بەرهەمەكە زیاتر بێت، بەڵام خۆڵبارینی ئەمدواییە كاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر هەنگ و پێدەچێت ئەمساڵ بەرهەم زیاد نەبێت".

تا دوو مانگ لەمەوبەر پێشبینیمان دەكرد ئەمساڵ بەرهەمەكە زیاتر بێت، بەڵام خۆڵبارینی ئەمدواییە كاریگەری زۆر خراپی هەیە

بەرەکات عیسا، لێپرسراوێكی تری هۆبەی كشتوكاڵی سنونێ، وتی "کێشەى سەرەکى هەنگەوانانى قەزاى شنگال نەبونى هاوکاریییە لەلایەن حکومەتەوە، ساڵی رابردوو رێکخراوەکان کۆمەڵێک هاوکارى جۆراوجۆری وەکو دابەشکردنى هەنگ و پێداویستى بەخێوکردنی بۆ دابینكردن، بەڵام ئەمساڵ هیچ هاوكارییەك نەبوو".

پشتگوێخستنی هەنگەوانانی شنگال لەكاتێكدایە، هەنگوینی ناوچەكە لە باشترینەكانی هەنگوین لەسەر ئاستى عیراق دادەنرێت.

"ئەمساڵ بڕی باران باشتربوو، ئەوەش لە سودی هەنگەكانە، ئەگەر هەنگەوانان هاوكاریی بكرێن بەرهەم زۆر زیاتر دەكەن"، بەرەكات عیسا وایوت.

لە شنگال 20 هەنگەوان هەن، كە 12یان بەڕەسمی تۆماركراون.

موحسن عەلى ، لێپرسراوى بەشى پلاندانان لە هۆبەى کشتوکاڵى شنگال وتی "هەر کەسێک ئەگەر لەسەروى 16 هەنگ بەخێو بکات لای ئێمە تۆماردەكرێت و هاوكاریی دەكرێت، بەڵام لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و هاوكارییەكان زۆر كەمن".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT