ئه‌لینا رۆمه‌ناوسکى، باڵیۆزى ئه‌مریکا له عیراق رایدەگەیەنێت كە ئازادی رادەربڕین، لەم ساڵانەی دواییدا لە هه‌رێمى کوردستان به "رێڕه‌وێکى هه‌ڵه‌دا" رۆیشتووە و جەختیكردەوە "بابه‌تى ده‌ستگیرکردنى رۆژنامه‌نوسان و خستنە زیندان به‌هۆى پیشه‌که‌یانەوە زۆر مایەی نیگەرانی ئێمەیە".
ئەو وتەیەی باڵیۆزى ئه‌مریکا له عیراق لە وەڵامی پرسیاری لاڤە حسام، پەیامنێری (كەركوك ناو)دا هات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە پێنجشەممە 8ی حوزەیران لە سلێمانی بەڕێوەچوو. تیایدا لەبارەی رێنماییە نوێیەكانی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرسیار كرد. كە كۆت و بەندی زۆری تیایە بۆ سەر ئازاديی رادەربڕین. لاڤە وتی "وەكو رۆژنامەنوسێك هەست بە ئارامی ناكەم".
ئه‌لینا رۆمه‌ناوسکى، وتی "ئێمه باسى کێشه‌ى به‌رته‌سکبونەوەی ئازادى راده‌ربڕینمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێمى کوردستان کردووه... من گوێم له بابه‌تى رێنماییه نوێیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ میدیا بووه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌مخوێندۆنه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ى من خوێندومه‌ته‌وه یاساى رۆژنامه‌وانییه له هه‌رێمى کوردستان که یاسایه‌کى تاڕاده‌یه‌ک باشه، به‌ڵام ئه‌و رێنماییانه‌ى که ده‌رکراون، پێموایه پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەوانی هەرێمە و یه‌کناگرنه‌وه له‌گه‌ڵیدا".
هەروەها وتی "بابه‌تى به‌رته‌سکنه‌کردنه‌وه‌ى ئازادى راده‌ربڕین، له‌م ساته‌دا بۆ هه‌رێمى کوردستان زۆر گرنگه، چونکه هه‌رێمى کوردستان نزیک ده‌بێته‌وه له هه‌ڵبژاردن، پێویسته هه‌موو که‌س مافى ئه‌وه‌ى هه‌بێت که روماڵی هه‌ڵبژاردن بکات به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کسان... جگه له به‌رته‌سککردنه‌وه‌ى ئازادى راده‌ربڕین بابەتێكی تر كە زۆر مایه‌ى نیگه‌رانیمانە، ده‌ستگیرکردن و زیندانیكردنی رۆژنامه‌نوسانە به‌هۆى پیشه‌که‌یانه‌وه".
بابەتێكی تر كە زۆر مایه‌ى نیگه‌رانیمانە، ده‌ستگیرکردن و زیندانیكردنی رۆژنامه‌نوسانە به‌هۆى پیشه‌که‌یانه‌وه
لە 23ی ئایار وەقایعی كوردستان، چەند رێنماییەكی وەزارەتیی رۆشنیبری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە، كە تیایدا چەندین كۆت و بەند و رێنمایی لاستیكی و ناڕونی تیا‌بوو، ئەوەش بووە جێی ناڕەزایی رۆژنامەنوسان و لەڕێی نوسین و كۆڕ و كۆبونەوەوە رەخنەیان لێگرت.
بۆ نمونە لە رێنماییەكاندا دەسەڵاتێكی رەها بە حكومەت، لە نێویاندا وەزارەتی رۆشنیبری دەدات لە پێدانی مۆڵەتدا ئەوەش دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و ژینگە. لەو بڕگەیەدا ئاماژە بەوەكراوە كە ئەگەر لە ماوەی 90 رۆژدا وەڵامیان نەبوو، ئەوە داواكە بە پەسەندكراو دادەنرێت، بەڵام رونكردنەوەی لەسەر ئەوە تیانییە ئەگەر رەتكرایەوە چارەسەر چییە.
له ڕێوشوێنه‌كانی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی چه‌پك (زیاتر لە دەزگایەك)، رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری پێدانی مۆڵەتی بەستۆتەوە بە لارینه‌بونی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
وەزارەت مەرجی بۆ كواڵیتی ناوەڕۆكی بابەتە رۆژنامەوانییەكان دانەوە و لە بەشێكیدا هاتووە "پابەندبون بە پێوەرەكانی ناوەڕۆكی میدیایی كە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دەردەچێت"، ئەو فەرمانگەیە سەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە و هێشتا رون نییە كەی و چۆن ئەو پێوەرانە دەنوسیت.
هەروەها لە بەشێكی تردا هاتووە "دوركەوتنەوە لەو كارە میدیایانەی كە دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری و شڵەژانی بازاڕە ناوخۆییەكان"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی تیابێت.
لەبەشی قەدەغەكراوەكاندا، بڵاوكردنەوەی هەر باس و بابەتێك بە قەدەغكراو وێناكراوە كە "دەبنە هۆكاری تێكدانی كلتور، دابونەریت و ئادابی گشتی". هەروەها ئەو بابەتانەی "بەرژەوەندی گشتی دەخەنە مەترسییەوە". لەگەڵ هەر بابەتێك ناوزڕاندنی كەس و سیمبولی نیشتیمانی لێبكەوێتەوە، جا ئەگەر لە سەرچاوەی ناوخۆیی پشتڕاستكرابێتەوە یان هەر ئامرازێكی میدیایی دەرەكی بڵاوكرابێتەوە. وەك لە رێنماییەكاندا هاتووە.
یه‌كێك له‌و سزا مه‌ترسیدارانه‌ی بەپێی رێنماییەكان روبه‌ڕوی میدیا ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی دوو ساڵدا هه‌ر كه‌ناڵێك پێنج سه‌رپێچی هه‌بوو، ئه‌وا ده‌خرێته لیستی ره‌شی وه‌زاره‌ته‌وه و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ هیچ پشتیوانییه‌كیان ناكرێت و ناویان ده‌درێته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌ویش گشتاندن بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كات كه بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ناڵانه نه‌كات.
پێمانوایه له‌م ساڵانه‌ى دوایدا بابه‌تى ئازادى راده‌ربڕین له هه‌رێمى کوردستان به رێڕه‌وێکى هه‌ڵه‌دا رۆیشتووە
باڵیۆزى ئه‌مریکا له عیراق لە وەڵامی (كەركوك ناو)دا وتی "پێمانوایه له‌م ساڵانه‌ى دوایدا بابه‌تى ئازادى راده‌ربڕین له هه‌رێمى کوردستان به رێڕه‌وێکى هه‌ڵه‌دا رۆیشتووە".
زیاتر وتی "له ماوه‌ى رابردودا ئێمه راپۆرتى ساڵانه‌ى خۆمان له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه بڵاوکرده‌وه و زۆر به‌شێوه‌یه‌کى هاوسه‌نگ باسى بابه‌تى به‌رته‌سککردنه‌وه‌ى ئازادى راده‌ربڕین و پێشێلکردنى مافه‌کانى مرۆڤ و هاوسه‌نگى ره‌گه‌زی و چه‌ندین کێشه‌ى ترمان تێیدا کرد"، وتیشی "کۆتا خاڵ که ده‌مه‌وێت باسى لێوه بکه‌م، ئه‌وه‌یه که پێویسته حکومه‌ت به‌رگریی له‌و مافانه‌ى خه‌ڵک بکات که له ده‌ستوردا هاتوون، چونکه پاراستنى ئه‌و مافانه ده‌سته‌به‌رى پاراستنى دیموکراسى ده‌کات".