پارتی: بەمنزیكانە لە موسڵ دەبین

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، ناوچه‌ی گه‌شتیاری غابات له‌موسڵ كه‌ به‌له‌مه‌كه‌ی تێدا نقوم بوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، پارتی دیموكراتی كوردستان، بارەگای مەكتەبی رێكخستنی نەینەوا لە شاری موسڵ دەكاتەوە و بڕیارە دەستبكات بە گەڕانەوە و كردنەوەی تەواوی لق و ناوچەكانی لەو پارێزگایە.

سەیدۆ چەتۆ شنگالی، ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، لە لێدوانێكیدا كە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكە بڵاویكردۆتەوە، جەختیكردەوە "پارتی بارەگای مەکتەبی رێکخستنی لە موسڵ تەواوکردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتودا بەشێوەیەکی فەرمی بکرێتەوە و پارتی بگەڕێتەوە موسڵ".

"پارتی وەک ھەر ھێزێکی دیکەی سیاسی لە چوارچێوەی یاسادا مافی ھەیە مومارەسەی کاری خۆی بکات، بەتایبەتی لە شوێنێکی وەک نەینەوا"، سەیدۆ وایوت.

پارتی پێگەی فراوانی جەماوەری لە پارێزگای نەینەوادا هەیە و لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا كە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا بەڕێوەچوو، 136 هەزار و 783 دەنگی بەدەهێناو بووە خاوەنی نۆ كورسی پەرلەمانیی لە كۆی 32 كورسی پارێزگاكە.

سەیدۆ وتی "پارتی لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا پێگەیەکی بەرفراوانی جەماوەی لە پارێزگای نەینەوا بە گشتی و شاری موسڵ بەتایبەتی ھەبووە، بۆیە نەینەوا بۆ پارتی گرنگی خۆی ھەیە".

نەینەوا بۆ پارتی گرنگی خۆی ھەیە

پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە – كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم لەو ناوچانە پاشەكشێیان كرد-، تەواوی بارەگاكانی لە زۆربەی ئەو ناوچانە لەوانەش موسڵ و كەركوك بەجێهێشت و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكاندا تەنیا كاندیدەكانیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەگەڕانەوە و لە چەند ناوچەیەكیش رێگرییان لێكرا بانگەشە بكەن.

partii
لیژنەی ناوچەی (موسەڵا)ی پارتی دیموكراتی كوردستان، دروشمی (لبیك یا حسین)ی لەسەر نوسراوە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەوكات بەشێك لە بارەگاكانی ئەو حزبە دەستیانبەسەردا گیرا، كە بەپێی بەدواداچونێكی پێشوی (كەركوك ناو) نزیكەی 100 بارەگای حزبی و ئەمنی بون.

بەڵام لەگەڵئەوەشدا پارتی لە حكومەتی خۆجێی موسڵ بەردەوام بوو، ئەندامەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ نەكشانەوە تا هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە لە كۆتایی 2019 پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنیان هەبوو. ئێستاش یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا لە پشكی پارتییە.

سەیدۆ چەتۆ شنگالی وتی "دوای کردنەوەی بارەگای مەکتەبی رێکخستنمان لە نەینەوا، بارەگاکانی دیکەیش لە موسڵ و دەوروبەری دەكەینەوە لەوانەش و لق و ناوچەکان و كاری حزبی خۆمان دەكەین".

ئەو هەنگاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكانە لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە 2ی تەمموز دەرگای ناو تۆماركردنی بۆ حزب و لایەنە سیاسییەكان كردەوە و كۆتایی ئەم مانگە دواوادەیە بۆ ناوتۆماركردن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT