باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک، جەختدەكاتەوە لەوەی كۆمەڵگەی ئێزیدی و كریستیان لە شنگال و دەشتی نەینەوا هەست بە سەلامەتی ناكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
وتەكانی لیف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن، لە نێویاندا (كەركوك ناو)، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی ئایاری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوەش بە ئامادەبونی ئێرڤ ھیکس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر.
شۆڕش خالید، نوێنەری (كەركوك ناو) لەبارەی دۆخی ئێستای كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان لە عیراق و بەتایبەت لە ناوچەكانی جێناكۆك پرسیاری رۆڵی ئەمریكای كرد، بەتایبەتتر لە دەشتی نەینەوا و شنگال كە هێشتا دەیان هەزار خێزان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و پرسیاری لەبارەی دیارترین مەترسییەكان لەسەر كەمینەكان كرد. لە وەڵامدا باربارا لیف، وتی "ئێمە بەردەوام داكۆكیكار و پشتیوانین لە پێكهاتە جۆراوجۆرەكان، بەڵام تاكە بەرپرسی گەڕانەوەی سەلامەت و بەشكۆی كەمینەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، حكومەتی عیراقییە".
"من لە زۆر وڵاتی تردا كارم لەسەر گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەكان بۆ شوێنی خۆیان كردووە، بەڵام تاكە شتێكی زۆر گرنگ كە پەپوەستە بە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان مەسەلەی ئەمن و ئاسایشە، ئەمە ئەو هەستەیان پێدەدات كە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان".
هەردوو كۆمەڵگەی ئێزیدی و كریستیان هەست بە سەلامەتی ناكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان
باربارا لیف زیاتر وتی "لە شنگال و دەشتی نەینەوا، بەتایبەت هەردوو كۆمەڵگەی ئێزیدی و كریستیان هەست بە سەلامەتی ناكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، من ئەم نیگەرانییانەم لە نوێنەرانی ئەو كۆمەڵگەیەوە گوێ لێ بووە و لەگفتوگۆكانم لەگەڵ بەرپرسانی عیراقدا باسمكردووە".
بە بۆچونی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک، پێویست دەكات رێككەوتننامەی شنگال بە تەواوی جێبەجێبكرێت، وتی "لەو ناوچانە زۆر هێزی چەكدار و گروپی چەكدار لەنێویاندا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەهەمان شێوە كە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك دروستدەكەن، بۆیە پێویست دەكات حكومەتی عیراق دۆخەكە بخاتە ژێر بەرپرسیارێتی خۆیەوە و بیرێك لە دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە بكاتەوە".
لە شنگال و دەشتی نەینەوا زۆر هێزی چەكدار و گروپی چەكدار هەن كە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك دروستدەكەن
رێككهوتنی ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، له سهرهتای تشرینی یەكەمی 2020 لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان واژۆكراوه، ئەوەش بۆ پێكهێنانی ئیدارهیهكی نوێ و رێكخستنهوهی دۆسیهی ئهمنی قهزای شنگال.
له رێككهوتنهكهدا هاتووه دۆسیهی ئهمنی شنگال دهدرێته پۆلیسی ناوخۆیی، دهزگای ههواڵگری، دهزگای ئاسایشی نیشتمانی به ههماههنگی هێزه ئهمنییهكانی سهر به حكومهتی ههرێمی كوردستان. ههروهها جهختیكراوهتهوه له دورخستنهوهی هێزهكانی دیكه و پێنهدانی هیچ رۆڵێك به پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)و ئهو هێزانهی له پهكهكه نزیكن.
ئەمە دووەم سەردانی باربارا لیف-ە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، لە هەشت مانگی رابردودا، دوای ئەوەی لە 8ـی ئەیلولی 2022 لە سەردانێكیدا هاوشێوەدا لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق و هەرێمی كوردستان كۆبوەوە.
ئەو وتی "ئەم سەردانەم بەراورد بە سەردانی پێشوتر ئەوەیە ژینگەكە لەبارترە، شتی ئەرێنی هەیە، هەر بۆیە سەردانەكەی ئەمجارە باش بوو".