پارتی دیموكراتی كوردستان:
بڕیاری سودانی-یە و هەموو بارەگاكانمان لە كەركوك وەردەگرینەوە

كەركوك/ 28ی ئابی 2023/ راگرتنی هاتوچۆی نێوان كەركوك - هەولێر لە گەڕەكی شۆراو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، كە دژایەتی خۆیان دەردەبڕن بۆ هەوڵی رادەستكردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە پارنی دیموكراتی كوردستان. فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس

پارتی دیموكراتی كوردستان دوپاتیدەكاتەوە لە وەرگرتنەوەی تەواوی بارەگاكانی لە شاری كەركوك، لە نێویاندا بارەگای سەركردایەتییان. بۆ ئەوەش ئاماژە بە بڕیارێكی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكات.

مەسعود مەلا پەروێز، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی لقی كەركوكی پارتەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكەی سودانی بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە 20 رۆژ لەمەوبەر گەیشتۆتە كەركوك و تیایدا داوادەكات هەموو ئەو بارەگایانەی لەلایەن هەر هێز و لایەنێكەوە داگیركراوە بۆ خاوەنە رەسەنەكەی چۆڵبكرێت و بگەڕێنرێتەوە". زیاتر وتی "ئەو بارەگایانەی پارتی كە لە كەركوك دەستیانبەسەردا گیراوە، موڵكی پارتین و دەبێت بڕیارەكە جێبەجێبكرێت".

بڕیاری سودانی گەیشتۆتە كەركوك بۆ رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی

ئەو لێدوانەی مەسعود پەروێز دوای ئەوە هات لە شەوی رابردوەوە 27ی ئاب، ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران چونەتە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لە گەڕەكی شۆراو، لەگەڵ گرتنی رێگاكە كە كەركوك بە هەولێر دەبەستێتەوە، خێمەیان هەڵدا و داوایانكرد ئەو بارەگایە رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستان نەكرێتەوە.

ئەو بارەگەیە پێشتر سەركردایەتی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان لێی بوو، تاوەكو لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك گەڕانەوە و پێشمەرگەو هێزە كوردییەكان پاشەكشێیانكرد كرایە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، كە سەرپەرشتی دۆسیەی تەواوی پارێزگاكە دەكات.

خۆپیشاندەران كە لە پێكهاتەی عەرەبن و لە ئێستادا لەبەردەم بارەگاكەن، لە راستەوخۆیەكی پەیجی (كەركوك ناو)دا جەختیانكردەوە لەوەی لە نێو ئەو بارەگایەدا كاتێك پارتی لێ بووە، گوایا "توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵكی كەركوك لە نێویاندا نەتەوەی عەرەب كراوە".

لە نێو ئەو بارەگایە توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵكی كەركوك لە نێویاندا نەتەوەی عەرەب كراوە

مەسعود مەلا پەروێز وتی "ئەو جۆرە مامەڵەیە برایەتی و پێكەوەژیانی ناو كەركوك تێكدەدات، دەكرێت ئیدارەی ئێستای كەركوك و لایەنی ئەمنی وەڵامی ئەوە بدەنەوە ئایا خۆپیشاندانەكە رەسمییە، مۆڵەتیان پێدراوە یان نا، ئەگەر مۆڵەتیان هەیە، كێ مۆڵەتی پێداون".

baragay parti dimocrat
كەركوك/28ی ئابی 2023/ چەند چەكدارێك لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك چاودێری ئەو خۆپیشاندەرانە دەكەن كە دژایەتی خۆیان دەردەبڕن بۆ هەوڵی رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە بە پارتی دیموكراتی كوردستان. فۆتۆ: كەركوك ناو

وتیشی "ئێمە مۆڵەتی رەسمی كاری سیاسیمان لە هەموو عیراقدا هەیە، بارەگاكانیش موڵكی خۆمانن، ناكرێت هەر بڕیارێك لە عیراقەوە بێت، دژی بوەستنەوە و رێگای خەڵك بگرن، بڕیارەگە گەیشتووە و پێویستە جێبەجێ بكرێت".

بەپێی كارنامەی حكومەتەكەی سودانی، كە 27ـی تشرینی یەكەمی 2022 لە بەغدا وبە ئامادەبونی 253 پەرلەمانتار دەنگی لەسەر درا، هەموو حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین مافی چالاكی سیاسییان هەیە و پێویستە بارەگاكانیان چۆڵبكرێن.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2019دا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق، هەمان بریاری دەكرد، بەڵام لەژێر كاریگەری خۆپیشاندەران و ناڕەزایی دوو پێكهاتەی كەركوك (عەرەب و توركمان) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا.

هەر ئەوكات راکان سەعید، پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران بە رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە هەڵبوەشێتەوە، هەروەها حکومەتى ناوەندی لەڕێگاى دانیشتنەوە رێکكەوتن بکات و شوێنێکى دیکە بۆ بارەگای پارتی دەستنیشان بكات"، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی رونبكاتەوە.

لە ساڵی 2020یش كاتێك هەوڵی هاوشێوە درا بۆ رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایانە، بەرەى عەرەبی لە کەرکوک – لە كۆمەڵێك حزب و لایەنی عەرەبی و سەرۆك هۆزەكان پێكدێت – لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەوڵە راگەیاند و جەختیانكردەوە "ئەو بارەگایە لەسەر زەوى زیادەڕۆ دروستکراوە کە موڵکى وەزارەتى نەوتە و بە پارەی قوتى خەڵکى دروستکراوە".

parti
كەركوك/ 2017/ بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی هێزەكانی سرایا خوراسانی لەسەرە كە هێزێكی سەر بە دەستەی گشتی حەشدی شەعبییە لە عیراق.  دوای چۆڵكردنی فۆتۆ: كەركوك ناو

هەر ئەوكات وتەبێژەكەیان (محەمەد رەیاشی) وتی "نامانەوێت ئەو بارەگایە جارێکى دیکە بکرێتەوە بە شوێنى سزادان و ئەشکەنجەدان و کوشتنى هاوڵاتیانى بێتاوان... بینیتان لە دواى 16 ئۆکتۆبەرەوە لە نێو مەجارى نێو بارەگاکە دوو تەرم دۆزرانەوە".

پارتی چەند جارێك پارێزگای كەركوكی بە "داگیركراو" وەسفكردووە و ئاماژەی بەوەداوە تا دۆخەكەی ئاسایینەكرێتەوە ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك، هەر بەو هۆیەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی نەكرد لە ساڵی 2018دا. بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییەكی 2021دا دوو كورسی پارێزگاكەی لەكۆی 13 كورسی بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بەشداری دەكات كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

مەسعود مەلا پەروێز وتی "گەڕانەوەی پارتی لە ئێستادا بۆ كەركوك، كاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە بەرژەوەندی كورد و پارتی-ش".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT