لە رۆژی جۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى (جێنده‌ر)دا لە لوتكه‌ى گۆڕانی كه‌شوهه‌وا (COP28) لە دوبەی، هاوبه‌شییه‌كى نوێ به مه‌به‌ستى پاڵپشتیكردنى ژنان له‌ڕوی ئابوریی و پاراستنى یه‌كسانى جێنده‌ریی راگەیەنرا، بەوپێیە له‌كاتى داڕشتنى ستراتیژى نوێ بۆ بەرەنگاربونەوەی كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا جۆری كۆمەڵایەتی لەبەرچاو دەگیرێت.
هاوبه‌شییه نوێیه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى پلانى جێنده‌ریی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داڕێژراوه كه به‌شێكه له رێككه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان تایبه‌ت به‌گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و 68 وڵات واژۆیان كردووە، بەڵام رون نییە عیراق واژۆی دەكات یان نا.
هاوبەشییەكە بریتییە لە پاره‌داركردنى زیاتری ئه‌و وڵاتانه‌ى كه كارگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وایان له‌سه‌ر زیاتره، لەگەڵ گه‌شه‌دان به توانا كه‌سییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه رۆڵێكى چالاكتریان هه‌بێت له گواستنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌مى وزه‌ى پاك، هەروەها په‌ره‌دان به خوێنده‌واری.
4ى كانونى یه‌كه‌م، بە رۆژی جۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى (جێنده‌ر)دا لە لوتكه‌ى جیهانیی كه‌شوهه‌وا دانرا و ره‌زان خه‌لیفه موباره‌ك، باڵیۆزى باڵاى ده‌ستنیشانكراوى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا له كۆپى 28 هاوبه‌شییه‌كه‌ى راگه‌یاند.
سیما به‌حوس، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاژانسى ژنان سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، لە وته‌یه‌كیدا وتی "مافى ژنان پێویسته له چه‌قى بابه‌تى داڕاشتنه‌وه‌ى ستراتیژى بەرەنگاربونەوەی كه‌شوهه‌وادا جێگه‌ى بكرێته‌وه، به‌تایبه‌ت لێره له لوتكه‌ى كه‌شوهه‌وادا. پێویسته دڵنیابینه‌وه له به‌شدارى كاریگه‌ریی ژنان له‌و گفتوگۆیانه‌ى كه بڕیارى ستراتیژى تێدا ده‌درێت، چونكه تەنیا 0.01٪ى ئه‌و ستراتیژانه‌ى ئێستا هه‌ن پاڵپشتى به‌ره‌وپێشپردنى رۆڵى ژن ده‌كه‌ن له بەرەنگاربونەوەی كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهەوا".
مافى ژنان پێویسته له چه‌قى بابه‌تى داڕاشتنه‌وه‌ى ستراتیژى بەرەنگاربونەوەی كه‌شوهه‌وادا جێگه‌ى بكرێته‌وه،
هلاریى كیلنتن، وه‌زیرى پێشوترى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا وتى "ئه‌مه یه‌كه‌مین لوتكه‌ى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وایه كه به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى كاربكات له‌سه‌ر بابه‌تى جێنده‌ر و ته‌ندروستى، ئه‌مەش مایه‌ى دڵخۆشییه، به‌ڵام نابێت له‌بیرمانبچێت كه چه‌ندین كار ماوه كه ئێمه پێویسته بكه‌ین. پێموایه ئێستا كاتى ئه‌وه‌یە كاردانه‌وه‌مان هه‌بێت و كاربكه‌ین له‌پێناو یه‌كسانى ره‌گه‌زیی".
هلاریى كیلنتن له میانى گفتوگۆیه‌كیدا له په‌راوێزى مه‌راسیمه‌كه له‌گه‌ڵ ئاهەنگ حەبیب، نێردراوی (كەركوك ناو)، وتی "پێویسته به‌رده‌وامبین له‌و كارانه‌ى كه كردومانه و نه‌وه‌ستین و كاری زیاتر بكه‌ین، چونكه ئامانجى ئێمه گه‌وره‌یه و به‌دیهێنانى هه‌وڵى ده‌وێت".
به‌پێى نوێترین ئامارى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كرێكاران (ILO)، "له ئێستادا رێژه‌ى 40٪ى ته‌واوى هێزى كارى جیهان كە دەكاتە 1.2 ملیار هەلی كار به‌هۆى كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا له مه‌ترسیدان"، هەروەها هاتووە "لەوەشدا ژنان قوربانى یه‌كه‌مى له‌ناوچونى ئه‌م هێزى كارانه ده‌بن له داهاتودا، چونكه زۆرینه‌ى ئه‌و سێكته‌رانه‌ى كه له مه‌ترسیدان كرێكاره‌كانیان ژنن".
چاوەڕواندەكرێت چەندین وڵاتی تر، لە ماوەی لوتكه‌ى جیهانیی كه‌شوهه‌وا-دا هاوبەشییەكە بە مه‌به‌ستى پاڵپشتیكردنى ژنان واژۆبكەن و بڕیارە ئەوانەی واۆژی دەكەن لە ماوەی سێ ساڵى داهاتودا تەواوی نه‌خشه‌ڕێكانى جێبه‌جێ بكه‌ن و لە لوتكه‌ى جیهانى كه‌شوهه‌وا (كۆپ 31) پێداچونەوەی پێدابكرێت و نوێبكرێتەوە.
تێبینی: ئه‌م راپۆرتە به‌شێكه له‌و به‌رهه‌مه میدیاییانه‌ى كه (كه‌ركوك ناو) له چوارچێوەی بەشداریكردنی لە زەمالەی (هاوبه‌شى میدیایی تایبه‌ت به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا ناسراو به (CCMP) به‌رهه‌میانده‌هێنێت. زەمالەكە به هاوبه‌شى تۆڕى رۆژنامه‌وانى زه‌وى و سه‌نته‌رى ستانلى ئه‌مریكى پشتگیریی دەكرێت.