لە قەزای خانەقین 200 روداوی ئاگركەوتنەوە تۆماركراوە لە گەرمای ئەمساڵدا، كە 12ـیان باخی خورما بووە و بەهۆیەوە سەدان دار بوون بە خەڵوز.
دوایین روداو؛ چوارشەممەی رابردوو 6ـی ئەیلول بووە و زیاتر لە 10 دۆنم باخی خورما سوتاوە.
" ئێوارە رۆشتین بۆ باخەكانمان و بینیم ئاگر كەوتۆتەوە، ئاگرێكی گەورە بوو، لە باخەكەی من و باخێكی دیكە، لەگەڵ باخەوانەكانی تر چەند هەوڵماندا نەمانتوانی ئاگرەكە بكوژێنینەوە، تا دواتر بەرگری شارستانی گەیشتن" هاوار عەباس، باخەوان لە خانەقین بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو خێزاندارە و بژێوی لەسەر ئەو باخەیە، "دوژمنایەتیمان لەگەڵ كەس نییە و نازانین كێ هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بووە، كە 10 دۆنم باخی من و خەڵكی تر سوتا، داری زۆری خورما سوتاوە بەڵام نازانین چەند دارە بە دیاریكراوی"، ئەو نیگەرانە لە دوبارەبونەوەی روداوەكانی كەوتنەوەی ئاگر، "داواكارم هەر كەسێكە با چیتر ئاگر لە باخەكانمان بەرنەدات، ئاخر ئەو باخانەی ئێمە تاوانیان چییە و زیانیان چییە تا وای لێبێت".
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لەو روداوەی ئاگركەوتنەوەدا هێشتا ئەنجامی لێكۆڵینەوە رانەگەیەندراوە و هیچ كەسێك تۆمەتبارێك نەكراوە.
جەبار جومعە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو ئاگرە لەسنوری لیوای گەرمەسێری یەك بووە، نزیكی بازگەی بابا مەحمود، كە ناوچەكە بە زۆری باخی خورما و كشتوكاڵی جوتیارانە، هەرزوو تیمەكانمان گەیشتن.. لەبەر زۆری ئاگرەكە داوای هاوكاریمان لە بەرگری شارستانی كەلار كرد و ئۆتۆمبێلیان بۆ ناردین، تا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا".
لەو ئاگرەدا بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی زیاتر لە 10 دۆنم زەوی كشتوكاڵی سوتاوە لە نێویاندا 50 داری خورما.
كاتێك ئاگرێكی گەورە لە باخەكان دەكەوێتەوە ئێمە ناتوانین كۆنتڕۆڵیبكەین
26ـی ئابی ئەمساڵیش لە باخێكی دیكەی خورما لە خانەقین ئاگر كەوتەوە و چەندین دار سوتا.
"ئەمساڵ زۆرترین ئاگر لە خانەقین كەوتۆتەوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زۆرترین روبەری باخ و دەخڵ و دان سوتاوە، نزیكەی 200 جار تیمەكانمان بۆ كوژاندنەوەی ئاگر دەرچون و رۆژ هەبووە پێنج جار تیمەكانمان دەرچون، لەو 200 ئاگرە 12ـیان باخی خورما بون و سوتان" بەوتەی جەبار جومعە.
بەپێێ ئامارێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین، كە دراوە بە (كەركوك ناو)، لەو قەزایە دوو هەزار و 254 دۆنم باخی تاپۆ هەن و زۆرینەیان خورمان، لەگەڵ 160 دۆنم-ی گرێبەست.
ئبراهیم خەلیل، بەڕێوبەری كشتوكاڵی خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت لە دوایین ئاگری باخەكانی خورما، نزیكەی 30 بۆ 40 دۆنم زەوی كشتوكاڵی سوتاون، "ئەو باخانە تەنیا خورما بون، هێندەی ئاگاداربین لەمساڵدا ئەمە سێیەمین ئاگرە لە باخە خورماكانی ناوشار بكەوێتەوە و دارەكان بسوتێن".
كشتوكاڵ و بەرگری شارستانی جەختدەكەنەوە نازانن كێ لە سوتاندنی باخەكان و كەوتنەوەی ئاگرەكان بەرپرسە.
(كەركوك ناو)، لە ئابی 2021دا راپۆرتێكی لەسەر پرسی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین بڵاوكردەوە و بەپێی راپۆرتەكە دەیان باخەوان باخە خورماكانیان لە خانەقین دەبڕنەوە و دەسوتێنن، زەوییەكەی پارچە پارچە دەكەن و بۆ یەكەی نیشتەجێبون دەیفرۆشن. ئەوەش بە پاڵپشتی "هەندێك دەستڕۆیشتوو".
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەڵێت "كاتێك ئاگرێكی گەورە لەباخەكان دەكەوێتەوە ئێمە ناتوانین كۆنتڕۆڵیبكەین و بیكوژێنینەوە" چونكە بیری ئاوی خۆمان نییە تا بتوانین خێرا ئاو ببەین بۆ ئاگر كوژاندنەوە" چەندینجار داوامانكردووە بەڵام بێ سود بووە.. دەبێت بە تەلەفۆن و تەكلیف لە مەحەتەی ئاو یان ئەو دائیرانەی بیریان هەیە تانكەرێك ئاومان پێبدەن تا بەپەلە بیگەەنینە شوێنی ئاگرەكە".