پێشمەرگە ئامادەیە بۆ كەركوك
لەگەڵ سوپای عیراق لە ناوچەكانی جێناكۆك جێگیر دەبن

كه‌ركوك/ 2020/ ئۆپه‌راسیۆنی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی ناحیه‌ی شوان فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – كەركوك ناو

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لە بۆشایی ئەمنیی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك جێگیر دەكرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەشدا لەگەڵ سوپای عیراق.

دەستبەكاربونی ئەو دوو لیوایە هاوبەشەی سوپا و پێشمەرگە، پەیوەستە بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی، كە وەزارەتی دارایی عیراق تائێستا رێنماییەكانی جێبەجێكردنی دەرنەكردووە و چاوەڕواندەكرێـت لەم هەفتەیەدا ئاڕاستەی وەزارەتەكانی بكات.

سەگڤان یوسف، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو كارەكانی ئەو دوو لیوایە تەواو بون، تەنیا هەندێك كاروباری كارگێڕی و تەكنیكی ماون، ئەوەش لەوانەیە لە چەند رۆژی ئایندەدا تەواو ببن و بەمنزیكانە دەستبەكاربن، شوێنی جێگیربونیشیان لە ناوچەكانی بۆشایی ئەمنی هەیە نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندایە".

بەپێی ئامارەكانی پێشتری وەزارەتی پێشمەرگە، لە خانەقین و سنوری پارێزگای دیالەوە تا ناوچەی سحێلا لە نەینەوا، بەدرێژایی زیاتر لە 500 كیلۆمەتر لە چەندین ناوچە بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگەدا هەیە.

هەموو كارەكانی دەستبەكاربونی ئەو دوو لیوا هاوبەشە تەواو بون

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی  وت "هەموو شتێكی پەیوەست بە دامەزراندنی ئەو دوو لیوا هاوبەشەی پێشمەرگە و عیراق تەواو بووە، میزانییەكی تایبەتیان بۆ دانراوە و تەنیا ئەوە ماوەتەوە لیژنەكان دروستبكرێن و دەستبەكاربن".

هیچ یەكێك لە لێپرسراوانی سەربازی و پەرلەمانیش هیچ وادەیەكی دیاریكراویان بۆ دەستبەكاربونی هەردوو لیواكە نەبوو.

"ئەو هێزانە لەو ناوچانەدا جێگیردەكرێن كە بۆشایی ئەمنی لە نێوان عیراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەردوو لیواكەش پێكەوە دەستبەكاردەبن، چونكە ئەگەر ئامرلیواكە عەرەب بێت ئەوا جێگرەكەی كوردە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئامرلیواكە كورد بێت جێگرەكەی عەرەب" بەوتەی تەڵعەت.

ئەو دوو لیوایە لە ساڵانی رابردودا راهێنانیان پێكراوە بۆ بۆ وەرگرتنی ئەركی ئەمنی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك، موچەیان لەسەر حكومەتی عیراق دەبێت و هەر ئەوانیش بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پڕچەكیان دەكەن.

نوێنەری هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەڵێت ژمارەی لیوایەكی هاوبەش دوو هەزار كەسە و بڕیارە بۆ دوو هەزار و 500 كەس زیادبكرێن، لەگەڵ دەستبەكاربونیاندا موچەیان بۆ دەبەسترێت.

supa-3
كەركوك/ كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە گوندی لهێبان  فۆتۆ: كەركوك ناو

(كەركوك ناو) هەوڵیدا لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی پێشمەرگە قسە بكات، بەڵام رەتیانكردەوە لێدوان لەسەر دوو لیوا هاوبەشەكە بدەن، تەنیا ئەوەندە نەبێت كاروبارەكانیان تەواو بووە و چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەكەن.

لە پەیامێكیشدا فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشتر پیرۆزبایی لە ئەفسەر و پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی پیادە كرد، كە بەشێكن لە دوو لیوا هاوبەشەكە، بە بۆنەی پەسەند کردنی یاسای بودجە و بودجەی ئەو لیوایە، كە ئەوان دەڵێن "ژمارەیان 3777 ئەفسەر و پێشمەرگەیە"، وەك ئاماژەیەك بۆ پشكی هەرێم لە هەردوو لیواكە.

یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، حوزەیرانی ئەمساڵ لە رۆژنامەی واقائیعی عیراقی بڵاوكرایەوە و هێشتا رێنمایی جێبەجێكردنی ماددە و بڕگەكانی دەرنەكراوە.

ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان دەڵێـت، هەموو خەرجییەكی ئەو دوو لیوایە، لە موچەوە تا دابینكردنی چەك و هەر پێویستییەكی دیكە لەسەر وەزارەتی بەرگری عیراقە، "تا رۆژێك زووتر دەستبەكاربن باشترە، چونكە كێشەی تیرۆر لەو ناوچانەدا كەمتر دەبنەوە و دۆسیەی ئەمنی كۆنتڕۆڵدەكرێت، ئەگەر بۆشاییەكە بەو دوو لیوایە پڕنەكرایەوە، ئەوا بیر لەوەدەكرێتەوە لیوای تر پێكبهێنرێت" بەوتەی سەگڤان یوسف.

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزەكانی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە بەو دوو لیوایە پڕنابێتەوە

پێكهێنانی ئەو دوو لیوایە دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و كۆبونەوەی نێوان نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە هات لە ساڵانی رابردودا دەربارەی دۆسیەی ئەمنی و سەربازی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت دەڵێت "ئەو بۆشاییەی هەیە بەو دوو لیوایە پڕنابێتەوە، ئێمە دامانناوە لانیكەم پێویستی بە چوار بۆ پێنج لیوا دەبێت، بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا ئەم دوو لیوایە دەستبەكاردەبن وەكو تاقیكردنەوەیەك تا بزانین ئەنجامەكەی چی دەبێت، دواتر كار بۆ پێكهێنانی لیوای دیكە دەكرێت و بەرنامەش بۆ ئەوە هەیە".

پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم، بەشێكیشە لە كارنامەی حكومەتی عیراق بە سەركردایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە 27ـی تشرینی یەكەمی 2022 پەرلەمانی عیراق پەسەندی كرد.

"بەدڵنیایەوە دەستبەكاربونی ئەم دوو لیوایە هەنگاوێكی زۆرباشە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی و زیاتر كۆنتڕوڵكردن و پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە، حكومەتی عیراق نیەتی هەیە ئەو ناوچانە ببپارێزرێن و هەموو رێكارەكانیش هاوپەیمانان سەرپەرشتی دەكەن" لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وای وت.

سوپای عیراق و پێشمەرگە ژمارەیەك ژوری هەماهەنگی هاوبەشیان لە بەغداد، هەولێر، كەركوك، دیالە و چەند ناوچەیەكی نەینەواش پێكهێناوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازی و هەواڵگری.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT