سەرۆك جاش و مستەشاری سەردەمی بەعس قاسم تاهیر مستهفا ناسراو بە (قاسم ئاغای كۆیە)، بە بڕیاری دادگایەكی سلێمانی بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا.
دادگاییكردنەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی تشرینی یەكەم، لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/2 بەڕێوەچوو، ئەوەش لە دانیشتنێكی نائامادەییدا و لەسەر سکاڵای كەسوكاری پێشمەرگەیەک.
سەرچاوەیەك كە لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا ئامادەبووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆسییەكە بۆ ساڵی 1988 دەگەڕێتەوە، كاتێك قاسم ئاغای كۆیە و جاشەكانی، پێشمەرگەكە بە برینداری بەدیلدەگرن، دواتر پێشمەرگە گیانلەدەستدەدات".
"دادوەر بە پشتبەستن بە سكاڵای كەسوكاری پێشمەرگەكە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تیایدا دەردەكەوێت قاسم ئاغای کۆیە بە یاوەری هێزێکی سوپاس عیراق و ژمارەیەك لە جاشەکانی فەوجەکەی پێشمەرگەیەكیان بەدیلگرتووە، بڕیارەكەی دەركرد"، سەرچاوەكە جەختیكردەوە "دادگا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی و بەهۆی بونی بەڵگەی تەواو لە دژی، هەروەها داواکاری گشتی-یش داوای تاوانبارکردنی کرد و کۆتایی بە دادگایی کردنەكە هات كە سزای زیندانیی هەتاهەتاییە بۆ قاسم ئاغای كۆیە".
هەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا كە تیمی (كەركوك ناو) بینیویەتی و دادوەر وەك بەڵگە بۆ بڕیارەكەی پشتی پێبەستووە، پێشمەرگەیەكی تر كە رون نییە كوژراوە یان بریندارە لەسەر زەوی كەوتووە.
قاسم ئاغا و ئەفسەرێكی سوپای عیراق بە پلەی مقەدەم هەر لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا وتە لە پێشمەرگە بریندارەكە وەردەگرن و داوای ناونیشانی ماڵ و گەڕەك و ئەو لایەنەش دەكەن كە پێشمەرگەكە پەیوەندی پێوەكردون.
قاسم تاهیر مستهفا ئاغا ناسراو بە قاسم ئاغای کۆیە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو فەوجێكی لەلایەن رژێمی پێشوی بەعس، بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن بۆ كرابۆوە و تۆمەتبارە بە هاوكاریكردنی ئەو رژێمە لە پرۆسەی ئەنفال و راگواستنی خەڵكی گوندەكان، كە بەهۆیەوە بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم زیاتر لە 180 هەزار كەس لە پرۆسەی ئەنفالدا لەناوچون.
هەرچەندە لە سەروبەندی راپەڕینی گەلی كورد دژی ئەو رژێمە لە ساڵی 1991دا بەرەی كوردستانی – هێزە كوردییەكان پێكیانهێنابوو- لێبوردنی گشتییان دەرکرد بۆ سەرۆک جاش و موستەشارەكان، بەو مەرجەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام قاسم ئاغا داواكەی رەتكردەوە و تا روخانی رژێمی بەعس لە بەغدا بوو.
لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس، دادگای باڵای تاوانهکانی عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد و لە دادگاكانی كوردستانیش دەیان سكاڵای لەدژ تۆماركرا، بەڵام ناوبراو عیراقی بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێهێشت و شوێنی نیشتەجێبونی ئێستای رون نییە.