دۆسییەكەی كەریم شوكر، پەرلەمانتار و ئەندامی پێشوی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دوزخورماتوو، بە داوای لێبوردن و سوڵحی عەشایەری چارەسەركرا، لەكاتێكدا پێشتر مەلا كەریم و حزبەكەی روداوەكەیان بە "تیرۆر" ناوبرد.
دوای تێپەڕبونی دوو مانگ و 10 رۆژ بەسەر روداوی برینداركردنی گەنجێك لەنێو بینای مەڵبەندی یەكێتی لە دوزخورماتوو و لەلایەن پاسەوانی مەلا كەریم، هەینی 20ی تشرینی یەكەم، بە "سوڵحی عەشایەریی و بە داوای لێبوردن" لە كەسوكاری گەنجە بریندارەكە، دۆسییەكە چارەسەركرا، بەپێی وتەی محەمەد عەلی حسێن، باوكی گەنجە بریندارەكە.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دانیشتنێكی ئاشتەواییدا كۆتاییمان بەو كێشەیە هێنا، ئەوەش لەپێناو پارێزگاریكردن لە پێكەوەژیانی دوزخوماتوو، شارەكە لەوە زیاتر قورسایی ناكۆكییەكان هەڵناگرێت، ئێمە لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و لەپێناو تێكنەچونی شیرازەی ژیانی قەزاكە ئاشتەواییمان راگەیاند".
لە دانیشتنێكی ئاشتەواییدا كۆتاییمان بەو كێشەیە هێنا
"هەمومان كوردین، لەپێناو ئەوەی دۆستەكانمان لێمان زویرنەبن و نەیارەكانمان پێمان شادنەبن، دەستمانكردە ملی یەكتر... بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا بچینە دادگا و هەردولا سازش بۆ یەكتر بكەین و كەیسەكە دابخرێت"، محەمەد عەلی باوكی گەنجە بریندارەكە وایوت.
لە 10ی ئابی رابردوو دوو گەنج لەناو حەوشەی بینای مەڵبەندی یەكێتی لە دوزخورماتوو، نامەیەكیان دایە دەست كەریم شوكر (مەلا كەریم)، بە مەبەستی بانگهێشتكردنی ناوبراو لە كردنەوەی نوسینگەی پەرلەمانتارێكی توركمان لە گەڕەكی كۆماری دوزخورماتوو كە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانەكەی كوردن و محەمەد عەلی باوكی گەنجە بریندارەكە سەرپەرشتی نوسینگەكە دەكات.
نامەكە لەوكاتەدا درایە دەست مەلا كەریم، كە دەیویست بینای مەڵبەند بەجێبهێڵێت. كەریم شوكر لە دوای خوێندنەوەی، نامەكەی دڕاند.
دوای گفتوگۆیەكی كورت مەلا كەریم بە خێرایی بەرەو روی گەنجەكان رۆیشت، لەوكاتەدا كەسێك بە جلی سەربازییەوە كە وادەردەكەوێت پاسەوانی بێت، بە بۆكس دەكەوێتە وێزەی یەكێك لە گەنجەكان، ئەوەش بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە رۆژی دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە.
لەوكاتەدا شڵەژانێك رودەدات و كەریم شوكر بە خێرایی بۆ ناو بینای مەڵبەند دەگەڕێتەوە و ئەو كەسەشی بە بۆكس لە گەنجەكەی دەدا، دەمانچە رووە و گەنجەكە بەرزدەكاتەوە.
لە دیوێكی تری گرتە ڤیدیۆیەكەدا كاتێك گەنجەكان بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكەیان - هەر لەناو حەوشەی مەڵبەند راگیراوە- دەگەڕێنەوە، دەردەكەوێت یەكیكیان دەمانچەی پێیە و رووە و پاسەوانەكان بەرزیكردۆتەوە، لەوكاتەدا گولـلەیەك بەر یەكێك لە گەنجەكان دەكەوێت و دەكەوێتە سەر زەوی، پاشان هەڵدەستێتەوە و هەردوو گەنجەكە دەچنە ناو ئۆتۆمبێلەكەیان و بینای مەڵبەند بەجێدەهیڵن.
گەنجە بریندارەكە گولـلەیەك بەر سنگی دەكەوێت و بەپەلە گەیەنرایە نەخۆشخانەی دوزخورماتوو، لەوێوە بۆ كەركوك و چارەسەری وەرگرت.
نوسینگەی راگەیاندنی كەریم شوكر، هەر ئەوكات لە راگەیەنراوێكی كورت-دا جەختیكردەوە "هەڤاڵ مەلاکەریم سەلامەتە و لە ھەوڵی تیرۆرکردن لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرین رزگاری بوو". هاوكات میدیای رەسمی یەكێتی-ش روداوەكەی بە روداوێكی "تیرۆر" و هەوڵدان بۆ كوشتنی كەریم شوكر ناوبرد.
مەلا كەریم كردی شایەنی ئەوە نەبوو بەرامبەر بەخۆم و كوڕەكەم بكرێت، بەڵام ئەو زۆر دەرگای كوتا تا بگەینەوە بە یەكتر و دەستی ئاشتەوایی و پەشیمانی درێژكرد
دوای چەند رۆژێك تەقەكەرەكە كە پاسەوانی كەریم شوكر بوو دەستگیركرا و لایەنەكانی نێو كەیسەكە سكاڵایان لە دژی یەكتر تۆماركرد.
محەمەد عەلی حسێن، باوكی گەنجە بریندارەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ بڕە پارەیەكمان لەپێناو ئەو ئاشتەواییە وەرنەگرتووە، بەڕاشکاوانە داواى لێبوردنیان لە خۆم و کوڕەکەم و عەشرەتەکەم كرد، ئێمەش لەسەر داوای عەشیرەتەكەم و پیاوماقوڵانی ناوچەكە داوای لێبوردنەكەمان قبوڵكرد، ئەوان زۆر پەشیمانبون لەو كارەی كردیان".
زیاتر وتی "راستە ئەو كارەی مەلا كەریم كردی شایەنی ئەوە نەبوو بەرامبەر بەخۆم و كوڕەكەم بكرێت، بەڵام ئەو زۆر دەرگای كوتا تا بگەینەوە بە یەكتر و دەستی ئاشتەوایی و پەشیمانی درێژكرد، ئێمەش بڕیارماندا كێشەكە درێژە نەكێشێت، چونكە لەڕاستیدا زیانی بۆ هەردوو بنەماڵەكە هەبوو".
ئاسۆ محەمەد، مامی پاسەوانەكەی مەلا كەریم، بە (كەركوك ناو)ی وت "برازاكەم 20 رۆژ لە زیندان بوو، دواتر بەكەفالەت ئازادكرا، دەستی ئاشتەواییمان درێژكرد و داوای لێبوردنمان كرد و كێشەكە بە رێگای عەشایەری كۆتایی هات... مەرجی هەردولا ئەوە بوو كە لە دانیشتنەكەدا باسی پارە و چەك نەكرێت و هەردولا دەستمان لە ملی یەكتر كرد". وتیشی "لەم چەند رۆژەدا دەچینە دادگا و ساز بۆ یەكتر دەكەین".