ئاوی خواردنەوەی دوزخورماتوو، رەنگی گۆڕاوە، "پیس و بۆگەنیشە" بەوتەی هاوڵاتیان و لێپرسراوانی ئیداریی، بەڵام بەشێك لە هاوڵاتیان بە ناچاری بەكاریدەهێنن.
زیاتر لە هەفتەیەكە، ئاوی پڕ لە قوڕ و لیتە، رەنگی قاوەیی و بە بۆنێكی ناخۆشەوە بە بۆری دەگاتە هەموو گەڕەكەكانی ناوەندی قەزای دوزخورماتوو، لەكاتێكدا بهپێی ستاندارد و پێوهره زانستییهكان ئاوی خواردنهوه پێویسته بێ تام، بێ بۆن و بێ رهنگ بێت.
"دەمێكە ئاوی خواردنەوە پیس بووە، بەڵام زیاتر لە هەفتەیەكە ئەوەندە پیسە، بۆنی ناخۆشە، قوڕولیتە و چڵكاوە، ئەڵێی ئاوی زێرابە، بۆیە ناتوانین بیخۆینەوە و بەكاریبهێنین" بەوتەی رەمەزان محەمەد، دانیشتوی گەڕەكی برایەتی دوزخورماتوو بۆ (كەركوك ناو).
ئەو دەڵێت ناچارن بە تانكەر ئاو بكڕن، بۆ كاروباری رۆژانە و خۆشتن، بەڵام ئاوی دەبە بۆ خواردنەوە دابیندەكەن، بەوەش مانگانە هەر خێزانێك دەیان هەزار دینار دەكەوێت.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، تانكەرێكی ئاوی پاك بە زیاتر لە 15 هەزار دینارە، كە 3500 لیترە و دوو تانكی سەربان پڕدەكات، هەر خێزانێكیش ئاوی پرۆژەی قەزاكە بەكارنەهێنێت، هەفتانە لانیكەم دووجار ئاو دەكڕێت.
"خەڵكی دەستكورت و هەژار، ناتوانن بەردەوام ئاو بكڕن، چونكە ئاوی خواردنەوەمان بەردەوام پیسە و شیاوی خواردنەوە نییە، بۆیە هەندێك خێزان بە ناچاری ئەو ئاوە پیس و بۆن ناخۆشە بەكاردەهێنن" رەمەزان وای وت.
پڕۆژەی ئاوی دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی ناوچەكە كە ئاوی خواردنەوە بۆ تەواوی قەزای دوزخورماتوو و قەزای كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان پارێزگای سلێمانی دابیندەكات.
ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری ئاوی دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو قەناتەكانی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دوزخورماتوو پیس بووە و بۆنێكی ناخۆشی هەیە"، هەروەها جەختیكردەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە ئاوی خواردنەوەی خورماتوو پیسە و دەدرێت بەدانیشتوانی قەزاكە، ئەو ئاوە پیسەش تەواوی گەڕەكەكانی دوزخورماتوی گرتۆتەوە.
"هاوڵاتیان ئاوی پیسیان بۆ دەڕوات و ئاوەكە بەكەڵكی خواردنەوە و بەكارهێنان نایەت".
ساڵی رابردوش هاوڵاتیان زیاد لە جارێك ناڕەزاییان دژی پیسبونی ئاوی خواردنەوە نیشاندا، داوایانكرد پرۆژەی ئاوی قەزاكە پاكبكرێتەوە، كە بەپێی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەكانی تەموزی 2023، سەرەمێكوتە و قەوزە و ماسی و پارچە ئاسن و تایەی كۆنی ئۆتۆمبێلی تێدایە.
بەڕێوەبەری فەرمانگە ئاو دەڵێت چەند ڕۆژێكە لەهەوڵدان چارەسەری كێشەی ئاوە پیسەكە بكەن و پاكی بكەنەوە، بە پاككەرەوە (تەعقیم) و فلتەر، تا بۆنی ناخۆشی ئاوەكەش نەهێڵن، "پێویستمان بەكاتە و بەئاسانی ناتوانین هەموو قەناتەكانی سەرچاوەی ئاوەكە پاكبكەینەوە".
قەزای دوزخورماتوو، كە ژمارەی دانیشتوانی ناوەندەكەی زیاتر لە 125 هەزار كەسە بەپێی خەمڵاندنەكانی دەزگای ئامار بۆ ساڵی 2019، ناوچەیەكی جێناكۆكە و پێكهاتە نەتەوەییەكانی كورد، توركمان و عەرەب تیایدا نیشتەجێن.