بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، بڕیاریدا بە دورخستنەوەی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانە ئامادەیی، ناوەندی و دواناوەندییەكانی كچان، ئەوەش بەهۆی بونی سكاڵا و بە هۆكاری "دروستبونی كێشە" لەو قوتابخانانەدا.
بەپێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، كە لە 9ی ئاب دەرچووە و كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا هاتووە "لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و كاركردندا، بڕیارماندا بە كشاندنەوەی تەواوی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانە ئامادەیی، ناوەندی و دواناوەندییەكانی كچان".
لە نوسراوەكەدا جەختكراوەتەوە لەوەی "بە پێچەوانەوە دەبێت بەرگەی هەموو رێكارێكی یاسایی و ئیداریی بگرن".
نوسراوەكە واژۆی هەریەكە لە رەعد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك بەوەكالەت و سامان مەجید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوكی لەسەرە.
سامان مەجید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عیراقدا هەیە و تازە نییە، بەڵام لە ماوەكانی رابردودا بەهۆی كەمی میلاكات جیبەجێنەكراوە، ئێستا زیندوكراوەتەوە و دەبێت جێبەجێ بكرێت".
ئەمە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عیراقدا هەیە و تازە نییە، بەڵام لە ماوەكانی رابردودا بەهۆی كەمی میلاكات جیبەجێنەكراوە
وتیشی كە بڕیارەكە بەهۆی ئەوەوە زیندوكراوەتەوە كە چەندین سكاڵا لە چەندین قوتابخانە لەبارەی بونی كێشە و گرفت لەو قوتابخانانەی كچانن و مامۆستای پیاویان هەیە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی كەركوك بەرزكراوەتەوە. "ئێمەش پاڵپشت بە رێنماییەکانی وەزارەت بڕیارەكەمان دەركردووە".
"سەرەتا زیاتر لەو قوتابخانانەوە دەستپێدەکرێت کە گرفت و کێشەیان هەبووە... پێدەچێت هەمان بڕیار لەو قوتابخانانەی كوڕانن و مامۆستای ئافرەتیان هەیە جێبەجێبكرێت، بەڵام دەبێت سەرەتا رچاوی ئەوە بكەین كە بۆشایی لە میلاكات دروست نەبێت".
بڕیارەكە لەكاتێكدایە ئێستا پشوی هاوینە و دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن كەمتر لە دوو مانگی ماوە.