رۆژانە لە قەزای داقوقەوە، دەیان تۆن ماسی بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ رەوانەی بازاڕەكانی بەغدای پایتەخت دەكرێن، ئەوەش بەهۆی نزیكبونەوەی وادەی روخاندنی حەوزەكانی بەخێوكردنیان.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، هەموو رۆژێك زیاتر لە 60 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر (دوو تۆن)، لە نزیك فەرمانگەی ڤێتێرنەری ناوەندی قەزای داقوق (باشوری كەركوك) بە باری پڕ لە ماسی حەوزەكانەوە رادەوەستن تا نوسراوی رێگەپێدانیان بۆ بكرێت و بە بازگەكاندا تێپەڕبن.
"ماسى داقوق رەواجێكی باشی لە شارەكانی عیراق هەیە، بۆیە رۆژانە نزیكەی 40 تۆن هەناردە دەكەین، بە تایبەت بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان" شێرزاد نەوزاد، خاوەنی حەوزی ماسی لە داقوق بۆ (كەركوك ناو) وای وت، دوای نیگەرانییەكانی دەربارەی چاوەڕوانی رۆژانەی زیاتر لە سێ كاتژمێر تەنیا بۆ ئەوەی نوسراوی رێگەپێدانیان بۆ بكرێت.
نرخی یەك كیلۆ ماسی داقوق لە بازاڕەكاندا زیاتر لە شەش هەزار دینارە، بەڵام ئێستا لە حەوزەكانەوە تا بەغدا، بە تێچوی هاتوچۆوە كیلۆی تەنیا بە چوار تا چوار هەزار و 500 دینار دەفرۆشن، ئەوەش بە ناچاری و پێش ئەوەی حەوزەكانیان بڕوخێنرێت، كە وایكردووە بەشێكیشیان بەهۆی گەورەنەبونی ماسییەكانیانەوە ناتوانن لە بازاڕدا ساغی بكەنەوە.
بورهان ئيبراهيم، خاوەنی حەوزی ماسی، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێستا ماسی رەوانەی هەرێمی كوردستان ناكەین، چونكە لەوێ ماسی خوار كێشی دوو كیلۆ ناكڕن، تەنیا ماسی هەناردەی بەغدا دەكەین بەهۆی نزیكبونەوەی وادەی روخاندنی حەوزەكانمانەوە".
بەپێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەكانی ئاوی كەركوك، دوو وادەی جیاواز بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی روخاندنی حەوزەكانی ماسی دانراوە؛ یەكێكیان لە 15ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵە بۆ ئەو حەوزانەی لەسەر پرۆژەی ئاون یان لەسەر بیری ئاون لە سنوری پڕۆژەی ئاوەكەدا، ئەویتریان مۆڵەتی تا 31ـی كانونی یەكەمی 2023ـیان پێدراوە و حەوزەكانی دەرەوەی سنوری پڕۆژەی ئاوی قەزاكە دەگرێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدا بە رۆژێك پێش ئەو بڕیارەی سەرچاوەكانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك، لە نوسراوێكدا روخاندنی حەوزەكانی ماسی راگرتبوو كە پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.
سێ مانگ پێش وادەی خۆی ماسییەكان دەفرۆشین و دەبێتە زیان بۆ خاوەنی حەوزەكان
عيماد رەحمەتوڵڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوەكانى ئاوى داقوق بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە "راستەوخۆ دەست بە روخاندنی حەوزەكانی ماسی دەكرێت و بەشێكیش لە حەوزەكان روخاندنیان دەكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ".
هەڵمەتی تێكدان و تەختكردنی حەوزەكانی ماسی لەسەر پرۆژەی ئاوی داقوق چەند مانگێك لەمەوبەر دەستیپێكرد، تائێستا 100 حەوزیان لەناوبردووە بە پاساوی كەمبونەوەی ئاو و لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا، دواتر پرۆسەكە لە ئابی ئەمساڵدا بە كاتی راگیرا.
"لەبەر بڕیاری روخاندنی حەوزەكان، سێ مانگ پێش وادەی خۆی ماسییەكان دەفرۆشین و دەبێتە زیان بۆ خاوەنی حەوزەكان، سەرباری ئەوەش رۆژانە چاوەڕێی نوسراوێكی رێگەپێدان دەكەین تا ماسی ببەین بۆ بەغدا و ئەگەر ئەو رۆژە نوسراوەكە نەكرێت، بە ناچاری دەبێت ماسییەكە دوبارە لە ئۆتۆمبێلەكانەوە بۆ ناو حەوزەكان بەتاڵ بكەینەوە" بەوتەی ئەحمەد بەهجەت بۆ (كەركوك ناو)، یەكێك لەوانەی ماسی بۆ بەغدا دەبات.
ماسى داقوق، كە زۆرینەی لە شاری حلە -مەڵبەندی پارێزگای بابل-ـەوە هاوردەی كەركوك دەكرێن تا بەخێو بكرێن، خواستى بازاڕی لەسەرە و نرخی هەر كیلۆیەك لە ساڵی 2022ـدا گەیشتە 11 هەزار دیناری عیراقی، ئەوەش بەرزترین نرخ بوو لە 10 ساڵی رابردودا.
ژمارەی حەوزە ماسییەكانی داقوق (44كم باشورى كەركوك) بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكبۆتەوە لە 3000 هەزار حەوز و بژێوی ژیانی هەزاران خێزانیان لەسەرە، كە زۆرینەيان پشت بە بیر و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی قەزاكەش، تەنیا حەوت حەوزیان یاسایین و مۆڵەتیان هەیە.
بڕیاری تێكدان و لەناوبردنی حەوزەكانی ماسی؛ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە دەركراوە بۆ چەندین پارێزگا لە نێویاندا كەركوك، لەچوارچێوەی رێكارەكانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانى ئاو بە هەماهەنگی لەگەڵ ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپا، بۆ نەهێشتنی حەوزی بێ مۆڵەت و بەهۆی "كەمئاوی و بێ بارانی"ـیەوە، بە ئامانجی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزەی كارەبا و ئاوی ژێرزەوی.