دۆسییەكەی مەلا كەریم؛ پاسەوانەكەی لە زیندانە
روداوەكەیان بە "هەوڵی تیرۆر" ناساند، بەڵام هەوڵی سوڵحی عەشایەری بۆ دەدەن

وێنەیەكی كەریم شوكر (مەلا كەریم)، وێنەی پشتەوەی لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی روداوەكەوە وەرگیراوە.

لەیلا ئەحمەد

هەوڵدەدرێت دۆسییەكەی كەریم شوكر، پەرلەمانتار و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دوزخورماتوو بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بكرێت، لەكاتێكدا مەلا شوكر و حزبەكەی روداوەكەیان بە "تیرۆر" ناوبرد.

لە 10ی ئابی رابردوو دوو گەنج لەناو حەوشەی بینای مەڵبەندی یەكێتی لە دوزخورماتوو، نامەیەكیان دایە دەست كەریم شوكر (مەلا كەریم) لەوكاتەی ناوبراو لەناو بیناكە دەهاتە دەرەوە، كەریم شوكر لە دوای خوێندنەوەی، نامەكەی دڕاند و دوای گفتوگۆیەكی كورت بە خێرایی بەرەو روی گەنجەكان رۆیشت، لەوكاتەدا كەسێك بە جلی سەربازییەوە كە وادەردەكەوێت پاسەوانی بێت، بە بۆكس دەكەوێتە وێزەی یەكێك لە گەنجەكان، ئەوەش بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە رۆژی دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە.

لەوكاتەدا شڵەژانێك رودەدات و كەریم شوكر بە خێرایی بۆ ناو بینای مەڵبەند دەگەڕێتەوە و ئەو كەسەشی بە بۆكس لە گەنجەكەی دەدا، دەمانچە رووە و گەنجەكە بەرزدەكاتەوە، بەڵام لە گرتە ڤیدیۆی سەرەتادا رون نییە ئایا گەنجەكەش میلی دەمانچەی هێناوەتەوە یان نا.

گرتەیەكی ڤیدۆیی روداوەكە كە لە سۆسیال میدیا بڵاوكرایەوە.

لە دیوێكی تری گرتە ڤیدیۆیەكەدا كاتێك گەنجەكان بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكەیان - هەر لەناو حەوشەی مەڵبەند راگیراوە- دەگەڕێنەوە، دەردەكەوێت یەكیكیان دەمانچەی پێیە و رووە و پاسەوانەكان بەرزیكردۆتەوە، لەوكاتەدا گولـلەیەكی بەردەكەوێت و دەكەوێتە سەر زەوی، پاشان هەڵدەستێتەوە و هەردوو گەنجەكە دەچنە ناو ئۆتۆمبێلەكەیان و بینای مەڵبەند بەجێدەهیڵن.

گەنجە بریندارەكە گولـلەیەك بەر سنگی كەوتووە، بەپەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی دوزخورماتوو، لەوێوە بۆ كەركوك.

محەمەد عەلى حسێن، باوكی گەنجە بریندارەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەم زۆر خراپ برینداربووە، باری تەندروستی جێگیر نییە، سكاڵامان تۆماركردووە، بە پێنج پاسەوانی مەلا كەریم و مەڵبەندەوە تەقەی لێكراوە".

نامەی دەستی ئەو دوو گەنجە داوەتنامەیەك بووە بۆ كەریم شوكر، بۆ ئەوەی ئامادەبێت لە كردنەوەی نوسینگەی برایەتی پەرلەمانتارێكی توركمان لە گەڕەكی كۆماری دوزخورماتوو كە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانەكەی كوردن.

محەمەد عەلى حسێن باوكی گەنجە بریندارەكە لە ئێستادا سەرپەرشتی نوسینگەی برایەتی دەكات، دەڵێت ئەو پەرلەمانتارەی نوسینگەكەی بۆ كردونەتەوە، 30 بۆ 40 پارچە چەكی پێداوان بۆ پاراستنی خۆیان.

"كاتێك كوڕەكەم داوەتنامەكەی بە مەلا كەریم داوە، لەگەڵ دڕاندنی-دا وتویەتی ئێوە خائین، خۆفرۆش و جاشن".

مەلا كەریم داوەتنامەكەی دڕاندووە و بە كوڕەكەمی وتووە ئێوە جاش و خۆفرۆشن

بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە، بەتایبەت باوكی گەنجە بریندارەكە، پێشتر یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكانی كەریم شوكر و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2021دا بانگەشەی بۆ كردووە، لەگەڵئەوەشدا كادیری مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی بووە، بەڵام دوای دروستبونی كێشە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەی كورد، بڕیاریداوە نزیكبیتەوە لەو پەرلەمانتارەی توركمان.

dwz
سه‌ڵاحه‌دین، 2018، هێزێكی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

"دەیانەوێت بە سوڵحی عەشایەری كێشەكەیان لەگەڵدا چارسەر بكەین، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەتكردەوە و بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین، دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و بە یاسا مافی خۆمان دەوێت"، محەمەد عەلی جەختیشیكردەوە "من كێشەم لەگەڵ یەكێتیدا نییە، كێشەكە كێشەی نێوان من و مەلا كەریمە، هۆكارەكەشی بێمنەتی مەلا كەریمە لە دەنگەكانمان و خزمەكانمان".

دەیانەوێت بە سوڵحی عەشایەری كێشەكەیان لەگەڵدا چارسەر بكەین، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەتكردەوە

لەبارەی روداوەكەوە كە لە ئێستادا دۆسییەكەی لای پۆلیسە و پەڕاوی بۆ كراوەتەوە، وتی "كوڕەكەی من دەمانچەی پێبووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك تەقەی نەكردووە، دەركردنی دەمانچەكەش بۆ ئەوە بووە بەرگری لەخۆی بكات".

داواكاریی بۆ سوڵحی عەشایەری لەكاتێكدایە، نوسینگەی راگەیاندنی كەریم شوكر، هەر ئەوكات لە راگەیەنراوێكی كورت-دا جەختیكردەوە "ھاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیادەکەینەوە کە ھەڤاڵ مەلاکەریم سەلامەتە و لە ھەوڵی تیرۆرکردن لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرین رزگاری بوو".

هاوكات میدیای رەسمی یەكێتی-ش روداوەكەی بە روداوێكی "تیرۆر" و هەوڵدان بۆ كوشتنی كەریم شوكر ناوبرد.

(كەركوك ناو) چەندین جار لەڕێی تەلەفون و نامەوە هەوڵیدا لەگەڵ كەریم شوكر قسە بكات، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەدایەوە.

لە ئێستادا پاسەوانێكی كەریم شوكر بە ناوی ئامانج نەجات، كە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، لە زیندانە، بە تۆمەتی تەقەكردن و برینداركردنی ئەو گەنجە.

ئاسۆ محەمەد – مامى پاسەوانەكە-، وتی كە برازاكەی حەوت ساڵ دەبێت پاسەوانی مەلا كەریمە، كەیسەكەی لە پۆلیسە و نازانن بە چی دەگات.

ئەو وتی "چەند رۆژێك لەمەوبەر ژمارەیەک پیاوانى دەم سپی و سەرۆک عەشرەتی ناوچەكە هەوڵیاندا بەشێوەیەكی عەشایەری كێشەكە چارەسەر بكەن و رێكبكەوین، بەڵام بێسود بوو و رەتیانكردەوە".

وتیشی "ئێمە كوڕەكەی خۆمان رادەستی پۆلیس كردووە، چاوەڕێین بە یاسا یەكلاییبێتەوە، راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە، ئەوان هاتونەتەسەر مەڵبەند و هێرشیانکردووە، ویستیان شکۆى یەکێتى و مەڵبەند بشکێنن و لەناو بارەگەكەمان تەقەیان كردووە، بۆیە ئێمەش بۆ بەرگرى لە خۆمان تەقەمانکردووە و ئەو  کوڕەى ئەوان بریندار بووە".

مادام ئەو بنەماڵەیە كێشەیان لەگەڵ كەریم شوكر-دا هەیە چ پێویست دەكات داوەتنامەی بۆ بنێرن

مامى پاسەوانەكە، دەڵێت خۆی شایەتحاڵێكی روداوەكە بووە و ئەو رۆژە لەناو مەڵبەند بووە، وتی "مادام ئەو بنەماڵەیە كێشەیان لەگەڵ كەریم شوكر-دا هەیە چ پێویست دەكات داوەتنامەی بۆ بنێرن، یان بۆچی رادەستی پرسگەیان نەكرد و چاوەڕێیان كرد بیدەنە دەست كەریم شوكر".

لەبارەی گرتە ڤیدۆییەكان كە بڵاوكراونەتەوە، وتی "ئەوە دەستێكی تیابوو"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات، تەنیا وتی "ئێمەش ڤیدیۆی ئەو گەنجەمان لایە كە تەقە دەكات و چوار فیشەك رووە و بینای مەڵبەند و پاسەوانەكان دەتەقێنێت".

ئاسۆ محەمەد، لەبارەی ئایندەی برازاكەی وتی "مەرج نییە بە تەقەی برازاكەم برینداربوبێت، بەڵام كوڕەكەمان بەرگری لە مەڵبەند و یەكێتی كردووە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT