غازی عوبێد لەبەردەم دوو بژاردەدایە؛ یان بینینی مرداربونەوەی حوشترەكانی بەهۆی لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا لەسەر ناوچەكانیان یاخود دەبێت كۆچ بكات، ئەو دوەمیان هەڵدەبژێرێت.
زیاتر لە ساڵێكە غازی لە ناوچەیەكی سەوزی پارێزگای دهۆك، سەرقاڵی لەوەڕاندن و بەخێوكردنی ژمارەیەك حوشترە، دوای ئەوەی زێدی خۆی لە قەزای بەعاج بەجێدەهێڵێت.
"لەناوچەكانی ئێمە وشكەساڵییە، پاوان و ئاو نەماوە، بۆیە رومانكردۆتە دهۆك، لەوێ گژوگیا و پاوانی لێیە، شوێنێكی گونجاوە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانمان" غازی عوبێد، بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
عوبێد لە قەزای باعاج (باشوری خۆرئاوای نەینەوا) نیشتەجێیە، كاروكاسبی ئەوان لە باوباپیرانیانەوە لەسەر ئاژەڵداری، بەتایبەت حوشترە و ئێستاش نزیكەی 70 سەری هەیە، لەو ژمارەیە تەنیا 12 حوشتری بردۆتە دهۆك، لەگەڵ 250 سەر مەڕ.
"ماوەیەكی زۆر نییە لێرەین، سەرەتا ژمارەیەك حوشترمان هێنا وتمان رەنگە نەتوانن لێرە بژین، كە ناوچەیەكی شاخاوی و بەرز و نزمییە، بە پێچەوانەی بەعاجەوە كە دەشتایی و بیابانە" ئێستا حوشترەكانی غازی بەبێ كێشە لە چیاكانی دهۆك دەلەوەڕن، "ناچاربوین بێینە دهۆك، چونكە ترسمان هەبوو بەهۆی نەبونی گژوگیا و كەمئاوییەوە ئاژەڵەكانمان مردارببنەوە".
ئەو چۆتە گوندی باجلور، بە دوری حەوت كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی دهۆك و كە چەندین ئاژەڵداری دیكەی ناوچەكانی نەینەوا لەوێ جێگیربون.
تەنیا لە بەعاج 22 هەزار حوشتر هەبوو كە ئێستا بۆ نیوەی ئەو ژمارەیە كەمبۆتەوە
بەپێی ئامار و هۆشدارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ عێراق پێنجەم وڵاتی كاریگەرە بە لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، كە مەترسی كەمبونەوەی ئاو، وشكەساڵی، بەرزبونەوەی زۆری پلەكانی گەرما و ژەهراوی بونی لێدەكرێت لەگەڵ چەندین كارەساتی دیكەی سروشتی.
خەڵەف خاشع، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی قەزای بەعاج بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناوچەكانی ئێمە باشترین شوێن بون بۆ بەخێوكردنی حوشتر، پێش وشكەساڵی و لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، تەنیا لە بەعاج 22 هەزار حوشتر هەبوو كە ئێستا بۆ نیوەی ئەو ژمارەیە كەمبۆتەوە".
ئەو دەڵێت باشترین ناوچەكانی بەخێوكردنی حوشتر لە نەینەوا بریتی بون لە بەعاج، رەبیعە، تل عەبتە و حەزەر، بەوپێیەی روبەرێكی فراوانی دەشتایی و بیابانیان هەیە و پێشتر كۆمەڵێك داری تێدابوو، كە سەرچاوەی سەرەكی خۆراكی حوشترن و ئێستا زۆرینەی نەماوە.
"ئاو كەمە، پاوان بۆ ئاژەڵەكان بەرێژەیەكی یەكجار زۆر كەمبۆتەوە، لە هەمووشی خراپتر حكومەت هیچ هاوكاری خاوەن ئاژەڵەكان ناكات، لەبەرئەوە خاوەن ئاژەڵەكان ناچارن یان ئاژەڵەكانیان بفرۆشن یان كۆچ بكەن، چونكە ئەگەر بمێننەوە مەترسی مرداربونەوەی ئاژەڵەكانیان هەیە، بۆیە بەشێكیان كۆچیان هەڵبژاردووە" بەوتەی خەڵەف خاشع.
لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، خەڵك ناچار دەكات زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، تا كۆتایی 2021 لە عیراق زیاتر لە 20 هەزار كەس بە ناچاری و بەهۆی كەمی ئاوەوە كۆچیان كردووە، بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان.
پێش ئەوەی بەرەو دهۆك كۆچ بكات، غازی عوبێد 37 حوشتری لە بەعاج مرداربونەتەوە، هێشتا 21 حوشتری لەوێ ماونەتەوە و ئەگەر رێگەی پێبدرێت و بگونجێت، هەمووی دەباتە گوندی باجلور، "زەوییەكی لەوەڕگامان بە كرێی ساڵانەی نزیكەی سێ ملیۆن دینار گرتووە"، ئەو دەڵێت هەندێك لە ئاژەڵدارانیش بەرەو رومادی و كەربەلا رۆیشتون، "لە هەموو كەسێك زیاتر ئێمە بووین بە قوربانی لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بەبێ ئەوەی حكومەت هاوكاریمان بكات".
نەینەوا، كە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە چوار ملیۆن و 200 هەزار كەسە، نزیكەی سەدا 40ـیان گوندنشینن و سەرچاوەیەكی سەرەكی بژێوییان لەسەر ئاژەڵدارییە.
شاكر یەحیا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی باشیك (خۆرهەڵاتی موسڵ) دەڵێت كاریگەری كەمئاوی و گۆڕانكاری كەشوهەوا وایكردووە ئاژەڵداران لە چەندین ناوچەی دەشتی نەینەواش روبكەنە كوێستانەكانی دهۆك، بەبێ ئەوەی پێشتر كۆچەری بوبن، "لە باشیك نزیكەی 50 كەس ئاژەڵەكانیان بۆ لەوەڕاندن بردۆتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی نەمانی پاوەن و كەمئاوییەوە".
لە باشیك نزیكەی 50 كەس ئاژەڵەكانیان بۆ لەوەڕاندن بردۆتە ناوچەكانی هەرێم
پارێزگای نەینەوا زیاتر لە پێنج ملیۆن و 270 هەزار سەر ئاژەڵی هەیە و لە سەر ئاستی عیراق لە پلەی یەكەمدایە، ئەوەش لە كۆی زیاتر لە 20 ملیۆن و 426 هەزار سەر ئاژەڵ لە وڵاتدا، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵی.
هەر لەو ئامارەدا هاتووە كە ژمارەی حوشتر لە عیراقدا گەیشتۆتە نزیكەی 205 هەزار و پارێزگای نەینەوا لە پلەی دومدایە دوای موسەنا، ئەوەش بە 27 هەزار و 131 سەر حوشتر.
بەڵام بەڕێوەبەری كشتوكاڵی بەعاج دەڵێـت "نەینەوا پێش لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا و وشكەساڵی، لە ساڵانی رابردوتردا، 100 هەزار حوشتری هەبوو بەڵام ئێستا بۆ نیوە كەمبۆتەوە"، خەڵەف خاشع ئاماژەی بەوەدا تەنیا لە قەزاكەی ئەواندا نزیكەی هەزار حوشتر لە ماوەی رابردودا مرداربونەتەوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی و نەبونی پاوان و لێكەوتەی دیكەی وشكەساڵی.
پارێزگای دهۆك، لە هەوڵدایە رێگری لە كۆچی ئاژەڵدارانی نەینەوا بەرەو ناوچەكانی پارێزگاكە بكات، بە پاساوی كەمی لەوەڕگا و لێكەوتەی گۆڕانی كەشوهەوا.
رێدیر سدقی شەریف، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوو ساڵ لەمەوبەر گواستنەوەی ئاژەڵمان لە ناوچەكانی خواروی عیراق و نەینەواوە بۆ دهۆك قەدەغە كرد، چونكە كەمبارانی و وشكەساڵی و بەمدواییەش تای خوێنبەربون، كاریگەری هەبوو".
لە دهۆك نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار سەر مەڕ و بزن هەن لەگەڵ نزیكەی 120 هەزار مانگا.
"لە بازگەكان هەوڵدراوە رێگری لە هێنانی ئاژەڵ بۆ لەوەڕگاكانی دهۆك بكرێت، بەڵام حاڵەتیش هەبووە رێگەی پێدراوە، وەك ئەو هاوڵاتییانەی حوشتریان هێناوە و ئاسانكارییان بۆ كراوە، بەڵام رێگەنادرێت حوشتری زیاتر بهێنرێت".