(كەركوك ناو) كۆتایی بە پڕۆگرامی نوسینی چیرۆكە هەواڵ هێنا

سلێمانی/ 23ی ئایاری 2023/ بەشداربووەكان لە مەراسیمی كۆتایی پڕۆگرامەكەیاندا. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دامەزراوەی (كەركوك ناو) كۆتایی هێنا بە پڕۆگرامی نوسینی چیرۆكە هەواڵ، كە تیایدا پێنج فێرخواز بۆ ماوەی 12 هەفتە، راهێنانی چڕیان وەرگرت لەسەر چۆنیەتی ئامادەكردن و نوسینی چیرۆكە هەواڵ.

لە 1ى شوباتى 2023، (كەركوك ناو) بانگه‌وازى ده‌ستپێكى پڕۆگرامى "نوسینى  چیرۆكه‌ هه‌واڵى بۆ ده‌ستپێكه‌ران" راگه‌یاند و 84 فێرخواز فۆرمی بەشداریكردنیان پڕكردەوە، دواتر پێنج كەسی خەڵكی شارەكانی سلێمانی، كەلار، چەمچەماڵ و رانیە لەلایەن لیژنەیەكەوە بۆ پڕۆگرامەكە هەڵبژێردران. لە 20ی شوبات یەكەم راهێنانیان وەرگرت.

ئاهەنگ حەبیب، لێپرسراوی بەشی گەشەپێدان لە دامەزراوەی (كەركوك ناو)، وتی "ئامانجی سەرەكی پڕۆگرامەكە فێركردن و گەشەپێدانە بە توانای ئەو گەنجانەی خوازیارن كاری رۆژنامەوانی بكەن، له‌نێویشیاندا ده‌رچووانى به‌شى میدیا له‌ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان. ئەمە كردنەوەی دەرگایەكە بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ حه‌زیان به‌كارى رۆژنامه‌وانی پرۆفێشناڵه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى نووسینى چیرۆكه‌ هه‌واڵه‌وه‌ ده‌ستبه‌كارى رۆژنامه‌وانى بكه‌ن، هەر لەبەر ئەمەشە چیرۆكە هەواڵمان هەڵبژارد، چونكە بناغە و دەستپێكی كاری راگەیاندن ئەوەیە چۆن بتوانیت چیرۆكە هەواڵێكی باش ئامادە بكەیت و بنوسیت".

لە 23ی ئایار بەشداربووەكان بڕوانامەی پڕۆگرامەكەیان لە مەراسیمێكی بچوكدا پێدرا، كە پێكهاتبون لە سێ كوڕ و دوو كچ. ئەمەش یەكەم پڕۆگرامی (كەركوك ناو) بوو بۆ فێرخوازان.

WhatsApp Image 2023-06-01 at 12.01.56 PM
سلێمانی/ شوباتی 2023/ یەكەم رۆژی بەشداربووەكان، پڕۆگرامەكە و چۆنیەتی دەستپێكردنیان بۆ روندەكرێتەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو 

لاڤە حیسام (19ساڵ)، بەشداربوویەكی پڕۆگرامەكە، دەڵێت "دوای بینینی خولەكە ئێستا متمانەم بە توانای خۆم هەیە و دەتوانم كاری رۆژنامەوانی بكەم... خولەكە هانی زیاتری دام بۆ كاری راگەیاندن".

لاڤە خۆی خوێندكاری قۆناغى یه‌كه‌مه‌ له‌ به‌شى ته‌كنیكى میدیا له‌ په‌یمانگەى ته‌كنیكى سلێمانى، وتی "لێرە بە تیۆری و پراكتیكی فێردەكراین، زیاتر پراكتیكی بوو، ئەمەش جیاوازییەكەیە لەگەڵ خوێندنی ئەكادیمیدا".

تێبین عوسمان (23ساڵ)، خەڵكی كەلار، بەشداربویەكی تری پڕۆگرامەكە، وتی "پێشئەوەی لەم پڕۆگرامە بەشداریی بكەم، دەمزانی روداوێك هەیە و دەكرێت بكرێتە هەواڵ، بەڵام نەمدەزانی چۆن زانیارییەكان كۆبكەمەوە، چۆن پشتڕاستكردنەوەیان بۆ بكەم، دواتر چۆن بینوسم، ئەو هەنگاوانە لەم پڕۆگرامەوە فێربوم".

لەپاڵ بابەتی سەرەكی پڕۆگرامەكە كە نوسینی چیرۆكە هەواڵ بوو، فێرخوازان فێری نوسینی سی ڤی و بەكارهێنانی ئیمەیڵ و خشتەی پلانی رۆژانە بون.

دوای بینینی خولەكە ئێستا متمانەم بە توانای خۆم هەیە و دەتوانم كاری رۆژنامەوانی بكەم

پڕۆگرامەكە بێبەرامبەر لە ئۆفیسی (كەركوك ناو) لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لەلایەن ستافی دامەزراوەكەوە وانەی تیۆری و پراكتیكی بە فێرخوازان دەوترایەوە.

ئاهەنگ حەبیب وتی "لەم پڕۆگرامەدا بنه‌ماكانى كارى رۆژنامه‌وانى، به‌هاكانی هەواڵ، چۆنیه‌تى به‌كارهێنانى سه‌رچاوه‌ له‌ هه‌واڵدا، داڕشتنى چیرۆكه‌ هه‌واڵ، چۆنیه‌تى كۆكردنه‌وه‌ى زانیاری و پشتڕاستكردنه‌وه‌ى لەلایەن ستافێكی بە ئەزمونی (كەركوك ناو)ەوە بە فێرخوازان وترایەوە".

بیلال كاكه‌ ره‌شید (23ساڵ)، خەڵكی قەزای رانیە و دەرچوی بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانییە، وتی "یەكێك لە جیاوازییەكان ئەوە بوو لایەنی پراكتیكی زاڵ بوو، ئەمەش بۆ ئێمە سەرەنجڕاكیش بوو... فێربوم چی دەبێت بە هەواڵ و چ شتێك بەهای هەواڵی نییە، ئەم دەستپێكە زۆر گرنگ بوو، من دەمەوێت بەردەوامبم و كاری رۆژنامەوانی بكەم".

سیا جەزا (24ساڵ)، كە خۆی دەرچوی پەیمانگەی پەروەردەی وەرزشییە، وتی "بەرلەم پڕۆگرامە، خۆم كاری راگەیاندنم كردووە، بەڵام لە چوارچێوەی نوسینی هەواڵ و داڕشتنی-دا خاڵی دەستپێك بوو".

"چۆن زانیاریی كۆدەكەیتەوە، لێدوان وەردەگرێت، دواتر چۆن بەپێی گرنگی زانیارییەكان ریز دەكەیت و دەیدەیت بە خوێنەر"، سیا وتی ئەو شتانە سودمەند بووە بۆ ئەو. 

ئەمە یەكەم پڕۆگرامی دامەزراوەی (كەركوك ناو) بوو، بەڵام ئاهەنگ حەبیب، لێپرسراوی بەشی گەشەپێدان لە دامەزراوەكە، وتی "بیرلەوە دەكەینەوە ئەم پڕۆگرامە بەردەوامبێت، چونكە بۆمان دەركەوتوە كە گەنجانێكی زۆر هەن دەیانەوێت بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ فێری كاری رۆژنامەوانی بن، بەڵام ئەوە دەكەوێتە سەر ئەوەی توانای دامەزراوەكەمان بۆ بەردەوامبون چۆنە، چونكە بەڕاستی لەم هەنگاوەماندا هیچ سپۆنسەرێكمان نەبوو، تەنیا ستافی (كەركوك ناو)، خۆیان ئەركەكەیان لە ئەستۆگرت".  

بەشداربووەكان بناسە:

 

WhatsApp Image 2023-05-23 at 7.55.58 PM
لاڤه‌ حیسام سه‌فادین

 من لاڤه‌ حیسام سه‌فادین، دانیشتوی سلێمانیم.

خوێندكاری قۆناغى یه‌كه‌مم‌ له‌ به‌شى ته‌كنیكى میدیا له‌ په‌یمانگاى ته‌كنیكى سلێمانى.

دەمەوێت دوای بەشداریكردن لەم پڕۆگرامە ببمە هەواڵساز، هەمیشە خەونی من ئەوە بوو بتوانم به‌ رێگایه‌كى راست و دروستى رۆژنامه‌وانى رووداوه‌كان بگه‌یه‌نم به‌ وه‌رگر.

زیاتر حەز دەكەم لە بواری مافه‌كانى مرۆڤ، ژنان و پرسی یه‌كسانى-دا كاربكەم.

 

WhatsApp Image 2023-06-01 at 12.26.14 PM
تێبین عوسمان

  من تێبین عوسمان، خەڵكی قەزای كەلارم.

 دەرچوی بەشی راگەیاندنم لە زانكۆی سلێمانی.

ئامانجی كورت مەوداوم ئەوەیە لە دەزگایەكی راگەیاندن كاربكەم، بەتایبەت لە ژوری هەواڵ، دواتر دەمەوێت، كاری پێشكەشكاری بكەم و بەرنامەی دیالۆگی سیاسی بكەم. تا لەسەر یەك مێز سیاسییە ناكۆكەكان كۆبكەمەوە.

دەمەوێت  لە بواری ژینگه‌، یه‌كسانى ڕه‌گه‌زى، مافى مرۆڤ و پرسی گەندەڵی كاربكەم.

 

WhatsApp Image 2023-05-23 at 7.55.53 PM
سیاكۆ بیلال

من سیاكۆ بیلال، خەڵكی چەمچەماڵم.

لە زانكۆی سلێمانی دەخوێنم لە كۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەكان لە بەشی راگەیاندن.

هەردوو بواری ئامادەكاریی هەواڵ و پێشكەشكاریم پێ خۆشە، دەمەوێت بەرگریكردن لە ئازادی رادەربڕین لە كارەكانم رەنگ بداتەوە.

 

WhatsApp Image 2023-06-01 at 12.04.14 PM
سیا جەزا عه‌لى

من سیا جەزا عه‌لى، لە سلێمانی نیشتەجێم.

په‌یمانگەی په‌روەردەی وەرزشیم له‌ شارى سلێمانى تەواوكردووە.

بەلامەوە گرنگە راگەیاندن ئیش لەسەر ئەدەب و لایەنی رۆشنیبری بكات و كۆمەڵگە هۆشیاربكاتەوە، ئەوەش ئامانجی منە.

 

WhatsApp Image 2023-05-23 at 7.56.06 PM
بیلال كاكه‌ ره‌شید

من بیلال كاكه‌ ره‌شید، دانیشتوی قەزای رانیەم.

دەرچوی بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانیم.

 دوای بەشداریكردن لەم پڕۆگرامە دەمەوێت دواتر كار لەسەر كێشەكانی خەڵك بكەم، بەلامەوە گرنگە ببمە دەنگی ئەوان.

ئامانجم لەوە ئەوەیە لەو رێوە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT