لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكدا لە ناحیەی سنونێ، دوو چەكداری یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) گیانیانلەدەستدا و یەكێكی تر برینداربوو. هێشتا رون نییە ئۆتۆمبێلەكە لەلایەن فڕۆكەوە بۆردومانكراوە یان لەڕێی بۆمبەوە تەقێنراوەتەوە.
ئۆتۆمبێلەكە كاتژمێر 10ەو نیوی شەوی رابردوو (13ی تشرینی دووەم)، لە ناوەندی ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال تەقییەوە و سێ چەكداری یەبەشەی تیابوو.
خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئۆتۆمبێلەكە هی هێزەکانی یەبەشەیە كراوەتە ئامانج، جارێ نازانین روداوەکە بەهۆی بوردۆمانی فڕۆكەی تورکیا بووە، یان مین پێیدا تەقیوەتەوە، دەزگا پەیوەندیدارەكان لەو بارەیەوە لە لێكۆڵینەوەدان".
"لەکاتی روداوکەدا ئۆتۆمبێلەكە گڕیگرتووە و ئەوانەی تیایدا بونەتە قوربانی تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵاندایە"، خودێدا چوكی وایوت.
هێزەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، بەڵام لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كاردەكەن.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، لەلایەن پێكهاتەكانی قەزای شنگالەوە لە دوای ساڵی 2015 پێكهێنراوە بۆ ئیدارەدانی تەواوی قەزاكە، بەڵام لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دانپێدانراونین.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوته ئامانج هی هێزەکانی یەبەشە بووە، لەو سێ كەسەی ناو ئۆتۆمبێلەكەدا بون، دوانیان گیانیلەدەستداوە...".
ئەو سێ كەسەی ناو ئۆتۆمبێلەكەدا بون، دوانیان گیانیلەدەستداوە
"هێشتا بە تەواوی پشتڕاستنەكراوەتەوە ئایا بە بۆردومانی فڕۆكەی تورکیا بووە یان مینی چێنراو پێیدا تەقیوەتەوە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".
یەبەشەكە كە ناوبەناو لە شنگال دەكرێنە ئامانج، لە سەردەمی شەڕی داعش-دا پێكهێنراوە و رۆڵیان هەبوو لە كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای شنگال لە ساڵی 2015دا. لەم ساڵانەی دواییدا بەشێكیان خرانە سەر دەستەی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی فەوجێكدا.
لە 17ی ئەیلولی رابردوو فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی هەمان هێزیان كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ چەكدار گیانیانلەدەستدا.
قهزای شنگال، بهدوری 120کم دهکهوێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییهوه سهر بە پارێزگای نهینهوایه، بهڵام ناوچهیهکی جێناکۆکه له نێوان ههردوو حکومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی کوردستان.