هادی عامری، سەرۆكی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، رایدەگەیەنێت كە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك نابێت گرێبەستەكانیان بۆ نوێبكرێتەوە.
ئەو پێداگرییەی هادی عامری، لە نوسراوێكدا هاتووە كە لە 12ی حوزەیران ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقی كراوە، هاوكات كۆپییەكی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و نوسینگەی پارێزگاری كەركوك و چەند لایەنێكی تری حكومەت ناردووە.
لە نوسراوەكەدا هادی عامری، پشتی بەستووە بە بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و داوادەكات گرێبەستی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك نوێنەكرێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەركاربونی بڕیارەكەوە.
بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكور - هەڵوەشاوە-، ئەوەش پەیوەستە بە خاوەندارێتی و مافی بەكارهێنانی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كە موڵكی عەرب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییەكانەی لەگەڵیاندا كراوە.
هەر لەو بڕیارەی حكومەتی فیدراڵدا هاتووە كە بارودۆخی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە بگەڕێتەوە بۆ پێش دەركردنی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكور.
هادی عامری، لە نوسراوەكەدا كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، جەختدەكاتەوە لەوەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران هێشتا بەركارە و نابێت ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانە نوێبكرێنەوە.
بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران هێشتا بەركارە و نابێت ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانە نوێبكرێنەوە
بهپێی بڕیارهكانی ئهنجومەنی باڵای شۆڕش و لیژنهی كاروباری باكوری سهردهمی دهسهڵاتدارێتی حزبی بهعس، كه سهدام حسێن سهرۆكایهتی دهكرد، زهوییه كشتوكاڵییهكانی كورد له كۆتایی حهفتاكانی سهدهی رابردوو بهشێوهی گرێبهست بهسهر عهرهبی ناوهڕاست و خواروی عیراقدا دابهشكران، ئهوهش له چوارچێوهی پرۆسهی تهعریب و راگواستنی خێزانه كورد و توركمانهكان.
زەوییە كشتوكاڵییەكان یەكێكە لە دۆسییە ئاڵۆزەكانی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك؛ كە 20 ساڵە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە. ئەوەش وایكردووە چەندین جار شەڕ و ئاژاوە لە نێوان جوتیارانی كورد، عەرەب و توركمان دروستبێت.
لە كابینەی نوێی حكومەتی عیراقدا بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، جارێكی تر لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 كارا كرایەوە، كە یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەیە.
بهپێی دهستوری عیراق کە لە سەرەتای ساڵی 2005ـدا زۆرینەی دەنگدەرانی عیراق بە بەڵێ پەسەندیان کردووە، پێویستە چارەنووسی ناوچەكانی جێناکۆک دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی و دواتر راپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، ئهوهش بهپێی ماددهی 140 كه وادەی جێبەجێکردنەکەی تا کۆتایی ساڵی 2007 دیاریکراوە له دهستوردا.
هادی عامری لە نوسراوەكەیدا بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، دەڵێت "داواكارین ئەوەی پێویستە بیگرنەبەر و لە گرتنەبەری هەر رێكارێكی پێویست و ئاگادارمان بكەنەوە".