خانەقین؛ كێشەیەك لە دەرگای كەسوكاری مردووان دەدات

دياله‌، گۆڕه‌پانێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

لەیلا ئەحمەد

كاتێك خوشكێكی هێرۆ ئەمین كچێكی خەڵكی خانەقین لە حوزەیرانی 2022 بە خنكان گیانیسپارد و تەرمەكەیان برد بۆ نەخۆشخانەی قەزاكە، لەوێ تەرمەكەیان پێنەدانەوە، پزیشك داوایكرد بەرلەوەی بەخاكبسپێردرێت، دەبێت توێكاری بۆ بكرێت، تا لەڕێی راپۆرتێكی پزیشكییەوە لە هۆكاری مردنەكەی دڵنیاببنەوە.

بەگشتی هەندێك مردنی گوماناوی و هەستیار، پزیشك ناچاردەكات بڕیاری توێكاریی بدات. ئەمەش وایكرد كێشەی بەردەم خێزانەكەی هێرۆ دەستیپێبكات.

كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە پزیشكی دادوەری لە خانەقین زیاتر لە ساڵێكە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی عیراق داخراوە و پێویست دەكات ئەو تەرمانەی پێویستیان بە توێكارییە بنێرنە بەعقوبە – مەڵبەندی پارێزگای دیالە-.

هێرۆ وتی "داوامانكرد ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتن لە نەخۆشخانە تەرمەكەمان بۆ بگوازێتەوە، بەڵام ئیدارەی نەخۆشخانە وتیان ئەوە كاری ئێمە نییە".

داوامانكرد ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتن تەرمەكەمان بۆ بگوازێتەوە، بەڵام ئیدارەی نەخۆشخانە وتیان ئەوە كاری ئێمە نییە

دوای گفتوگۆیەكی زۆر، بەپێی وتەی هێرۆ ئیدارەی نەخۆشخانە پێی وتون، "ئەگەر ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنتان بۆ دەربكەین، دەبێت 100 هەزار دینار بدەن، بۆ چون و گەڕانەوە".

خێزانەكەی هێرۆ باری دارییان باش نییە و پارەكەیان بە زۆر زانیوە، بۆیە بڕیاردەدەن لە دەرەوەی نەخۆشخانە ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی تەرم بگرن بە 50 هەزار دینار و بەرەو بەعقوبە بەڕێبكەون.

رێگای خانەقین تادەگاتە بەعقوبە بەگشتی خراپ نییە، بەڵام لە هەندێك شوێنی كەمدا دەبێتە یەك ساید، هەروەها بەهۆی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان دیسانەوە لە چەند شوێنێكی كەم چاڵ و چۆڵی تێكەوتووە. بەگشتی گەیشتن بە بەعقوبە و گەڕانەوە نزیكەی سێ كاتژمێری پێویستە.

"ئێمە لەلایەك كۆستی لەدەستدانی خوشكەكەمان بوو، لەلایەكی تر ترسناكی رێگاكە بەتایبەت لە شەودا... باوكم و كەسوكاریشمان ئۆتۆمبێلی خۆیان هێنا و بەو رێگایەدا بەڕێكەوتین... بە چون و هاتن و توێكاری لە دواینیوەڕۆوە بەڕێكەوتین كاتژمێر یەك و نیوی بەرەبەیانی رۆژی دواتر گەیشتینەوە خانەقین"، زیاتر وتی "بەهۆی ئەوەی زۆر درەنگ بوو بەخاكسپاردنی تەرمەكەمان بۆ رۆژی دواتر دواخست".

ئەمە مانگانە چیرۆكی دەیان خێزانی خانەقینییە كە ناچاردەكرێن تەرمی كەسوكاریان ببەنە بەعقوبە بۆ ئەوەی پزیشكی دادوەری راپۆرتی خۆی بنوسێت. هەر خێزانێك كە داوای راپۆرتی پزیشكیان لێبكرێت، ئەگەر نەیكات، دواتر وەفاتننامەی بۆ دەرناكرێت و دور نییە ناچاربكرێن تەرمەكان جارێكی تر لە گۆڕەكانیان دەربهێننەوە بۆ توێكاریی.

هێرۆ ئەمین وتی "داوادەكەین لایەنی پەیوەندیدار هەوڵی جددی بدات بۆ دوبارە كردنەوەی پزیشكی دادوەری خانەقین، ئێمە کەسی ئازیزمان لەدەستداوە و دەزانین بونی ئەو بەشە چەند گرنگە بۆ خەڵکى خانەقین".

ئێمە کەسی ئازیزمان لەدەستداوە و دەزانین بونی ئەو بەشە چەند گرنگە بۆ خەڵکى خانەقین

بەپێی وتەی لێپرسراوانی فەرمانگەی تەندروستی خانەقین، لە تەواوی پارێزگاكە بەشی پزیشكی دادوەری داخراوە جگە لە پزیشكی دادوەری بەعقوبە نەبێت.

بەشەكەی خانەقین دوو پزیشكی پسپۆڕ و چوار كارمەندی هەبوو.

دکتۆر شوان شاکر، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتی خانەقین، وتی "نەبونی بەشی پزیشكی دادوەری كێشەی زۆری بۆ دروستكردوین، خانەقین تاڕادەیەك دورەدەستە بەراورد بە قەزا و ناحییەكانی تری دیالە، بۆیە كردنەوەی جارێكی تر زۆر گرنگ دەبێت بۆ خەڵكی خانەقین".

وتیشی "زۆر حاڵەتی مردن هەیە ئێمە ناتوانین وەفاتننامەی پێبدەین، چونكە پێویستی بە توێكاریی هەیە، بۆیە ناچار رەوانەی بەعقوبەیان دەكەین..."، زیاتر وتی "لەلایەك خەڵک لێی قەوماوە و خەمبارە، لەلایەك بارى ئابورییان خراپە و دەبێت ئۆتۆمبێل بگرێت بۆ گواستنەوەی تەرمەكەی، ئەوەش هەندێك كات توشی كێشەمان دەكات".

لەبارەی ئەوەی بۆچی داخرا، شوان شاكر وتی "وەزارەتی وتویەتی بودجەی زۆر لەسەر وەزارەتەكەیان دەكەوێت، بەتایبەت موچەی پزیشك و كارمەندانی ئەو بەشە زۆر زیاترە، بۆیە كردیانە یەك پزیشكی دادوەری لەناو بەعقوبە".

خانەقین قەزایەكی ناوچەی جێناكۆكە بەپێی دەستوری عیراق، دەكەوێتە پارێزگای دیالە كە هاوسنورە لەگەڵ ئێران , نزیكەی 115كم دەكەوێتە لە بەعقوبەوە دورە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین وتی "ئێمە چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنمان هەیە، بەڵام وەزارەت تەنیا بۆ گواستنەوەی بریندار و نەخۆشی كتوپڕ پێی داوین، بۆیە ناتوانین مردوی پێ بگوازینەوە، دەبێت كەسوكاری مردووەكان خۆیان ئەو ئەركە لە ئەستۆبگرن".

لەبارەی ئەوەی داوای پارەیان لە كەسوكاری مردوو كردووە بۆ گواستنەوەی ترم، وتی "شتی وا نییە، تەنیا پێمانوتوتن دەتوانن بچن لە دەرەوەی نەخۆشخانە ئۆتۆمبێل بگرن، چونكە ئێمە ناتوانین تەرم بگوازینەوە، ئەوە بڕیاری وەزارەتە".

ئەو باسی كێشەی تری كرد كە بەهۆی داخستنی پزیشكی دادوەرییەوە توشیان دەبێت، وتی "هەندێك كات خزم و كەسوكاری مردووەكە كە دەلێن بیبەن بۆ بەعقوبە دەڕژێنە ناو نەخۆشخانەكەوە و هەندێكیان توڕە دەبن و پەنجەرەی ئامێرەكانی نەخۆشخانە دەشكێنن، ئەمانە هەموى بەهۆى نەبونى بەشى پزیشكی دادوەرییەوە رودەدەن".

سەروەر عەلى، چالاكوانێكی بواری كەرتی تەندروستییە لە خانەقین، وتی كە چاودێری ئەو دۆخ و كێشانەی كردووە كە بەهۆی نەبونی پزیشكی دادوەرییەوە بۆ خەڵك دروستدەبن، "دیارترینیان نەبونی خەرجی هاتوچۆ، بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل و تابوت و ناخۆشی دوری رێگاكە... جگە لە كێشەی تر لەناو نەخۆشخانە".

وتیشی "ژمارەی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن لە خانەقین زۆر كەمن، ئێمە داواو پێداویستییەكانی كەرتی تەنردوستیمان لە خانەقینەوە بۆ هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم بەرزكردۆتەوە، هەرچەندە هێشتا سودی نەبووە، بەڵام بەردەوامدەبن بە ئامانجی چارەسەر".

 

ناوی هێرۆ بۆ ئەم راپۆرتە لەسەر داوای خۆی خوازراوە

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT