لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2ی ئەیلولەوە، دەمزانی خۆپیشاندانێك لە گەڕەكی رەحیماوای كەركوك بەڕێوەدەچێت، رێكخەرەكانم دەناسی و لەگەڵ هەندێكیاندا ئاشنایەتیم هەیە، بۆ نمونە دووان لە رێكخەرەكان ئەوانەن كە بەڕاستی بەهۆی داخستنی رێگای كەركوك – هەولێرەوە زەرەرمەندبون.
پێشبینییەكە بەگشتی بۆ خۆپیشاندانەكە ئەوە بوو لەناو بازاڕی رەحیماوادا - دانیشتووانەكەی كوردن - ئەوپەڕی یەك دوو كاتژمێر بخایەنێت، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنیدا لە كاتژمێر 5ی ئێوارە، دیاربوو لە كۆنترۆڵ دەردەچێت، هوتافی نەتەوەیی و حزبی تێكەڵ بە خۆپیشاندانەكان بوو، هەندێكیان لەو رێیەوە گڕوتینیان پێدەدا. بەڵام نەمبینی هیچ یەكێك لە رێكخەرەكان هوتافی حزبی بڵێنەوە.
رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە لە راگەیەنراوێكی كورتدا ئاماژەیان بەوەدا كە ئامانج لە خۆپیشاندانەكە تەنیا داواكردنە بۆ كردنەوەی رێگای كەركوك – هەولێر. ئەو رێگایە لە 27ی ئابەوە لەلایەن بەشێك لە هاوڵاتیان كە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو بە سەرۆكایەتی وەسفی عاسی پشتیوانیان دەكات گیراوە و لەسەر جوتسایدەكە خێمەیان هەڵداوە.
ئامانج لەو خێمە هەڵدانەی مانگرتووانی عەرەب دژایەتیكردنی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراقە كە داوادەكات بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك رادەستی پارتی دیموكرات بكرێتەوە. بارەگاكە دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی هەولێر – كەركوك و لە گەڕەكی شۆراو كە گەڕەكێكی كوردنشینە. ئەو بارەگایە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە دراوە بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.
هەر ئەوەندەی نەبرد جوتسایدی گەڕەكی رەحیماوا داخرا، ئەو جوتسایدە دەچێتەوە سەر هەمان رێگای مانگرتووانی عەرەب بە دوری كەمتر لە دوو كیلۆمەتر. تایە سوتێنرا و هوتافەكان توندتر بون، ئەوەندەی نەبرد بەرەو شوێنی مانگرتووانی عەرەب بەڕێكەوتن لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان.
لە خۆپیشاندەران هەموو تەمەنێكی تیابوو، بەڵام زۆرینەیان تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵان دەبوو، تەنانەت هەبوو خوار 18 ساڵ بوو و گڕوتینی بە خۆپیشاندانەكە دەدا.
هەندێكیان ماتۆڕیان پێبوو، پێدەچوو ئەوانە تەنیا ویستبێتیان بزانن چی رودەدات.
دەتوانم بڵێم بەگشتی زیاتر لە سێ هەزار خۆپیشاندەران دەبون، بەڵام كەم نەبون ئەوانەی هەر دەیانویست دیمەنەكان ببینن و خۆیان بەدوردەگرت.
دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكە. ڤیدیۆ: كەركوك ناو
ئەوانەی لەوێ بون، لە سەدا 90یان هەر خەڵكی گەڕەكەكە بون، رۆژانە زۆریانم بینوە و نامۆ نەبون، بەگشتی ئەوانە كاسب و خوێندكار بون، پێشمەرگەش هەبوو، لەو كەسانە نەبون كە گوایا نامۆن، زۆرینەشیان لەو كەسانەش نەبون كە وابەستەیی توندی حزبییان هەبێت، بەگشتی ئەوانە بون كە لەداخستنی رێگاكەدا زەرەرمەند یان نیگەران بون. بەڵام خەڵكیش هەبوو كەوتبووە ژێر هوتافی حزبی و نەتەوەیی.
لە پڕێكدا ئاراستەی خۆپیشاندانەكە بەرەو بەردەم بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان رۆیشت، تەقەكردنی دەزگا ئەمنییەكان دەستیپێكرد، سەرەتا وادەردەكەوت بۆ بڵاوپێكردنی خۆپیشاندەران بێت، بەڵام بەچاوی خۆم لانیكەم پێنج برینداری گولـلەم بینی، هەندێكیان بە ماتۆڕسكیل دەهێنرانەوە بۆ ناو رەحیماوا، ئەوەندەی نەبرد هەواڵی بڵاونەوەی گیانلەدەستدانی كەسێك بڵاوبۆوە و بوو بەڕاست.
خۆپیشاندەران تا بەردەم خێمەی مانگرتووان رۆیشتن، لە بەردەم خێمەكەدا لانیكەم دوو ئۆتۆمبێل سوتێنرا، لەوێ كار گەیشتە شەڕە بەرد و دەستەویەخە. بەشێك لە مانگرتووان شوێنەكانی خۆیان بەجێهێشت، لەوكاتەدا تەقەكردن چڕتربۆوە و خۆپیشاندەران وردە وردە گەڕانەوە. سەرچاوەكانم پێیانوتم 10 برینداری خۆپیشاندەرانی رەحیماوا زۆرینەیان بە گولـلە گەیەنرانە نەخۆشخانە، لەگەڵ گیانلەدەستدانی یەكێكیان كە پێشمەرگەیە، لانیكەم سێ لە مانگرتووانی نێو خێمەكەش بە بەرد برینداربون.
ئەم گرژییە دوای شەش رۆژ دێت لە داخستنی رێگای هەولێر – كەركوك، كە ئیدارەی كەركوك و حكومەتی عیراق نەیتوانی چارەسەرێكی پێویستی بۆ بدۆزێتەوە.
بەهۆی داخستنی رێگاكەوە، هاتوچۆ پەكیكەوتووە و خوێندكاران ناتوانن بە ئاسانی بگەنە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، جوتیاران و كاسبكاران ناتوانن بەئاسانیی كاری خۆیان بكەن و فەرمانبەرانیش لەكاتی خۆیدا ناگەنە فەرمانگەكانیان.
رون نییە رۆژانی داهاتو چی رودەدات، ئەوەی رونە وەك چارەسەرێكی كاتی قەدەغەی هاتوچۆی توند لە شارەكە راگەیەنراوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەرێم داوای چارەسەری بە پەلە بۆ دۆخی كەركوك دەكەن.
محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا هێزە ئەمنییەكانی پارێزگاكەی راسپارد رۆڵی خۆیان هەبێت لە سەپاندنی ئاسایش و دەسەڵاتی یاسا بەرامبەر بەو كەسانە بەكاربهێنن كە لە پارێزگاكەدا كاری ئاژاوەگێڕی دەكەن.
لەگەڵئەوەشدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و میللی كردووە رۆڵیان هەبێت لە رێگری فیتنە و پاراستنی ئەمن و ئاسایش لە شارەكە.
دوابەدوای ئەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، داوای لە سودانی كرد، کۆنترۆڵی ئەو بارودۆخەی كەركوك بكات و وتی "سەر و ماڵی هاونیشتمانیان و خۆپێشاندەران بپارێزن و چیتر رێگە بە کەسانی نابەرپرس نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن".
ئەم گرژییە لەكاتێكدایە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كەركوك ئامادەكاریی خۆیان تەواوكردووە بۆ یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوای 18 ساڵ كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
بەو هۆیەوە چاوەڕواندەكرێت ئەگەر چارەسەرێكی خێرا بۆ ئەو كێشانە نەكرێت گرژییەكان لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكان زیاتربن، هەڵبژاردنێك كە 18 ساڵە بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە نەتوانراوە ئەنجامبدرێت.