بەغدا بۆ لێكۆڵینەوە لە كەركوكە
وتەبێژی پۆلیس: تەنیا یەك هاوڵاتی بە فیشەك بریندار بووە

كەركوك/ 3ـی ئەیلولی 2023/ چەند ئۆتۆمبێلی سوتێنراو لە ئەنجامی بارگرژیی و خۆپیشاندانەكانی شاری كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە بەغداوە چۆتە كەركوك و بەدوای "تەقەكەر" و ئەنجامدەرانی "ئاژاوە"ـدا دەگەڕێت، ئەوەش دوابەدوای ناڕەزایی و تۆماركردنی ژمارەیەك سكاڵای یاسایی.

موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت، لە روداوەكانی چەند رۆژی رابردوی پارێزگاكەدا، بەپێی دوایین ئامار، چوار هاوڵاتی كوژران و 19 هاوڵاتی دیكە برینداربون.

روداوەكانی كەركوك، 2ـی ئەیلول بوو، كاتێك ژمارەیەك هاوڵاتی كاسبكار لە گەڕەكی رەحیماوا خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا دژی داخستنی رێگای سەرەكی كەركوك بەرەو هەولێر لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، ئەوەش لەلایەن ژمارەیەك هاوڵاتییەوە بۆ ماوەی چەندین رۆژ، كە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو پشتوانی دەكردن.

خۆپیشاندانەكە، دواتر بەرەو ئاڵۆزی رۆیشت، بارگرژی لێكەوتەوە و تەقەكردنی تێكەوت.

عامر نوری وتی "لەناو بریندارەكاندا تەنیا یەك كەس بە فیشەك بریندار بووە، ئەوانیتر بە بەرد بریندار بون".

هەمان رۆژ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەستتێوەردانی كرد و كۆتایی بە ناڕەزایی هێنرا، بۆ رۆژی دواتر، مانگرتوانی بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانیش خێوەتەكانیان هەڵگیرا و رێگاكانی هاتوچۆ كرانەوە.

سودانی لیژنەیەكی باڵای بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنا، بە ئامانجی دیاریكردنی "كەمتەرخەم" لە روداوەكانی كەركوك و دۆزینەوەی "تەقەكەر" و ئەوانەی لە "ئاژاوەگێڕی" و نانەوەی "فیتنە"ـدا تێوەگلاون.

"لیژنەیەکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لەکۆی ڕوداوەکان لە کەرکوکە و دەستیان بەڕێکارەکان کردووە" وتەبێژی پۆلیس دەڵێت سكاڵای یاسایی تۆماركراوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە، "تەقەکەر هەر کەسێک بێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت و بۆ ئەوەش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".

موقەدەم عامر ئاماژەی بەوەدا لە نێو مانگرتوانی خێوەتی بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكاندا، هیچ كەسێك نەكوژراوە یان بریندار نەبووە.

374169486_265854726334368_4507639310639760062_n
كەركوك/ ئەیلولی 2023/ پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان لەبەردەم ناڕەزایی هاوڵاتیاندا فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

نوێنەرانی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، ئێوارەی دوێنێ 3ـی ئەیلول لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆبونەتەوە و بەپێی نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، جەخت لە پاراستنی ئاشتی و ئارامی پارێزگاكە كراوەتەوە، لەگەڵ گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی هەر چەكدار و كەسێك تێوەگلابن لە نانەوەی "فیتنە" و هێرشەكاندا.

عامر نوری وتی "ئەوانەی زیانلێكەوتون، وەك كەسانێك كە ئۆتۆمبێلیان سوتاوە، لەلایەن دەوڵەتەوە قەرەبوی زیانەكانیان دەكرێتەوە"، هەروەها وتەبێژی پۆلیس دەڵێت ئەمڕۆ دوشەممە یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان گەیشتۆتە كەركوك تا سەردانی خێزانی كوژراو و بریندارانی روداوەكەی كەركوك بكات.

ئیدارەی كەركوك، لە پەیامێكدا داوای لە هاوڵاتیان كردوە، هەر كەسێك بەهۆی روداوەكانەوە زیانی بەركەوتووە، لە بنكەی پۆلیسی گەڕەكی رەحیماوا سكاڵا تۆماربكات، تا لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە قەرەبووبكرێتەوە.

ناڕەزایی و روداوەكانی كەركوك، دوای ماوەیەك لە داخستنی رێگایەكی سەرەكی كەركوك-هەولێر هات لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان، كە دەكەوێتە گەڕەكی شۆراو، ئەوەش دژی رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبڕیاری سەرۆك وەزیران.

دادگای فیدراڵی عیراق، 3ـی ئەیلول، لە دانیشتنێكدا بڕیاریدا بە كاتی بڕیاری رادەستكردنی ئەو بارەگایە بە پارتی رابگرێت، تا ئەوكاتەی داوایەكی یاسایی لەسەر ئەو دۆسیەیە كە تۆماركراوە، یەكلاییدەكرێتەوە.

ئەو بارەگایە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە دراوە بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، دوای ئەوەی پارتی لە پارێزگاكە پاشەكشێی كرد، لە ئەنجامی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر، بەهۆی ریفراندۆمەوە، كە وایكرد سوپای عیراقی دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك لە هێزە كوردییەكان وەربگرێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT