بودجەی تەرخانكراو بۆ ماددەی 140ـی دەستور، لە 200 ملیار دینارەوە كراوە بە 100 ملیار دینار، ئەوەش بەپێی راستكردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی، لەكاتێكدا نوێنەرانی كورد لە نێوان هەردوو ژمارەكەدا یەكلانەبونەتەوە و زانیاری جیاواز دەخەنەڕوو.
بودجەی ماددەی 140ـی دەستور بڕی 100 ملیار دینارە، بەپێی راستكردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عیراق، كە 17ـی تەموزی 2023 لە ژمارە 4729ـی رۆژنامەی وەقایعدا بڵاوكرایەوە دوای چاككردنەوەی هەڵەی چاپ لەڕوی زمانەوانی و ژمارە و زانیاریی دیكە.
بودجەی ماددەی 140 لە خشتەی (و)ـی یاساكەدایە، كە تایبەتە بە خەرجیی بەپێی كەرتەكان و چالاكییەكان بۆ ساڵی 2023.
بەپێی هەمان خشتەی خەرجی لە یاسای بودجەی فیدراڵی، لەیەكەم كۆپی یاساكە دوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمان و واژۆكردنی سەرۆكایەتی كۆمار، كە 26ـی حوزەیرانی 2023 لە ژمارە 4726ـی رۆژنامەی وەقایعدا بڵاوكرایەوە، بودجەی ماددەی 140 بڕی 200 ملیار دینارە.
(كەركوك ناو)، بۆ وەرگرتنی زانیاری یەكلاییكەرەوە لەسەر بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆ ماددەی 140، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردودا، پەیوەندی بە زیاتر لە 10 پەرلەمانتاری عیراقەوە كردوە، بەڵام ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە، لەسەر بڕی بودجەكە كۆكنین.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لەڕێی نامەوە (كەركوك ناو) دەربارەی بڕی بودجەی ماددەی 140 و كەمكردنەوەی پرسیاری لێكرد، لە وەڵامدا تەنیا وتی بڕی بودجەی ئەو ماددەیە "200 ملیار" دینارە. ناوبراو هەر لەم مانگەدا، لە زیاد لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا، جەختیكردۆتەوە كە بودجەی ماددەی 140ـیان لە 100 ملیار دینارەوە بۆ 200 ملیار دینار زیادكردووە.
بەڵام نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق سورە لەسەر ئەوەی بودجەی ماددەی 140 هەر 100 ملیار دینارە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە بنەڕەتدا ئەو پارەیە هەر 100 ملیار بووە و هیچ زیادنەکرا، تا کەمبکرێتەوە"، هەروەها رونیكردەوە لە لیژنەكەی ئەوانەوە هیچ گۆڕانكارییەك لە یاسای بودجەدا نەكراوە و دیارنییە بۆ ساڵانی داهاتووش هەمان بڕە پارە بۆ ماددەكە دادەنرێتەوە یان نا.
بودجەی پەسەندكراوی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـــە.
موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی ماددەی 140 لە پەرلەمانی عیراق هاوڕایە لەگەڵ نەرمین مەعروف، كە بودجەی ماددەی 140 بڕی 100 ملیار دینار بووە بۆ ساڵی 2023، بەڵام ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت "یەكەمجار كە بڕیاری لەسەر درا، بڕی بودجەكە 100 ملیار دینار بوو.. دواتر گفتوگۆكرا و لەسەر داوای پەرلەمان بڕیاردرا 100 ملیار دیناری دیكە زیاد بكرێت و ببێتە 200 ملیار دینار، بەڵام تائێستا نەكراوە".
"پێدەچێت لەموناقلاتەكاندا (زیادكردنی ئەو 100 ملیارە) جێگیر نەكرابێت و پەسەند نەكرابێت، یان سەرۆك وەزیران رازی نەبووە بۆیە جێگیر نەكراوە"، موسەنا ئەمین دەڵێت "بڕیاروابوو لەو شەش ترليۆن دینارە كە موناقلاتی تێدا دەكرێت سەد ملیاریش بۆ مادەی 140 بگوازرێتەوە، ئەگەری هەیە رەزامەندی لەسەر نەدرابێت یان هەڵوەشێنرابێتەوە، ئەگەرنا دەبوو ئێستا 200 ملیار دینار بێت".
هەروەها فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا بۆ چەند دەزگایەكی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەداوە بودجەی ماددەی 140ـی دەستور 100 ملیار دینار بووە و كراوە بە 200 ملیار دینار.
نەجوە كاكەیی، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بودجەی ماددەی 140ـی دەستور بڕی 200 ملیار دینارە، بۆ هەرسێ ساڵی 2023، 2024 و 2025ـیش هەر بودجەكە بڕی 200 ملیار دیناری بۆ دیاریكراوە و ئەو بڕە پارەیە خەرجدەكرێت".
لە 23ـی تەموزی ئەمساڵیش دامەزراوەی كوردستان24، لە هەواڵێكدا بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویكردەوە، "لە قۆناغی یەكەمدا بڕی 200 ملیار دینار بۆ قەرەبووكردنەوەی هاوڵاتیان تەرخانكراوە" لە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستور.
تائێستا تەنیا بەشێك لە قۆناغی یەكەمی ماددەی 140 جێبەجێكراوە، ئەویش قەرەبوكردنەوەیە؛ بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆكەوە بۆ دەرەوەی پارێزگاكە راگوێزرابون، هەروەها قەرەبوكردنەوەی ئەو خێزانانەی بۆ پارێزگاكە هاوردەكرابون.
ئەوانەی راگوێزرابون هەر خێزانێك بڕی 10 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، لە بەرامبەردا هاوردەكان بڕی 20 ملیۆنیان پێدەدرێت و رەوانەی شوێنەكانی خۆیان دەكرێنەوە.
موسەنا ئەمین وتى "بودجەی ماددەی 140 تائێستا یەكلانەكراوەتەوە چۆن خەرجدەكرێت و بۆچی خەرجدەكرێت، بەڵام زۆرينەی دەدرێت بە قەرەبووی جێبەجێكردنی ماددەكە، ئەو كەسانەی قەرەبوونەكراونەتەوە، قەرەبوودەكرێنەوە"، ئەندامەكەی لیژنەی ماددەی 140 لە پەرلەمان دەڵێت بودجەی ئەو ماددەیە بۆ دوو ساڵی داهاتوو جێگیر نییە و هەموو ساڵێك دەگۆڕێت.
بهپێی ماددەی 140ـی دهستوری عیراق، پێویستە چارەنووسی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناکۆک دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی و دواتر راپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، ئەو ماددەیەش پشتی بەستووە بەجێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ماددەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، کە لەمانگی 3ـی ساڵی 2004ـدا دەرکراوە و لەسێ بڕگەی سەرەکی پێکدێت.
لە ساڵی رابردودا بەوپێیەی یاسای بودجە نەبوو، هیچ بڕە پارەیەك بۆ ماددەی 140 خەرجنەكرا؛ بەڵام بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە یاسای بودجەی 2021ـدا بڕی 12 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخانكرابوو.
لە ساڵی 2020ـدا یاسای بودجە نەبوو، لە ساڵی 2019ـدا بڕی 50 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 تەرخانكرابوو، لە بودجەی ساڵانی 2017 و 2018ـدا هەریەكێكیان بڕی تەنیا پێنج ملیار دیناری تێدابوو بۆ ئەو ماددەیە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2016ـیشدا 19 ملیار و 760 ملیۆن دینار تەرخانكرابوو.