"باوكم بە هەموو هێزی خۆی لێیدام... سوێندی خوارد و وتی دەتبەم لە ئاوی خاسە دەتخنكێنم و هەردوو قاچیشت دەبڕمەوە"، ئیمان عەبدوڵا كچێكی 14 ساڵی شاری كەركوكە دوای ئەم دەربڕینەی باوكی، بووە دوەم كەسی خێزانەكەی لە دوای دایكی ماڵ بەجێبهێڵێت.
ئیمان تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ بوو كاتێك دایك و باوكی لەیەكتر جیابونەوە، ئێستا كە لە تەمەنی 14 ساڵیدایە لەگەڵ برایەكی 10 ساڵانیدا لای باوك و باوەژنی (زڕ دایك) پێكەوە دەژیان. بەڵام لە 4ی ئەیلولی ئەمساڵ ماڵی بەجێهێشت.
ئیمان تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە و باوكی لە خوێندن دەریهێناوە، "بەردەوام بە بەرچاوی ئێمەوە لە دایكمی دەدا، زۆر توڕە بوو، جنێوی دەدا... ئێمە زۆر دەترساین، هەموو رۆژێك لە ماڵی ئێمە شەڕ بوو"، زیاتر وتی "دواین شەڕی باوكمم بیرە، دەستی دایكمی داخكرد، ئیتر دایكم رۆیشت و نەگەڕایەوە و تەڵاقی وەرگرت".
ئیمان دەڵێت باوكی لەگەڵ ئەو و براكەشیدا توندوتیژ بووە و ئەشكەنجەی داون. "رۆژێك هاتەوە ماڵ زۆر توڕە بوو نازانم بۆ! دەستی داخكردم، زۆر ئازارم هەبوو"، زیاتر وتی "سوێندی خوارد و وتی دەتبەم لە ئاوی خاسە دەتخنكێنم و هەردوو قاچیشت دەبڕمەوە، من چارەی تۆم ناوێت".
ئەم هەڕەشەیە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بوو، هەربۆیە ئیمان لە 4ی ئەیلول كاتێك باوكی كاتژمێر حەوتی بەیانی چوو بۆ دەوام، ئەویش ماڵەوەی بەجێهیشت و خۆی رادەستی پۆلیس كرد.
باوكی ئیمان لە سلكی سەربازیدا كاردەكات. دوای جیابونەوەی لە هاوژینەكەی، ژنێكی تری هێنا و ئێستا منداڵێكیان هەیە.
"باوەژنەكەم بە باوكمی دەوت ئیمان قسە لەگەڵ كوڕی خەڵكی دەكات، دوای ئەوە باوكم بە بەردەوامی پێیدەوتم چیتر چارەی تۆم ناوێت".
باوكم بە بەردەوامی پێیدەوتم چیتر چارەی تۆم ناوێت
لە هەمان رۆژی بەجێهێشتنی ماڵ، پۆلیسی كەركوك ئیمان-ی رادەستی رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی كرد كە كار لەسەر كەیسی ئەو كچ و ژنانە دەكات لەژێر هەڕەشەدا ماڵ بەجێدەهێڵن.
ئیمان نمونەی دەیان كەیسی كچ و ژنی هەڕەشەلێكراوە لە كەركوك، كە بەپێی ئاماری ئەو رێكخراوەی چاودێری ئەو كەیسانە دەكات تەنیا لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 18 حاڵەتی هەڵهاتن لە ماڵ و لەژێر هەڕەشەدا هەبووە.
سرود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی كەركوكی رێکخراوى ئەمەلی عیراقی، كە كار لەسەر ژنانی هەڕەشەلێكراو دەكەن، جەختیكردەوە كە لەو 18 ژن و كچەی ئەمساڵ بەهۆی هەڕەشەوە كەیسەكانیان هاتۆتە لای ئەوان، زۆرینەیان هەرزەكارن و بەهۆی خراپبەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كێشەیان لەگەڵ خێزانەكانیان بۆ دروستبووە.
"توێژەری دەرونی و كۆمەڵایەتیمان هەیە و دوای وەرگرتنی كەیسەكان و تۆماركردنیان، گفتوگۆ لەگەڵ ژن و كچە هەڕەشەلێكراوەكان دەكەین... هەندێكیان ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ نێو خێزانەكانیان، ترسی كوشتنیان هەیە، ئێمەش رەوانەی شەڵتەرەكانی هەولێر و سلێمانیان دەكەین"، سرود زیاتر وتی "كێشەیەكی گەورە كە روبەڕومان دەبێتەوە ئەوەیە لە كەركوك پەناگەمان نییە و ناچارین رەوانەی هەولێر و سلێمانیان بكەین".
ئەوەش لەكاتێكدایە چەند ساڵێكە حكومەتی خۆجێی كەركوك جەختدەكاتەوە لە كردنەوەی پەناگەیەكی تایبەت بە ژنانی هەڕەشەلێكراو لە چوارچێوەی كارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگاكە.
ئینتیسار كەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك لە تشرینی یەكەمی 2022دا دەڵێت بەمزووانە پەناگەیەك بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو دەكرێتەوە.
عامر نورى شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر كەیسێكی لەو جۆرە كە دێتە لای ئێمە رەوانەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی دەكەین، ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، كێشەی بەردەممان ئەوەیە نەمانتوانیوە جارێ هیچ ژنێكی هەڕەشەلێكراو لە شەڵتەرەی خۆمان وەربگرین، هەرچەندە بینا و پێداویستییەكانی تەواوبووە، بەڵام هەندێك ئیجرائات و رۆتین ماوە و ناتوانین كەیس وەربگرین".
"پۆلیسی كۆمەڵگەیی زۆركات هەوڵدەدات كێشەكان بەشێوەیەكی عەشایەری چارەسەر بكات، چونكە ئەگەر بدرێنە دادگا كێشەكان قورستر دەكەونەوە لەسەر خێزانەكانیان، بۆ نمونە ئەگەر ئافرەتێك لە ماڵ رابكات و پیاو یان باوكەكەی دەستگیربكرێت ئەوە وەكو ئابڕۆچون سەیردەكرێت و چارەسەری زۆر قورس دەبێت"، لەبارەی چارەسەر بەرلەوەی بچنە دادگا، وتی "بەڵێننامەیان پێ پڕدەكەینەوە كە تیایدا بەڵێن دەدەن توندوتیژ نەبن بەرامبەر كچ یان هاوژینەكانیان".
ئەگەر بدرێنە دادگا كێشەكان قورستر دەكەونەوە لەسەر خێزانەكانیان
لەبارەی سەلامەتی گیانیان كە بۆ جارێكی تر دەگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، وتی "بەردەوام چاودێرییان دەكەین، هەندێك رێكاری تریشمان هەیە بۆ ئەوەی لەهەر حاڵەتێكی نەخوازراودا خێرا فریایان بكەوین".
شەیما محەمەد (26ساڵ)، ژنێكی ترە كە ماڵی لەژێر هەڕەشەی هاوژینەكەیدا بەجێهێشتووە، ئەو تەمەنی 18 ساڵ بوو كاتێك باوكی بە زۆر بەشویداوە، ئێستا دوو منداڵی هەیە و لە یەكێك لە شەڵتەرەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراوە، دوای ئەوەی مانگی شوباتی ئەمساڵ ماڵی بەجێهێشت.
شەیما بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵی یەكەم، ژیانم لەگەڵ هاوژینەكەم زۆر باشبوو، بەڵام وردە وردە هەڵسوكەوتی بەرامبەرم دەگۆڕا، لێیدەدام و سوكایەتی پێدەكردم"، زیاتر وتی "لەبەرئەوەی دایكی خۆم نەمابوو، نەمدەویست بچمەوە ماڵی باوكم و لای باوەژنم، بۆیە هەموو توندوتیژییەكانم قبوڵدەكرد... نەمدەویست خەڵك بە كێشەكانمان بزانێت و دەنگمان بەرزبێتەوە، باوك و براكەشم بێدەنگ بون".
هاوژینەكەی شەیما كرێكارە و لە خانوی كرێدا ژیاون، وەك شەیما دەڵێت "ئەو پارەیەی دەستی دەكەوت بە مەشروبی دەدا و بە سەرخۆشی دەگەڕایەوە ماڵ و لە خۆم و منداڵەكانی دەدا... زۆركات لەگەڵ خاوەنی خانووەكە دەبووە شەڕیان و دەردەكران".
لە سەرەتاكانی ئەمساڵ پەیوەندییەكانی ئەو دوو هاوژینە خراپتر بون، كاتێك هاوژینەكەی بە شەیمای وتووە تەڵاق وەربگرە و لەگەڵ هەر دوو منداڵەكەت بڕۆرەوە ماڵی باوكت. هەربۆیە شەیما چۆتەوە ماڵی باوكی، بەڵام وتی "مێردەكەم هەڕەشەی لێكردم و دەیوت دەبێت بگەڕێیتەوە". بەگشتی شەیما دەڵێت هەشت جار تۆراوە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوكی، دواینجار باوكی كە تەمەنێكی هەیە و لەگەڵ باوەژنەكەی "وتویانە چیتر مەیەرەوە".
لە مانگی شوباتی ئەمساڵ كاتێك "سەعات سێی شەو مێردەكەم بە سەرخۆشی گەڕایەوە ماڵ، چەقۆی خستەسەرم و وتی دەتكوژم، منیش بەرەبەیانێكی زوو دەستی منداڵەكانم گرت و بەدزییەوە ماڵم بەجێهێشت".
چەقۆی خستەسەرم و وتی دەتكوژم، منیش بەرەبەیانێكی زوو دەستی منداڵەكانم گرت و بەدزییەوە ماڵم بەجێهێشت
شەیما و منداڵەكانی لەڕێی پۆلیس و رێكخراوەكانی بەرگریی لە مافی ژنان رەوانەی شەڵتەرێكی هەرێمی كوردستان كران و ئێستا لەوێ دەژین. بەڵام هێشتا ئاسۆی ژیانیان رون نییە.
شەیما سكاڵای لە دژی هاوژینەكەی تۆماركرد و دوای یەك مانگ زیندانیكردن بە كەفالەت ئازادكرا.
سرود ئەحمەد وتی "كێشەكە ئەوەیە هەندێك لەو ژنە هەڕەشەلێكراوانەی ماڵ بەجێدەهێڵن كاتێك دەگەڕێنەوە ماڵ توندوتیژى زیاتریان بەرانبەر دەکرێتەوە و وەكو پێشوو قبوڵیان ناكەن، بە پێچەوانەوە هەڵسوکەوت و مامەڵەكە خراپتر دەبێت".
هەندێك لەو ژنە هەڕەشەلێكراوانەی ماڵ بەجێدەهێڵن كاتێك دەگەڕێنەوە ماڵ توندوتیژى زیاتریان بەرانبەر دەکرێتەوە
"چارەسەر ئەوەیە خێزانەکان ئازادییەكی زۆر بە منداڵەكانیان نەدەن، زۆریش لەماڵەوە زیندانیان نەكەن، دەبێت بەكارهێنانی سۆسیال میدیا سنورداربكرێت، هاوسەرەكان گرنگی بە یەكتر و منداڵەكانیان بدەن و كات بۆ یەكتر تەرخان بكەن"، سرود وایوت.
نەبونی شەڵتەر لە كەركوك كاری رێكخراو و دامەزراوە فەرمییەكانی كەركوكی قورس كردووە، وەك سرود دەڵێت "ئەگەر لە شارەكەی خۆمان شێڵتەر هەبێت، دەتوانرێت بە گفتوگۆ كێشەكان باشتر چارەسەر بكرێن، نەوەك لە شارێكی تر بێت و بواری گفتوگۆ لەنێوان كەیسەكە و دایك و باوكی یان هاوژینەكەی كەمبێتەوە".
رێكخراوەكەی سرود لەپاڵ دابینكردنی پارێزەر بۆ كەیسەكان، توێژەری دەرونی و كۆمەڵایەتی-شیان بۆ دابینكردون. هەموو ئەوانەش بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر ببن و لە شەڵتەردا نەمێننەوە.
شۆخان عومەر، توێژەرى کۆمەڵایەتى – كار لەسەر ئەو كەیسانە دەكات-، وتی كە ئەو 18 كچ و ژنەی ماڵیان بەجێهێشتووە ئەوانە كەیسی تۆماركراون، دەیان كەیسی تر هەن كە رەنگە هەر باس نەكرێن، یان لای پۆلیس و دادگا بن.
"بەپێی ئەوەی خۆم لە بوارەكەدا كاردەكەم، پێموابێت ئەمساڵ كەیسی بەجێهێشتنی ماڵ لەژێر هەڕەشەدا زیاتر بووە"، شۆخان وتی "خیانەتی هاوسەرگیری، پەیوەندی خۆشەویستی، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هۆكارە سەرەكییەكانن".
خیانەتی هاوسەرگیری، پەیوەندی خۆشەویستی، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هۆكارە سەرەكییەكانن
لە كۆی ئەو 18 كەیسەی لە رێكخراوی ئەمەل تۆماركراون، شەش كەیسیان لە تەمەنی 15 بۆ 20 ساڵانن. 10 كەیسیان ئامادەنەبون بگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان و رەوانەی شێڵتەر كراون تا چارەسەركردنی كێشەكە.
شۆخان وتی "هەندێك لە دایكان و باوكان هەست بە لێپرسراوێتی دەكەن، كاتێك دەزانن كێشەیەك روبەڕوی خێزانەكانیان بۆتەوە، خۆیان پەیوەندی دەكەن و داوای هاوكاریی دەكەن بۆ ئەوەی ئەوەی كێشەكانیان بۆ چارەسەربێت".
ئیمان ئەو كچە 14 ساڵەی ئێستا لە یەكێك لە شەڵتەرەكانی هەرێمی كوردستانە، سەرەڕای گفتوگۆی بەردەوام ئامادەنییە بگەڕێتەوە ناو خێزانەكەی، بەتایبەت دوای ئەوەی سكاڵای لەسەر باوكی تۆماركرد و بۆ ماوەیەك دەستگیركرا.
"رێكخراوێك هەوڵدەدەن كێشەكەم چارەسەر بكات و بمگەڕێنێتەوە لای باوكم، باوكم وتویەتی رازیم بگەڕێتەوە، بەڵام من دەترسم بمكوژێت"، ئیمان وایوت.
تێبینی: هەردوو ناوی ئیمان و شەیما خوازراون لەسەر داوای خۆیان